May 3, 2004
ڤۆدكای ڕووسی ده‌خواته‌وه و به ده‌سره‌یه‌كی نه‌رم، ته‌پ و تۆزی تاپۆی نیوه په‌یكه‌ری له‌نین ده‌سڕێته‌وه، له ناو كتێبه‌كانی هه‌رچی تا ئێستا له سه‌ر پێشه‌وا نووسراوه، ده‌بیندرێت و وێنه‌ی زه‌رته‌شت له سه‌ر دیواری ڕووبه‌ڕوو و ئاڵای كوردستان له ژێری، سه‌ر ده‌شێوێنن. ئه‌وه‌ش خۆی دڵخۆشییه‌كه، كه‌وابوو هه‌ر نه‌سلی من نین وا سه‌ر لێشێواون! *** جه‌ماعه‌ت هه‌موو لێره‌ن. مام و خاڵ و پور و كوڕ و كچ و مێرد و منداڵه‌كانیان. من بۆ لێره‌م، نـــــازانم! كه‌مێكی خه‌تای شۆرش بوو و كه‌مێكیش خه‌تای تامی خۆشی دۆڵمه‌کانی دایكیی. جه‌ماعه‌ت زۆرن. سۆران و كرمانج. هه‌موو ڕه‌نگێكی لێیه. زه‌رد و سوور و كه‌سک! په‌یكه‌كان زوو زوو به‌تاڵ ده‌بن و هه‌رچی ئه‌وان سه‌رخۆشتر ده‌بن هه‌ستی كوردایه‌تیان قوڵتر ده‌بێت. به سه‌رخۆشی، ئه‌وه‌ی له هه‌مووان سوورتره، هات و هاواری بۆ كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ زۆرتره! بـــــــــژی ڤۆدكای ڕووسی ... له‌وبه‌رتریش تی‌ڤی پێ كراوه و له ناو كاناڵه كوردییه‌كان نۆره ده‌كردرێت. هه‌ركامیان گۆرانی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، ماوه‌یه‌كی زۆرتری پێده‌درێت! منداڵ هه‌ڵات هه‌ڵاتیانه و كه‌س له‌بیری نییه ساعه‌ت له ده‌ی شه‌و لایداوه و ئه‌وانه هێشتا وه‌خه‌به‌رن. ده‌نگه ده‌نگێكه مه‌پرسه. هه‌موو قسه ده‌كه‌ن، بێ‌ئه‌وه‌ی هیچ بڵێن. هه‌ر من بێده‌نگم! نا، قسه‌یه‌ك نییه! نه‌ك هه‌ر لێره، له كافه تێریاكه‌ی زانكۆش، له سه‌رچه‌مه‌نه‌كانی په‌نا كتێبخانه‌ش و له ناو مێترۆش. هه‌ر وه‌ك بڵێی ماسوولكه‌كانی زار و ده‌وروبه‌ری، هه‌موو جه‌مام بووبێن. زۆربه‌ی وڵامه‌كانم، بزه‌یه‌كی كاڵ و سارده و "ئا" یان " نا"یه‌كی نیوه‌گیان! گولستان هاتووه به سرته پێم ده‌ڵێت:" هه‌موو ده‌لێن ئه‌وه كچه بۆ وا خۆده‌گرێت؟" ، ده‌ڵێم: گولستان، خۆمانین، هه‌موو واده‌ڵێن؟ ده‌ڵێت: نا، به‌ڵام زۆریان! ده‌ڵێم: ده‌گه‌ڵ من كه‌متری حیساب بكه كچێ، زۆربه‌یان وا ده‌ڵێن؟ ده‌ڵێت : ده‌ی باشه تــــــۆش! چه‌نددانه‌یه‌ك پێیان وایه ... ده‌ڵێم: چه‌نددانه‌یه‌ك ... ده‌ی چه‌نددانه‌یان؟ ده‌ڵێت: ژنه‌كه‌ی سۆران و خوشكی ژنه‌که‌ی! ده‌ڵێم: ئــــــــا، ده‌بینی، هه‌موو نه‌بوون، ته‌نانه‌ت زۆربه‌شیان نه‌بوون ... ده‌ڵێت: نازانم من بۆ دێم قسه بۆ تۆ ده‌گێرمه‌وه! خۆ تۆ ... (لێره‌دا گولستان قسه‌یه‌كی "عه‌یبه" ده‌كات) و ده‌رواته‌وه ژووری میوانان تا گوێ بۆ درێژه‌ی قسه و باسه‌كان هه‌ڵخات! و منیش بزه‌یه‌كی سارد به لای چه‌پی لێومه‌وه ده‌مێوێت و زوو به پشتی ده‌ستم ده‌یسڕمه‌وه! فێــــــــــرنابم، به هیچ ئیمانێك فێــــــــرنابم "له ڕه‌گی بێ‌خه‌یاڵی" بده‌م و ماسكێك بگرمه پێش خۆم و ته‌نیا شه‌واوشه‌و لایده‌م تا تۆزی ته‌می ڕوخسارم، به له‌تێك لۆكه و كه‌مێك face-lotion بسڕمه‌وه. ئاوایه كه هه‌ندێ جار ته‌زێك به له‌شما دادێت. بیری ڕووداوه‌كانی ئه‌و ساڵانه‌ی ئاخر سڕم ده‌كات... كاتی وایه كه حه‌ز ده‌كه‌م لێت نزیك ببمه‌وه، نزیكتر له هه‌میشه تا له‌باوه‌شتدا گــه‌رمم كه‌یه‌وه. هێــدی هێــدی له خــۆمدا بتــــوێمه‌وه و ئـــه‌وه‌نده سووك بم كه چی‌تر له سه‌ر زه‌وی نــــه‌مێنم و دوور ببمه‌وه. دوور...دوور. دوور له ژیان و مرۆڤه‌كانی. ئـــــــه‌وه‌نده دوور ببــــمه‌وه كه جگه له تۆ وه‌ك بڵێی زه‌وی و زه‌مان خه‌ویان لێكه‌وتبێت، كه‌س بـــــه‌دی نه‌كه‌م. دوور ببــمه‌وه و له باوه‌شتدا ئــــــۆقــره بگـــــرم و پـڕ‌ببــمه‌وه. ورده ورده پــــــڕ ببـــمه‌وه له بــــاوه‌ڕ. له مه‌تــــــمانه. مه‌تمانه به خۆم، به تۆ، به ژیان، تا ئــارام ئـــارام بگــــه‌رێـمه‌وه و هه‌نــگاوه‌كانم له‌سه‌ر عه‌رزه ڕه‌ق و ڕووته‌كه‌ی خۆمان هـــه‌ڵگرمه‌وه. بــه‌ره‌و كـــــــوێ؟ نــــــــازانم ... به‌س له‌وه دڵنیـــام به‌ڕه‌و هه‌رئاسۆیه‌ك كه بڕۆم به تۆ ده‌گه‌مه‌وه. به تۆ كه به‌رۆكت پڕه له بۆنی بارانی پایزی پار... قسه‌یه‌ك نییه، نه له‌وێ، نه لێره و من له هیچكوێ داده‌نیشم و چاوه‌ڕێ ده‌بم گرێی ئه‌و بوغزه بكرێته‌وه ... ئه‌مشه‌و یان به‌یانی ... |