August 14, 2004
چركه‌ی ساعه‌ته سپییه‌كه‌ی سه‌ر دیوار، له بێده‌نگی ژووره‌كه‌مدا ده‌زرینگێته‌وه. هه‌ر ئه‌ویشه پێمده‌ڵێت:" ئه‌گه‌ر ده‌نگم ده‌بیستی ئه‌وه یانی خۆتی نوقمی بێده‌نگیت! ده‌ڵێت: ده‌زانی ئه‌و چركانه ناگه‌ڕێنه‌وه!؟ زیڕه‌ی مردنی كات ده‌بیستی؟ جێ پێی زه‌مان له‌سه‌ر ڕووخسارت ده‌بینت؟ ئه‌و چین و چروكهی به ئاسپایی ده‌خزێنه ژێر چاوت چی؟" هه‌ڵده‌ستم باترییه‌كانی ده‌ردێنم و بێده‌نگی ده‌كه‌م تا تۆ كه زۆر له‌مێژه هاتووی و له‌ناوڕاست بیره ئاڵۆزهکانمدا ههڵترووشكاوی، ده‌نگم ببیستی! ئه‌گه‌ر كه‌مێك سه‌ر به‌رز كه‌یه‌وه، ڕوانیمان له‌یه‌ك گرێ ده‌درێت و تۆ ده‌توانی سێبه‌ری خۆت له چاوی مندا ببینی! سه‌ر به‌رز ناكه‌یه‌وه و من ده‌زانم له بوونی سێبه‌ره‌كه‌ی خۆت دڵنیای. ده‌مبیستی؟ نازانم... نا، باوه‌ڕ ناكه‌م! بـــــــــــاوهڕ؟ ... همممم، كام باوه‌ڕ؟ ڕادهكشێمه سه‌رپشت، له‌سه‌ر فه‌ڕشه سووره‌كه‌م، په‌نجه‌ره كراوه‌ته‌وه و با، كه‌مێك گه‌رما و كۆڵێك هاژه‌ی ئۆتومبیل و كۆشێك هه‌رای چه‌ند گه‌نجی سه‌رخۆش ده‌گه‌ڵ خۆی دێنێت! ئه‌وان قاقا پێده‌كه‌نن، به‌چی، زۆر گرنگ نییه! هاتوون "ده‌گه‌ڵ شه‌و تا نیوه‌ی ڕێ بڕۆن" و ده‌ڕۆن و تا ناوقه‌دی ڕۆژ بۆی ده‌نوون! ئه‌و دیو ئه‌و دیو ده‌بم، ده‌كه‌ومه سه‌ر لای چه‌پ، گوێ بۆ ده‌نگی دڵم ڕاده‌گرم، دێت و نایه‌ت، ده‌نگی ناناسمه‌وه، وه‌ك ئه‌و ئاخر جاره‌ی تۆم دیت و پێم گوتی ناتناسمه‌وه، ئه‌و هه‌موو غه‌ریبیه بـــــــــــــــــۆ؟ به خۆم ده‌ڵێم " ئه‌گه‌ر وڵام خۆشه‌ویستی بێت، ئه‌ی ده‌بێ پرسیاره‌كه چی بێت؟" خۆم پێم پێده‌كه‌نێت، ده‌ڵێت: مــــــــهرج دۆزینه‌وه‌ی پرسیاره‌كانه، وڵام دانه‌وه یان دیتنه‌وه، قه‌ت كارێكی زۆر دژوار نییه! له‌بیرم بێت له‌بیرم نه‌چێت بیر له پرسیاره نادیاره‌كان بكه‌مه‌وه! هه‌ڵده‌ستمه‌وه! چ تاریكه! ئه‌و هه‌وره تریشقانهی به‌یانی منیان بێخه‌و كرد، له كوێن دڵی تاریكی بدڕێنن؟ له سه‌ر لێواری دۆشهگهكهم داده‌نیشم، چاوم ده‌كه‌وێته وێنه‌کانمان. چ تاڵ! یانی ده‌ته‌وێت ببیت به بیری ناو وێنه‌یه‌ك كه به تێپه‌ڕبوونی زه‌مان زه‌رد هه‌ڵده‌گه‌ڕێت؟ یانی به‌م بیره برشاوییانهی وێنه‌یه‌کی سه‌ر مێزه‌که‌ت وه‌بیرت ده‌خاته‌وه، ڕازیت؟ وه‌ك هه‌موو ئه‌وانه‌ی بۆ تۆ بوون به بیرێكی دوور و ئێستا له‌ناو چوارچێوه‌یه‌کی خۆڵاوی‌دا حه‌پست كردوون تا له‌بیرت نه‌چنه‌وه؟ ئه‌وه خۆمه به‌رۆکی گرتووم: ئه‌ی سه‌ودای بیستنی ده‌نگ چی؟ تكای بۆنی سنگ؟ ده‌ستی ڕاستم ده‌بێته كۆڵه‌كه‌ی لای چه‌پی سنگم ... خه‌ریكه ده‌ڕووخێت! ڕادهكشێمهوه، له‌سه‌ر سنگ، به‌س چركه‌یه‌ك! ... ده‌كه‌ومه لای ڕاست، خۆم گرمۆڵه ده‌كه‌م، هه‌ر دوو ئه‌ژنۆم له باوه‌ش ده‌گرم، هێدی هێدی خۆم ڕاده‌ژێنم، ژانه‌كه‌م كهمكهم وه‌ک بڵێی ژیــــــر ده‌بێته‌وه، نازریكێنێت! خۆت لێره نیت و بیرت له ناو بیره ئاڵۆزهكانما ههڵترووشكاوه. نه ده‌مبینیت و نه دهمبیسیت! منیش خه‌ریكم ملوانكه‌ی پچراوی چیرۆكێک سه‌ر له نوێ ده‌هۆنمه‌وه تا شته‌كان مانایه‌كی دووباره په‌یدا بكه‌نه‌وه .... تۆش پێم ده‌ڵێیت: چ ڕه‌نجێکی بێهــــووده!
Comments:
Post a Comment
|