August 4, 2004
كه ڕۆژ به باوێشكدان خۆی گه‌یانده ئاسۆ، منیش نه زۆر گورج و خێرا، خۆم ده‌گه‌یه‌نمه‌وه ماڵ. هه‌ر له به‌رده‌رگا به نووكی پێ، ئه‌و كۆڵه ڕۆژنامه و كوته كاغه‌زه‌ی هاویشتوویانه‌ته ژوورێ، لاده‌ده‌م، چاوێك له قابه نه‌شۆردراوه‌كان ده‌كه‌م و له‌سه‌ر مێزه شپرزه‌كه‌م كه باوه‌ر ناكه‌م جێی دانانی تاقه ئیسكانێك چایی له سه‌ر په‌ێدا بێت! جانتا سووره‌كه‌م داده‌نێم و هه‌ر وا به كراسه كورته شینه‌که‌مه‌وه به پێش ئاوێنه‌دا تێده‌په‌ڕم و ده‌كه‌ومه سه‌ر سۆفاكه! به خۆم ده‌لێم بریا كه‌سێك تله‌فوونی كردبا. نزیك ده ساعه‌تێك ده‌بێت گوێم له ده‌نگی خۆم نه‌بووه. هه‌ست ده‌كه‌م نیم. له ناو كاناڵه‌كانی تی‌ڤی‌دا ده‌گه‌ڕێم، هیچ! یه‌كه‌م كاناڵی ڕادیۆش كه ده‌كه‌مه‌وه Chris De Burgh به ده‌نگه خۆشه گه‌رمه‌كه‌ی گۆرانی Lady in red ده‌خوێنێت! چۆن و بۆ ئه‌م گۆڕانییه‌م پێ خۆشه، خۆشم نازانم! هیچ بیره‌وه‌رییه‌كم لێی نییه! نه قه‌ت كراسی سوورم هه‌بووه و نه‌قه‌ت هیچ كوڕێك ئه‌و گۆرانییه‌ی پێشكه‌ش كردووم... جارێك نه‌بێت پێش نیوه‌رۆیه‌کی دره‌نگ، پێكه‌وه دانیشتبووین نانی به‌یانیمان ده‌خوارد و ئه‌و گۆرانییه‌مان گوێ لێ گرت! ڕه‌نگه بۆیه... ده‌لێم بڕیا كه‌سێك تله‌فوونی كردبا و هێشتا بیرم نه‌كردۆته‌وه حه‌زم له بیستنی ده‌نگی كێیه، تله‌فوون ده‌نگی دێت و بیر ده‌كه‌مه‌وه بریا هه‌موو بریاكان ئاوا زوو به‌ریان هێنابا ... قسه‌ی قۆڕ! خۆم به خۆم ده‌لێم! من كه له ته‌واوی ژیانما وه‌بیرم نایه دوو شتی كه زۆرم دڵ پێوه بووه هه‌وكات هه‌مبێت، چۆن چاوه‌ڕوانی وه‌ی بكه‌م هه‌م تله‌فوون ده‌نگی بێت و هه‌م كه‌سێك بێت من تاسه‌ی بیستنی ده‌كه‌م! تا من به نه‌قه نه‌ق ده‌گه‌مێ، تله‌فوون بێده‌نگ ده‌بێت! ده‌چمه سه‌ر باڵكۆن. ده‌رگاكه‌ی به جیره جیر پێوه‌ده‌ده‌م، داده‌نیشمه سه‌ر عه‌رز و پاڵ ده‌ده‌مه‌وه. ئاسمان هێشتا شینه. شینێكی خۆڵاوی. ئه‌ستێره دیار نین، نازانم بۆ، له ناكاو ترسێكی تاڵ داگیرم ده‌كات... ده‌ڵێم نه‌كا له‌و دوورانه به‌رخێك، گوڵه سووره‌كه‌ی خواردبێت!؟
Comments:
Post a Comment
|