March 11, 2004
هه‌ندێ جار هه‌سته‌كان له ڕووبارێك ده‌چن كه به نهڕمی به سه‌ر سنگی زه‌ویدا ده‌خشێن و تێده‌په‌ڕێن. ده‌ڕۆن به‌لام جێ پێیان ده‌مێنێت. كۆتایی نایه‌ت. هه‌ندێ جار تۆش ده‌گه‌ڵ ئه‌و ڕووباره، پێ په‌تی به سه‌ر چیمه‌نه ته‌ڕه‌كانی قهراغدا ده‌ڕۆیی و خۆت دهسپێرییه ساته‌كان وا وه‌ك سێبه‌رێكی ته‌ر به ته‌نیشتا تێده‌په‌ڕن. كه ماندووش بیت، كه توڕه‌ش بیت، كه ته‌نیایی وه‌ک ته‌مێكی تاڵ بڕژێته ناو دهمارهكانیشتهوه، به‌سه ئه‌گه‌ر وه‌ك ماسییه‌كی بچووكی بزۆز بكهوییه مه‌له و ده‌گه‌ڵ هه‌نگاوه نه‌رمه‌كانی ڕووبار سه‌ر به هه‌موو كه‌لێن و قوژبنه‌كانی بیره‌وه‌رییه‌كاندا بكه‌یی و له ڕۆیشتن نه‌وه‌ستیت ... و بزانی و ده‌زانیی كه تا هه‌یی، هه‌یه و تا ئه‌م ڕێگه‌یه‌ت له پێشه، ئه‌م ڕووباره‌ش ده‌گه‌ڵته و جارنا به مێهره‌بانی دایكێك تۆزی ته‌می ماندوویت له ڕوو ده‌شواته‌وه ... هه‌ندێ جار هه‌سته‌كان له ڕووبارێك ده‌چن كه له باوه‌شی سه‌وزی چیمه‌ندا به ئارامی ڕێگه ده‌بڕن و تۆش ده‌گه‌ڵ خۆیان ده‌به‌ن و ئارامیت پێ ده‌به‌خشن. تۆش ئه‌وه‌نده ئارامیت كه نه بیر له تێپه‌ربوونی زه‌مان ده‌كه‌یته‌وه و نه دڵه‌كوته‌ی گه‌رانه‌وه‌ت هه‌یه و نه ترسی دره‌نگ بوون داگیرت ده‌كات و نه هه‌وڵی له خۆ دوور بوونه‌وه، ئۆقره‌ت لێ ده‌بڕن! تۆش تێده‌په‌ڕیت و خۆ دهسپێرییه بێدهنگییهكان ... *** دانیشتووم و بیر له مه‌وداكان ده‌كه‌مه‌وه. مه‌وداكان كه به ده‌ستی خۆمان سازمان كرد، مه‌وداكان كه سازكران! دانیشتووم و بیرده‌كه‌مه‌وه له نههاتنهكانی تـــــــۆ، له نهڕۆیشتنهكانی خۆم! له‌و ڕۆژانه‌ی هێشتا نه‌هاتوون و ناڕۆن، له‌رۆژانه‌ی چوون و هه‌ر دێنه‌وه بیرم تا من تاوانی شێتانه خۆشویستنهكانی خۆم بده‌مه‌وه! ئه‌و ڕۆژانه‌ی هاتن و دێن و من به‌تاڵم له هه‌موو چاوه‌روانییه‌ك! وه‌ك بڵێی ئیتر هیچ نه‌ماوه بمه‌وێت! ڕاستیت ده‌وێت هێشتا هه‌ر ماندووم، ماندووم له سه‌مای سێبه‌ره سڕه‌كانی سه‌ر ڕێم كه سه‌رم لێ ده‌شێوێنن و ...! ماندووم له نه‌هاتنی تـــــــۆ، له نه‌ڕۆیشتنی خۆم، له‌و ڕۆژانه‌ی هه‌ر نایــهن، نایـــهن، نایـــهن، له‌و ڕۆژانه‌ی ڕۆیشتوون و هه‌ر خۆیانم وه‌بیر دێننه‌وه. **** " ئازارت نه‌دام ... ته‌نیا چاوه‌رێت ڕاگرتم " |