Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

September 6, 2004

شتێكی تازه نییه. ئه‌و ژانه‌سه‌ره‌ قۆڕه‌ش وه‌ک هه‌میشه، زوو دێت و زۆر ده‌مێنێته‌وه‌. له لای ڕاستی کاسه‌ی سه‌ڕم ده‌گیرسێته‌وه و هه‌ندێ جار پێی ده‌گاته ناوچاوانم و قورسایی ده‌خاته چاوه‌كانم. كاتی وا حه‌زم له تاریكییه. ده‌نگ و ڕووناكی ئازارم ده‌ده‌ن. ژوورێ كه‌مێک تاریک ده‌كه‌م و ده‌نگێكیش نییه تا بێده‌نگی كه‌م... كه‌م‌خه‌وی به‌رۆكی گرتووم، شه‌وانه دره‌نگ ده‌‌خه‌وم و به‌یانیان زوو هه‌ڵده‌ستم. ده‌مێكه شه‌وانه خه‌وی سه‌یر شێواو ده‌بینم. چه‌ندجاره خه‌و ده‌بینم ڕۆیا عاشق بووه و پێده‌كه‌نێت و دیسان به ده‌‌نگی ماندۆلین ده‌كه‌وێته سه‌ما، خه‌و ده‌بینم له‌ناكاو په‌نجه‌یه‌ک به‌رزی ده‌كاته‌وه، خۆی ون ده‌بێت و سێبه‌ری له سه‌ر لادیواری پێش ده‌ما به ئارامی ده‌جوولێته‌وه، خه‌و ده‌بینم هه‌ر ده‌‌ڕۆم نایگه‌مێ، ده‌‌یبیستم به‌ڵام نایبینم. خه‌و ده‌بینم ڕۆده‌چم.

ئێستا چاوه‌كانم سوور سوور هه‌ڵگه‌ڕاون، لوتیشم، فڕمه‌فڕمێکمه، مه‌پرسه! برژانگه‌كانم پێكه‌وه نووساون و سه‌رپه‌نجه‌ی هه‌ر دوو پێم وه‌ک له‌تێک سه‌هۆڵ، سڕ سڕن. قسه‌ی پیره‌كانی لای خۆمان وه‌بیر دێته‌وه ده‌یانگوت منداڵ‌ زۆر بگریت ده‌‌نگی خۆش ده‌بێت! من دیاره به منداڵی زۆر نه‌گریاوم كه ده‌‌‌نگم خۆش نییه! ئه‌ی گریانی گه‌وره ساڵی؟ نا، مه‌ترسه، تازه ده‌نگم خۆش نابێت, ده‌زانم، به‌س بڕیا ڕه‌نگی خۆڵه‌مێشی چاوه‌ڕوانییان له چاوم شۆردباوه ... تا من بتوانم پێبكه‌نم و بژیم و بمرم...

خه‌تای خۆم بوو، به‌یانی دا‌نیشتم فیلمێكی زۆر زۆر كۆنی نۆرمه‌ن-م (Norman Wisdom) چاو لێكرد، ئای پێكه‌نیم، ئای پێكه‌نیم، له‌و پێكه‌نینانه‌ی مرۆڤ له‌وانه‌یه خۆی ته‌ڕكات، كه‌چی له‌ناوڕاست فیلمی كۆمێدی نۆرمه‌ن پڕمه‌ی گریانێکی سه‌یر به‌سه‌رما ڕووخا. هات و نه‌گه‌راوه و چه‌ند ساعه‌تێكی گرت تا به‌رۆكم به‌ردات و بتوانم پێش پێی خۆم ببینم...

ماڵه‌كه‌م شپرز و پیسه! سه‌ر مێزه‌كه‌م پڕه له كتێب و كاغه‌ز، جله‌کانی حه‌فته‌ی پێش له سه‌ر سۆفاكه، كه‌وتوونه‌ته سه‌ریه‌ک! ده‌چم مل ده‌نێمه قاب شووشتن، قابه‌کان حه‌فته‌یه‌که ماونه‌ته‌وه، ده‌چم و به ته‌قه ته‌‌ق، کۆڕی مێشووله ورده ڕه‌شه‌كان تێکده‌ده‌م، قۆڵ هه‌ڵده‌ماڵم جێ پێی ژیانی حه‌فته‌ی ڕابردوو ده‌سڕمه‌وه.

ئاگام له سه‌رپه‌نجه‌كانی پێم نییه، وه‌ک بڵێی هه‌ڵوه‌ریبێن، سه‌ریشم خه‌ریكه ده‌ته‌قێت، به‌ڵام برژانگه‌كانم خه‌ریكن وشک ده‌بنه‌وه و سوورایی لوتم كه‌م‌كه‌مه كاڵ ده‌بێته‌وه، یاڕه‌بی خوایه شوکرت، لوتی سوورم پێناکه‌وێت ... له‌و دیو شووشه په‌ڵه په‌ڵاوییه‌كه‌ی په‌نجه‌ره، شه‌وه و منیش، ئه‌گه‌ر زانیم ئه‌و هه‌راو گرمه‌ی دڵم له‌چی و بۆچییه، پێت ده‌ڵێمه‌و‌ه! كه‌مێک دیار نابم، ئاگات له خۆت بێت! ئه‌گه‌ر كارێکت بوو، ده‌توانی نامه‌ بنێری ...





Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------