Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

March 19, 2004

له ژێر تینی تیشكی خۆری ئه‌مڕۆ، نازانم چۆن بوو بیرم چوو بۆ لای كچێكی كوێر كه سه‌رپه‌نجه‌ی به نه‌رمی به سه‌ر ساعه‌تی ده‌ستیی دادێنا، له خۆم پرسی بڵێی ئه‌ویش وه‌ک من له تێپه‌ربوونی كات تێبگات و هه‌ستیی پێبكات؟ حه‌زم كرد به سه‌رپه‌نجه‌كانم قژتم شێواندبا و بیرم كه‌وته‌وه ئه‌گه‌ر هیچ عه‌ترێكیش له خۆت نه‌ده‌یی، بۆن و گه‌رمای له‌شت شتێكی‌تره! ده‌با ئه‌و شه‌وه كه به‌ره‌و وێستگه‌ی قه‌تار ڕێكه‌وتین و باران ده‌باریی، پێم گوتبایی با ئیتر چی‌تر پێكه‌وه بوونه‌كانمان وه‌دواوه نه‌خه‌ین و له‌مه زیاتر بێ‌یه‌ك نه‌بین... حه‌ز ده‌كه‌م پێت بڵێم وه‌ره با ڕۆژێكی، ئاوابوونی خۆر پێكه‌وه چاو لێبكه‌ین و ... نازانم بۆ، دیسان هیچم نه‌وت!

ده‌زانی، حه‌‌زم ده‌كرد ئێستا له لایی گۆمه‌كه‌ی خۆمان باین كه جارنا، سه‌وز ده‌نوێنێت. سه‌وز سه‌وز. ده‌مه‌و كازێوه بایه و سه‌مای تیشكی خۆری به‌یانی له سه‌ر ئاو، له داوی خستبام و منیش داوێنی كراسه‌كه‌م هه‌ڵكێشابا و په‌نجه‌ی پێم نابایه‌ ناو ئاو و فێنكایی ڕژابایه ناو ده‌ماره‌كانمه‌وه و مچوركێك به له‌شما هاتبا و تۆ له پشته‌وه‌را له ئامێزت گرتبام و بۆنت به قژمه‌وه كردبا و نه‌رمه‌ی گوێم ماچ كردبام و وتبات: "من لێره‌م. هاتووم تا بمێنمه‌وه!"

كه‌مێك سه‌یره، نازانم بــــــــــۆ دیواره‌كان هه‌موو زۆر به‌رزن و كۆتایی هه‌موو كۆڵانه‌كان ده‌گاته هیچكوێ! كه‌ی ده‌ستمان له خه‌و بینین هه‌ڵگرت؟ و ... كه‌مێك سه‌یره، هه‌ر نازانم كه‌ی بڕیارماندا گه‌وره بین!

زۆریشم بیر لێكرده‌وه، ڕاستیت ده‌وێت فه‌رقی نییه من لێره باسی كێشه‌كانی ژیانم وه‌ك ژن بكه‌م یان وه‌ك مرۆڤێكی كورد بۆ بستێك خاك بناڵم، فه‌رق ناكات ئه‌گه‌ر له باران بدوێم یان تاسه‌ی بۆنی به‌هار و درێژ بوونه‌وه‌ی وه‌رزی سه‌رما، فه‌رقی نییه ئه‌گه‌ر باسی نه‌برانه‌وه‌ی شه‌وه بێ‌خه‌وه‌كان بكه‌م یان ڕۆژه خه‌والووه‌كان كه وه‌ك سێبه‌ر تێده‌پڕن و من هه‌ندێ جار ده‌نگیی پێیان نابیستم. باوه‌ركه فه‌رق ناكات ئه‌گه‌ر من لێره سروودی "ئه‌ی ره‌قیب" دانێم یان شێعره‌كانی پابلۆ، له كێشه‌كانی خۆم ده‌گه‌ل خۆم بنووسم یان له دۆزینه‌وه‌ی له‌ته بزربووه‌كانی ڕوحم، فه‌رق ناكات ئه‌گه‌ر من به‌دوای خۆمدا بگه‌رێم یان چاوه‌رێی هاتنی تۆ بم، فه‌رقی نییه ئه‌گه‌ر سه‌رپه‌نجه سڕه‌كانم له‌ناو ده‌سته‌كانی تۆدا گه‌رم ده‌بنه‌وه یان له باوه‌ش خه‌یاڵتدا ...

چ فه‌رق ده‌كات چی بنووسم كاتێ، له پشت هه‌موو وشه‌كان، له په‌نا هه‌موو ساته‌كان، له ناو هه‌موو هه‌سته‌كان و هه‌ناسه‌كان، خۆ تۆیی هه‌ر تێدایه ...

ناتوانم باسی ئه‌و دووباره بوونه‌وه بكه‌م، ناتوانم بڵێم چۆن بوو، چی بوو! دوایی ئه‌و هه‌موو سات و ئه‌و هه‌موو ڕۆژه كه پڕ بوون له نه‌بوون و نه‌دیتن، دوایی ژماردنی چركه‌كان بۆ دووباره بوونه‌وه، هه‌م نامۆییه‌كان دیار بوون كه وه‌ك تارایه‌كی ته‌نك، تارمایی خستبوو سه‌ر هه‌ندێ شت، و هه‌میش ده‌تگوت دونیا له لاوه وه‌ستاوه تا من دیسان هه‌موو ساته بێ‌تۆ تێپه‌ر بووه‌كان، له‌باوه‌شتدا بژیمه‌وه و مه‌وداكان بسڕمه‌وه ...

به‌هارێكی‌تر لێره‌یه‌، كه‌وتوومه‌ته‌ خه‌و بینین. بڵێی ئه‌و به‌هاره هه‌مان به‌هاربێت كه من هه‌زار ساڵه چاوه‌ڕێی ده‌كه‌م!؟ "له‌وه‌تی هه‌م خه‌و ده‌بینم"، نا، هێشتا ماندوو نه‌بووم، به‌س جارنا تاقه‌تم نامێنێت. ده‌لێم خاك ده‌گه‌ڵ ‌خاك هیچ فه‌رقێكی نییه، بستێك خاک كه بۆنێكی ئاشنایی لێبێت! چ لێره بێت و چ له‌وێ! جارنا، وه‌بیرم دێته‌وه ئێره گوڵاله‌ سووره‌ی لێ نییه، یاسیی نییه، گوڵه‌باخی نییه، گوڵه گه‌زیزه‌ی نییه، وه‌بیرم دێته‌وه گوڵه‌كانیی، خاكه‌که‌یی هیچ بۆنیان نییه، وه‌بیرم دێته‌وه "ئه‌ستێره‌كانی دونیای هه‌‌نده‌ران قه‌ت له ئه‌ستێره‌ی كوردستان ناچن" ..

هه‌ر لێی گه‌رێ، خۆشم نازانم ده‌بێت چیم بوێت! سه‌رم لێشێواوه! ئێره یان ئه‌وێ ...؟ له بۆنی خوێن ماندووم. له خاكی سوور ماندووم. خاك ده‌بێت سه‌وز بێت! ڕه‌نگی سوور له گوڵاله سووره‌كان جوانه، ڕه‌‌نگی سوور بۆ سه‌ر گۆنای کچ و كوڕی تازه پێگه‌یشتوو جوانه، ئه‌و ده‌مه‌ی بۆ یه‌كه‌مجار دڵداریی ده‌كه‌ن، ڕه‌نگی سوور بۆ لێوی كیژانی لاو جوانه ئه‌وده‌مه‌ی به‌ره‌و ژوان ده‌چن ....

به‌هــــــــــــار لێره‌یه، ئه‌رێ به‌ڕاست ده‌زانیی، من تـــــــــــۆم قه‌ت، به به‌هار نه‌دیوه؟

****


ئه‌و به‌هاره‌ی خه‌وی پێوه ده‌بینم ...





www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------