Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

September 30, 2004

له سه‌ركارم و ژنێک كه ناوی تاڤی‌یه و چل و چه‌ند ساڵێكی ته‌مه‌نه، خه‌ریكه قسه‌ده‌كات. حه‌فده ساڵێک ده‌بێت لێره ده‌ژیت و ده‌ڵێت دوای سه‌فه‌ری هاوینی ئه‌و ساڵیان بۆ "كوردستانی عێراق"، ئیتر به ته‌مان. دوای یه‌ک دوو ساڵی‌تر به یه‌کجاری بگه‌رێنه‌وه. ده‌ڵێت خه‌ڵک، هه‌موو له خۆشی دان! ده‌ڵێت ماڵی برای مێرده‌كه‌ی "خزمه‌تكاریان" هه‌یه، ده‌ڵێت "swimming-pool"-یان هه‌یه، ده‌ڵێت ئه‌وێ خۆشتره، هه‌ر پیاو كار بكات به‌سه، ژن ده‌توانن، له‌ ماڵ‌بن و ماڵداری بكه‌ن و بگه‌رێن و "بژین". ده‌ڵێت ئه‌ویش ماندوو بووه و حه‌زده‌كات بگه‌رێته‌وه وڵاتی خۆی ئێستا كه "عێـــــراق" ئازاد كراوه! ده‌ڵێت له‌وێ ده‌توانێت كۆشكێک ساز بكات و خزمه‌تكاری هه‌بێت ...

من، له قسه‌كانی هه‌م شه‌رم ده‌كه‌م و هه‌م توڕه‌م، دڵم توندتر وتوندتر لێده‌دات و شتێک خه‌ریكه ده‌مخنكێنێت. هه‌رخۆمی لێ گێل ده‌كه‌م با هیچ نه‌ڵێم. ده‌ڵێت:" بریا ئێـــوه كوردی ئێرانیش كارێكتان بۆ خۆتان كردبا"، به خۆم ده‌ڵێم" ده‌نگ مه‌كه" و وه‌ک هه‌میشه كه به قسه‌ی خۆم ناكه‌م، ده‌نگ ده‌كه‌م و ده‌ڵێم:" داده گیان خۆ ئێمه مه‌ڕو ماڵات نین، هین ئێران و عێراق بین". به سه‌یره‌وه چاوم لێده‌كات، ده‌ڵێت:" من خۆم له ئێران ژیاوم، وه‌ڵلا كوردی ئێران "وه‌زعی ژیانیان باشه" و من له چركه‌یه‌کدا بیست ساڵی یه‌كه‌می ژیانمم دێته‌وه به‌رچاو. بیره‌‌‌وه‌ری ئه‌و ساڵانه‌ی پڕن له ده‌‌‌نگی تۆپ و خۆمپاره و ته‌قه‌ی برنۆ و ژێسێ و كلاشینكۆف. ئه‌و ساڵانه‌ی پڕن له پڕمه‌ی شینی ئه‌و دایكانه‌ی گۆنای خۆیان ده‌ڕننه‌وه و سنگ ده‌كوتن و به‌دوای ته‌رمی كوڕ و كچه‌كانیاندا ده‌گه‌رێین، ئه‌و ساڵانه‌ی پڕن له بۆنی باروو‌ت، پڕن له بۆنی كاغه‌ز و كتێبی سووتاو، پڕن له ده‌نگی چه‌كمه‌ی ئه‌و پاسدارانه‌ی به نیوه‌شه‌و له سه‌ربانه‌وه بازیان ده‌دایه ناوحه‌وش و بابه‌كانیان وه‌به‌ر شه‌پ و پێلاقه ده‌دا، منداڵ و گه‌نجیان، ده‌گه‌ڵ خۆیان ده‌برد و به‌سه‌ر دایكه‌کاندا ده‌یانقیژاند. بیری ئه‌و ساڵانه‌ی پڕن له قوتابخانه داخراوه‌كان، كتێب و ده‌فته‌ره‌ دڕاوه‌كان، جل‌و به‌رگی ڕه‌ش و درێژ، نوێژی به زۆری، ده‌گه‌ڵ‌درۆ ژیان، به ترسه‌وه گه‌وره بوون، خۆخواردنه‌وه، عاده‌ت كردن به‌وه‌ی بێ‌ڕێزیت پێبكه‌ن، هه‌موو ڕۆژێ و هه‌ر ڕۆژه‌ی ده‌یان، سه‌دان جار، وردبوون. شه‌ڕی ناوشار له‌ لایه‌ک، شه‌ڕی نێوان دوو وڵات له لایه‌كی‌تر، بۆمباردمانی شاره‌كانمان به ده‌ست ئه‌وانیش و ئه‌مانیش... ئه‌ی هاوار، من ته‌رمی خوێناوی شه‌رمین و شه‌پۆلم بۆ له‌بیر ناچێته‌وه!؟

حه‌زده‌كه‌‌م ئه‌و شتانه‌ی بۆ باس بكه‌‌م، حه‌زده‌كه‌م ناوی چه‌نددانه له‌ئه‌و كچ و كوڕانه‌ی بێ‌سه‌ر و شوێن چوون، یان ئه‌وانه‌ی گیران و له سێداره‌دران و ته‌رمه‌كانیان قه‌ت نه‌بیندراوه، پێ‌بڵێم، حه‌ز ده‌كه‌م باسی ئه‌و كچانه‌ی پێش له‌سێداره درانیان، ده‌ستدرێژیان لێكرا، بكه‌م. باسی ئه‌و كچ و كوڕانه‌ی هه‌ڵوه‌دای چیاكانی كوردستان بوون، ئه‌وانه‌ی زیاتر له بیست ساڵه له كه‌س‌و كار و شار و زیده‌ی خۆیان دوورن ...

بـــــــۆ؟ به خۆم ده‌ڵێم: باشه بــــــۆ؟ بــۆ بـــۆی باس بكه‌م؟ مه‌گه‌ر لێم تێده‌گات؟ خۆ پێوانه‌كانی ژیانی بــــــــاش بۆ ئه‌و ماڵی گه‌وره‌و بوونی خزمه‌تكاره، چ بایه‌خێكی هه‌یه بزانێت من له فێربوونی زمانی خۆم بێ‌به‌ش كراوم؟ له فێربوون و ناسینی مێژووی خۆم بێ‌به‌ش كراوم؟ چ بایه‌خێكی هه‌یه بزانێت من به بۆنی خوێن وبارووت گه‌وره بووم؟ كه ئێمه‌ی منداڵ كایه‌که‌مان ئه‌وه بوو پووكه‌ی فیشه‌ک كۆ كه‌ینه‌وه؟ كه ئێمه ده‌‌نگی بڕنۆ و ژێسێ و كلاشینكۆفمان له‌یه‌ک جیا ده‌كرده‌وه؟‌ به‌ڕاست چ بایه‌خێكی هه‌یه ئه‌گه‌ر باسی بگره و بكوژه‌كانی سه‌قز، كوشتن و بڕینه‌كانی سنه، بازاره خوێناوێكه‌ی بۆكان، له سێداره‌دانه‌كانی مه‌هاباد، بۆمباردمانه‌كانی سه‌رده‌شت بزانێت؟ تێده‌گات ئه‌گه‌ر بۆی باس بكه‌م چ پێش و چ دوای شۆرش، "كوردی ئێران" قه‌ت به مافه‌كانی خۆیان نه‌گه‌یشتن؟ بۆ ئه‌و، من "كوردێكی ئێرانیم" و به‌س، بۆ ئه‌و من "كوردێكی" وڵاتی گوگوش و معین و هایده‌-م و به‌س. تاڤی هه‌ر قسه‌ده‌كات و من هه‌ر دێت‌و زۆرتر ڕقی لێهه‌ڵده‌گرم. هه‌ر دێت و مه‌ودای نێوان "كوردی ئێران" و "كوردی عێراق"م بۆ زیاتر ده‌كات، له خۆم بێزارم ده‌كات. له خۆم ده‌پرسم من له شینی "حه‌له‌بجه" و "ئه‌نفال" بیرم له "ئێمه‌" و "ئه‌وان"، ده‌كرده‌وه؟ من له شه‌ڕی براكوژی، لایانی "ئێمه‌" و "ئه‌وان"م بۆ گرنگ بوو؟، من كه به‌بیری ئازادبوونی بستێک خاکی كوردستان پڕده‌بم له شادییه‌كی بێ‌سنوور، بۆ ده‌بێت وه‌ک "ئه‌وان" ببیندرێم، نه وه‌ک هاوولاتییه‌ک كه گۆشه‌یه‌كی ئازادی هه‌یه بۆ نه‌فه‌س كێشان؟ له لایه‌ک منم هه‌ر ده‌ڵێم كوردم و كوردین، له‌لایه‌ک، وه‌ک بڵێی، به‌یتی "ئێمه‌، كوردی عێراق" و " ئێوه كوردی ئێران"، قه‌ت نابڕێته‌وه ...

باش، كوردستانی گه‌وره با خه‌ون بێت، ده‌ی من، كه حه‌ز ناكه‌م بمهێننه ڕیزی مه‌ڕ و ماڵات و بمكه‌ن به هین ئه‌م یان ئه‌و، ده‌بێت ڕوو له كوێ بكه‌م؟



Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------