Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

April 29, 2004

قۆڵی كراسه‌كه‌م تا سه‌ر ئانیشک‌ هه‌ڵكردووه، دوو سێ گرێ كه‌وتۆته ناو چاوانم، هه‌موو هۆش و هێزم ڕژاوه‌ته ده‌ستم و وه‌ك بڵێی گرنگترین گرفته و ده‌بێت هه‌ر ئێستا و به باشترین شێوه چاره بكرێت، خه‌ریكم به سیمی قابان، ژێر قابله‌مه‌كانم سپی ده‌كه‌مه‌وه. سه‌یر نییه، ده‌رسم زۆره و كاتم كه‌مه و من، تا شه‌وی پێش ڕۆژی ئاخر ناتوانم دانیشم خه‌ریكی ده‌رسه‌كانم بم و به هه‌موو به‌هانه‌یه‌ك له كتێبه‌كانم هه‌ڵدێم!

"ئه‌و په‌ڵه ڕه‌شانه پاك نابنه‌وه"، خۆم به خۆم ده‌ڵێم و بیرم نازانم چۆن و بۆ كوێ ده‌روا. "چلكی ناو مێشکیش هه‌ر وه‌تر، ده‌ڵێم بریا دونیا، یان ژیان یان مێشكی مرۆڤ له جنسی فافۆن بان، به سیمی قابان وه‌بریقه بریق ده‌كه‌وتنه‌وه"، دیسان خۆمم كه‌وتوومه‌ته خه‌و بینین. "همممم، گیان به گیانیشم بكه‌ن تازه چۆته ناو خوێنم، بۆ سڕێنه‌وه‌ی په‌ڵه‌كانی دونیاش پێموایه ده‌بێت به‌رهڵبێنه‌ی له خۆم ببه‌ستم و قۆڵ هه‌ڵماڵم و به سیمی قابان بكه‌ومه گیانی كۆمه‌ڵگه ... هه‌ی... زمانم لاڵ ..."

نازانم كه‌ی بوو كه‌وتمه بینین، ڕۆژێك سه‌رنجم دا مێتافۆره‌كانیشم له چوارچێوه‌ی چێشخانه‌ و په‌نا گاز و قاب و قابله‌مه ده‌خوولێنه‌وه، ترسه‌كانم ڕژانه ناو مێشكم، باش بوو كه‌س دیار نه‌بوو توانیم به ده‌‌نگی به‌رز بیر بكه‌مه‌وه، كه‌وتمه بیری به‌ڕێزێك كه تا بیستبووی نازانم دۆڵمه‌ی ساز بكه‌م گوتبووی ئه‌ی چۆن نازانێ، بۆ مه‌گه‌ر ژن نییه؟ پێموایه كه‌وتمه سه‌ر ده‌نده‌ی له‌ج و كه‌‌لله ڕه‌قییه‌كانم هه‌ر له‌وێرا ده‌ستی پێكرد، ئه‌و ڕۆژه له‌بیرمه به خۆم گوت ئـــــه‌ی هاوار ئێستا ئه‌گه‌ر ببیستێ من حه‌زم له قاب شووشتنه و پێم خۆشه تاقه مندالێكم هه‌بێت و ئه‌ویش كوڕ بێت، بڵێی ڕازی بێت له چوارچێوه‌ی "ژنایه‌تی" دا، جێم بكاته‌وه؟ دوایش زوو كه‌وتمه‌وه بیری هاورێ توند وتیژه فێمینیسته‌كه‌م كه ئه‌گه‌ر ئه‌مه ببیستێت ده‌ڵێ: چۆن شتی وا ده‌لێت، مه‌گه‌ر تۆش وه‌ك ژنێكی كورد ژێرچه‌پۆكه‌ی ...

بۆیه كه‌مێك سه‌رم لێ شێواوه. ئێستا نازانم چیم! یه‌كێك ده‌ڵێت نازت كه‌مه، كوا ژنایه‌تیت!؟ ئه‌وه‌ی‌تریان ده‌ڵێت نازت زۆره، ژن نابێت نازی هه‌بێت! ئه‌وه‌ی‌تریان لێم توڕه‌یه ده‌‌ڵێت ئه‌گه‌ر پیاوێك گوتی بێنه جانتاكه‌ت هه‌ڵگرم ده‌بێت بیده‌یه‌یی، ده‌نا "پێی ناخۆش" ده‌بێت و "غروری پیاوانه‌ی" بریندار ده‌بێت! ئه‌وه‌ی تر ده‌ڵێت بۆ هینده باسی هه‌ست و خۆشه‌ویستی ده‌که‌ی، ژن ده‌بێت سه‌ربه‌خۆ بێت!!! یه‌کیان ده‌ڵێت پێم سه‌یره پێت خۆشه منداڵه‌که‌ت كوڕ بێت، قه‌ت پێموانه‌بوو وه‌ک ژنێكی كوردی پاشكه‌وتوو بیر بكه‌یه‌وه! هه‌زار تاریف و مانا له "ژن بوون" كراوه و منی هه‌ژار له هیچیان دا خۆم نابینمه‌وه. ئه‌مشه‌و identity crisis زۆر سه‌یر یه‌خه‌ی گرتووم. هیوادارم كه‌س به‌‌مزووانه لێم نه‌پرسێت چیم یان كێم! نازانم چی وڵام بده‌مه‌وه! ... قابله‌مه‌كانیش هه‌ر سپی نابنه‌وه ...

****
هه‌ر له په‌یوه‌ندی ده‌گه‌ڵ هه‌ڵاتن له ده‌رس خوێندنه‌كانمدا، دیسان دانیشتم نامه‌یه‌كی سێزده‌ لاپه‌ره‌ییم نووسی و نازانم بۆ كێی بنێرم ... بیرم كرده‌وه ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌س نه‌بوو، له شووشه‌یه‌کی ده‌خه‌م و به ئاوێی داده‌ده‌م...




www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------