September 11, 2004
سێ شت که هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان به یه‌که‌وه نییه: یه‌ک: ماوه‌یه‌که تا بێتاقه‌ت ده‌بم، سه‌ربه‌رده‌ده‌مه‌وه و ده‌چمه ماڵپه‌ڕێكی سیاسی خه‌به‌ری كوردی! هه‌واڵه‌کان به فارسین، و چه‌نددانه وتاری كوردیش لێره‌و له‌وێ داندراوه! جاری یه‌كه‌م كه‌چووم دوای دوو ده‌قه، دامه پڕمه‌ی پێكه‌نین! (پڕمه بۆ پێكه‌ین ده‌بێت؟) ئه‌وه‌نده پێكه‌نیم ... نه‌بێته‌وه! شێعری وای تێدایه شاعیره‌که‌ی سنووری هه‌رچی ڕێنووس و ئیملا و ئینشایه به‌زاندوویه‌تی و هه‌رچی هه‌سته بێ‌سه‌ر و شوێن ناشتوویه‌تی، وتاری وای تێدا، پشتی هه‌رچی زمانه شكاندوویه‌تی! لێكدانه‌وه‌ی وای تێدایه سه‌رێکی له باكووره و سه‌رێكی له باشوور و به هیچ ئیمانێک له‌یه‌ک گرێ نادرێنه‌وه و دڵنیام دڵنیام كاک یان داده‌ی نووسه‌ر خۆشی بۆی ساغ نه‌بۆته‌وه و هه‌ر ویستوویه‌تی شتێک بنووسێت و ئه‌ها، من لینک ناده‌م به‌م ماڵپه‌ڕه، تاقه‌تی شه‌ڕه قسه‌م نییه، به‌ڵام دوو له‌ت له نووسراوه له‌ت و په‌ته‌كانی - به دزی-- هه‌ڵده‌گرم و لێره‌ی داده‌نێم، به‌س یه‌ک داوام هه‌یه، ئه‌گه‌ر تێگه‌یشتن نووسه‌ر مه‌به‌ستی چی بووه، سه‌د له دونیا و یه‌ک له قیامه‌ت خێرتان بنووسرێت، منیش تێبگه‌یێنن! دزی یه‌كــــــــه‌م: "... حال كه كاروان زحمتكشان از كانالهای عمیق مرگ گزشتند( گزشتند؟ همممممم) دوباره حیات گرفتند دوباره دوبارها همه در كنار هم هستند و اما دوباره دلی پر از اشک دارم ... تو خود سروده‌ای ، ﻣﺎ را ﺗﺮك ﻧﻜﻦ، ﺷﺠﺎع ﺑﺎش، ﺑﺮﮔﺮد اما افسوس سرودی اما برنگشتی ... " یان ده‌ڵێت: " ای هم باور كجائی تا ببینی دوباره دوبارها باهم در زیر سایه اندیشه زحمتكشان ستاره سرخ فواد درخشید و گرمی بخش خاک كردستان شد." دزی دووهـــــــــه‌م: " ئیمڕۆ له سه‌رده‌مێكدا ده‌ژین كه له‌وه‌رزی ژناندا له جیهان گوڵی بزوتنه‌وه‌ی جیهانی ژنان خه‌ریكی پشكوتنه..." یاڕه‌بی خوایه له گوناهانم خۆش بیت ... ****** دوو: "خۆ خه‌تای خۆمان نییه، ئێمه له ئه‌زه‌له‌وه گرنگمان به په‌روه‌رده‌و فێركردن نه‌داوه." خاوه‌ن ئه‌و گوته‌یه شێخ و مه‌لا نییه، نه‌خوێنده‌وار و به‌ته‌مه‌نداچوو و ته‌سبێح به‌ده‌ستی ڕیش ماش‌و برنیجیش نییه، خاوه‌ن ئه‌و گوته‌یه كوڕێكی گه‌نجی كورده كه وێبلاگ ده‌نووسێت و دانیشتووی هه‌نده‌رانه و له زانكۆ ده‌رس ده‌خوێنێت. كوڕێكی گه‌نجه كه په‌رۆشی بایخ نه‌دانی گه‌نجه‌كان به ده‌رس و فێربوونه. جارێكی‌تر سه‌رنج بده‌نه قسه‌كه‌ی "خه‌تای خۆمان نییه..."، ماری خاری، ئه‌ی پێم ناڵێیت خه‌تای كێیه؟ ئه‌وانه‌ی پێش تۆ و تۆ و ئه‌وانه‌ی دوای تۆ، تاکه‌ی خۆ ماندوو و هیلاكی تاوانبار كردنی ئه‌م و ئه‌و ده‌كه‌ن؟ پێت وانییه کاتی ئه‌وه هاتووه دان به ڕاستییه‌کان دانێین و بڵێین، خه‌تای خۆمانه و چاكیش خه‌تای خۆمانه! خه‌تای خۆمانه و كه ئه‌وه‌نده به‌دوای تاوانبارێکی‌تر ده‌گه‌رێین، به‌س بۆ ئه‌وه‌یه به‌شه تاوان و كه‌مترخه‌مییه‌كانی خۆمان داشارین!؟ "... له ئه‌زه‌له‌وه گرنگمان به په‌روه‌رده و فێركردن نه‌داوه"، ئه‌زه‌ل نه مانای هه‌یه و نه تۆ و من و ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ و ئێستا هه‌ن له ئه‌زه‌له‌وه بوون و نه تا "ئه‌به‌د" هه‌ر ده‌بن! ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ كه‌م‌و كوڕییه‌ک هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ بۆشاییه‌ک هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ ژیانی كورد ئه‌وه‌یه كه هه‌یه، تاوانباره‌که خۆمانین و هه‌رخۆمانین و به‌س! ئیتر به‌سه، پاكانه بۆ كه‌سمان مه‌كه و له‌بیرت بێت هه‌موومان به‌رپرسی كاره‌كان و شێوه‌ی بیركردنه‌وه و جولانه‌وه‌كانی خۆمانین! هه‌ركه‌س به‌رپرسی دانه دانه‌ی هه‌نگاوه‌كانی خۆیه‌تی! ****** سێ:"عه‌یب نه‌بێت، بیلامانێ كه‌س گه‌ره‌كێتی ڕاكێشم؟" ڕاكێش ڕاكێشێكه مه‌پرسه! یه‌ک دێت و یه‌ک‌ده‌ڕوات و به عه‌یب نه‌بێت و بیلامانێ گوتن داوای ڕاكێشان ده‌که‌ن! له‌وانه‌یه هه‌ندێ ئاگاداری باسه‌كه نه‌بن، ماوه‌یه‌که شتێک به ناوی Gmail بۆته باو، ئه‌وانه‌ی ده‌زانن چییه ئه‌وه ده‌زانن و ئه‌وانه‌ی نازانن چ شتێکی گرنگ نییه بۆ فێربوون، به‌ڵام به‌زمه خۆشه‌كه لێره‌وه ده‌ستی پێكرد كه به‌نده خوایه‌ک له ماڵپه‌رێکی جوانی كوردی گوتی من ده‌توانم "ڕاتانكێشم"، هه‌ركه‌س داواكاره، ده‌نگ بكات! با له‌وه بگه‌رێین كه من ده‌گه‌ڵ وشه‌ی "ڕاکێشان" گرفتم هه‌یه، به‌ڵام شێوه‌ی داواكردنی میلله‌ت خۆش بوو، خۆتان‌و ئیمانتان، داوای Gmail كردن، چ پێویستی به "عه‌یب نه‌بێ"، "بیلامانێ" ده‌كات! عه‌یبه‌ی وه‌ی له كوێ دا؟ خۆ ئه‌وه‌ی كه نازانی چییه و داوای ده‌كه‌ی عه‌یبه‌ی زۆرتره! وه‌ڵلا به‌سه‌رت! هه‌ر بێ‌گاڵته، من ده‌توانم 6 كه‌س "بیلامانێ" ڕاكێشم، ئه‌گه‌رعه‌یب نه‌بێت حه‌زتان له ڕاکێشان بوو، ده‌نگ بکه‌ن ....
Comments:
Post a Comment
|