Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

April 30, 2004

ده‌ڵێـــــم ده‌زانی، چ ده‌بوو ئه‌گه‌ر پێش مردن، ده‌رفه‌تێك ده‌درا به هه‌ر كه‌سێك كه یه‌ك یان دوو ڕۆژ له ژیانیدا بگه‌رێته‌وه ڕابردوو. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه من، بۆ نموونه توانیبام هه‌ر به‌و زانیارییانه‌ی ئێستای ژیانم و ئه‌و شتانه‌ی كه ته‌جره‌به‌م كردووه و به‌و ناسینه‌ی كه له خۆم و له ویسته‌كانم به‌ده‌ستم هێناوه، ده‌رفه‌تێكم پێدرابا گه‌رابامه‌وه پاشه‌وه‌ تا هه‌ڵه‌یه‌ك كه كردوومه، قه‌ره‌بوو كه‌مه‌وه، یان ئه‌گه‌ر ئێستا پێموایه ده‌با ئه‌وكات كارێكم كردبا و نه‌‌مكردووه، شانسی وه‌م پێبدرێت كه بیكه‌م. باش كه بیری لێ ده‌كه‌مه‌وه به‌ڕاست پێم به شتێكی خراپ نییه، ها! هه‌رچه‌نده دڵنیام ساغ بوونه‌وه زۆر ئاسان نه‌ده‌بوو. بڕیاردان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه بۆ كام ڕۆژ بگه‌رێیه‌وه و چی بگۆڕیی، ناتوانێت بڕیارێكی زۆر ساكار بێت! ده‌زانی، بیر بكه‌وه، خۆ ئێمه نازانین كه‌ی ده‌مرین، بۆیه نازانین ئه‌و یه‌ک دوو ڕۆژ ده‌رفه‌ته بۆ كه‌ی باشتره به‌كار بێنین. شتێكی‌تریش ئه‌وه‌یه كه قه‌ت ناتوانین دڵنیا بین كه ئیتر كه‌مترخه‌می ناكه‌ین و پێش به هه‌ڵه‌كانمان ده‌گرین. بۆیه هه‌میشه ئه‌و مه‌ترسییه هه‌یه كه له‌وانه‌یه كاتێكی باش بۆ گه‌رانه‌وه هه‌‌ڵنه‌بژێرین. ده‌زانم كه‌مێك شته‌كه تێكه‌ڵ پێكه‌ڵ بوو، به‌لام تۆ ته‌نیا بیر بكه‌وه كه بۆت هه‌یه یه‌ك یان دوو ڕۆژ بگه‌رێیه‌وه ڕابردووت و شتێكی ژیانت بگۆڕیی. شتێك كه ئێستا به دڵت نییه یان لێی په‌شیمانی!

لـــــــــــۆركێ پێم پێده‌كه‌نێت و ده‌لێت:"دوور نییه له ده‌رفه‌تێكی ئاوا شتێكی‌ زۆر سه‌یریان ساز كردبا. له‌وانه‌یه كردبایانه دینێكی تازه یان باسێكی زانستی و پرۆفسۆری لێزان قسه‌یان له‌سه‌ركردبا، له‌وانه‌یه ده‌یان و سه‌دان كتێبیان له‌سه‌ر نووسیبا. له‌وانه‌یه مه‌لا فه‌توایان بۆ دابا. له‌وانه‌یه فیله‌سووفه‌كان قژیان له‌سه‌ر سپی كردبا، یاسا و ڕێسایان بۆ دامه‌زراندبا تا به پێی ئه‌وانه‌وه، مرۆڤ توانیبای ساغ بێته‌وه بزانێت گه‌ره‌كێتی بگه‌رێته‌وه و ئایا شته‌كه بایه‌خی ئه‌و ماندوو بوونه‌ی هه‌یه؟! دوور نییه كردبایانه په‌لێكی تازه‌ی یــــــۆگا و كورسیان بۆ دانابا. یان بووبایه به ئایدۆلۆژیایه‌کی نوێ و حیزبێك پێك هاتبا و سكریتێری گشتی بریاری بۆ ئه‌ندامان دابا كه ئایا بگه‌رێنه‌وه و شتێك بگۆڕن یا نا. یان كردبایانه ژنانه، پیاوانه! له یه‌ک شت دڵنیام مه‌لا كوێره‌كان ئیسته‌خاره‌یان بۆ ده‌گرته‌وه و پێی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بوون."

به‌هه‌ر حال نازانم خه‌ڵكانی‌تر چۆنیان ئه‌و ده‌رفه‌ته به‌كار ده‌هێنا، من ته‌نیا له به‌شی خۆم دڵنیام. ده‌زانم هه‌ڵه‌م یه‌كجار زۆره له ژیانما، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تێكی ئاوام هه‌با، ئه‌گه‌ر توانیبام یه‌ك یان دوو ڕۆژ له ژیانم گه‌رابامه‌وه بۆ ڕابردوو تا شتێك بگۆڕم و هه‌ڵه‌یه‌كم ڕاست كردباوه، دڵنیام ده‌گه‌ڕامه‌وه دوو ڕۆژ پێش ڕۆیشتنه‌وه‌ی تـــــــــــۆ. ده‌گه‌ڕامه‌وه ئێــــــــواره‌ی ڕۆژی هه‌ینی و له تاریكی سالـــۆنی سینه‌ما ده‌ستم ده‌گرتی. ده‌گه‌رامه‌وه پێش نیـــــوه‌ڕۆی ڕۆژی دووشه‌مه و پێــــش ئه‌وه‌ی بــڕۆی، هه‌مـــــــــوو كارێكم ده‌كرد دڵت نه‌شكێت.




www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------