Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

October 2, 2004

and if i show you my dark side
will you still hold me tonight
and if i open my heart to you
and show you my weak side
what would you do



به‌ره‌ به‌ری به‌یانییه و من هه‌زار بیرو بیرۆكه‌ی دژ به‌یه‌ک، له مێشكمدا شه‌ڕه‌شه‌قیانه! كه‌لافه‌كه‌م بۆ هه‌ڵناكرێته‌وه.له‌و "بیری ئاڵۆز و بوتڵێک شه‌راب" كه گولپه‌ر پێی‌وایه، ئه‌مشه‌و، هه‌ر بیره ئاڵۆزه‌كه له‌ڵای من ده‌ست ده‌كه‌وێت. له ته‌واوی ئه‌و چركانه‌ی به بێده‌نگی تێده‌پڕن، له خۆمدا و ده‌گه‌ڵ خۆم سه‌رقاڵی شه‌ڕێكی سه‌یرم. بیرده‌كه‌مه‌وه و بیرده‌كه‌مه‌وه و بیرده‌كه‌مه‌وه. بۆ هه‌ر ڕووداوه‌ی، ده‌یان هۆ ده‌بینمه‌وه و له هه‌وڵێكی سه‌رلێشێواودا وڵام، بۆ هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌ی، له‌پاش خۆیان به‌جێ هێشتووه، ده‌هۆنمه‌وه. ده‌گه‌ڵ ‌خۆم یه‌ک و دوو ده‌که‌م، هۆیه‌کان ڕیزده‌كه‌م، په‌له‌قاژه‌مه خۆ ڕزگاربكه‌م و ده‌زانم تا نه‌زانم بۆ، ڕزگارنابم! بیرده‌كه‌مه‌وه و بیرده‌كه‌مه‌وه و دیسان وه‌ک‌ هه‌میشه ده‌گه‌مه كۆتایی كۆڵانێكی بن‌به‌ست و دیسان باوه‌ڕێكی دوور و درۆ، وه‌ک چارشێوشانێكی كۆن‌و شڕ، له خۆم ده‌هاڵێنمه‌وه. ماوه‌یه‌کی زۆره وه‌ک سێبه‌ر له‌ناو ئه‌و بسته ژووره‌دا دێم‌و ده‌چـم و هه‌زار جار ون ده‌بم. هه‌ندێ جار له‌ده‌‌نگی پێكه‌نینی خۆم، وه‌گریان ده‌که‌وم، زۆرجاریش به‌پێچه‌وانه! قسه‌ ده‌كه‌م، له‌تێک بزه‌ی نه‌رم و جوان به گۆشه‌ی لێومه‌وه هه‌ڵده‌واسم، وه‌پێكه‌نین‌یان ده‌خه‌م، وه‌ک ئه‌کته‌رێکی باش ڕوانینه سه‌رلێشێواوه‌كه‌م‌ له خاڵێكی دووری نادیار گرێ ده‌ده‌م و كه‌س به‌‌م نه‌هێنییه‌م نازانێت كه‌ بۆ من ژیان له شوێنێک وه‌ستاوه، له‌وێرا من نه گه‌وره بووم و نه هه‌ستم به تێپه‌ڕبوونی ژیان كرد. ئه‌وه‌ی نازانم چۆن بڵێم، لێم تێبگه‌یی! ژیان له شوێنێک وه‌ستاوه و منیش ئه‌وه هه‌ر خه‌ریكم ورده ورده ڕۆده‌چم! سارده یان هه‌ر من سه‌رمامه، نازانم، به‌ڵام واهه‌ستده‌كه‌م، تازه قه‌ت و به هیچ گه‌رم نابمه‌وه. دیسان كۆتایی چیرۆكه‌كان دێنه‌وه به‌رچاوم و منی تامه‌زرۆ، بۆ وه‌بیر هێنانه‌وه‌ی سه‌ره‌تاكان به‌ ناخمدا ڕۆده‌چمه‌وه و نوقم ده‌بم. وه‌ک هه‌میشه لاسارم وبه لاساری پێ ده‌چه‌قێنم و كه‌لێن و قوژبنان، به هیوایه‌كی شێتانه، ده‌پشكنم. هه‌ندێ جار دڵنیام شتێک ده‌قه‌ومێت، هه‌ندێ جار دڵنیام، له بوونت، له هاتنه‌وه‌ت، له مانه‌وه‌ت. دڵنیام دره‌نگ یان زوو وڵامی پرسیاره‌كان ده‌دۆزمه‌وه. كلافه‌كه ئاڵۆزه ... له‌لایه‌ک، تا كۆڵانی زه‌ینم له‌و هه‌موو بیره ئاڵۆزه بسڕمه‌وه، ده‌یان كاری‌تر، بێ‌جگه له ده‌رس و كاری خۆم، بۆخۆم ڕیزده‌كه‌م و له‌لایه‌کی‌تر، بیری سه‌فه‌ركه‌وتۆته‌ سه‌رم. چووم كۆڵه‌پشتییه‌ شینه‌که‌شم هێناوه سه‌رێ با له‌به‌ر ده‌ستان بێت. لـــــۆركێ ده‌ڵێت وه‌ره! به نامه‌كانی وام لێده‌كات هۆشم له‌سه‌ر ده‌رس‌وكار نامێنێت و هه‌ر خه‌ریكم خۆم ڕازی‌ده‌كه‌م بارگه‌وبنه‌ی تێكنێم و بڕۆم. ده‌ڵێت چاوه‌ڕێتم! مرۆڤ، یان لانیكه‌م من، ئه‌گه‌ر بتوانم ناوی خۆم بنێمه مڕۆڤ، گیانله‌به‌رێكی سه‌یره. هه‌ندێ جار سه‌رم له خۆم سوڕده‌مێنێت. تامه‌زرۆی بیستنی هه‌ندێ شتم كه زۆرجار زۆر گرچ‌ وكاڵ ده‌نوێنێت. بیستنی ئه‌وه‌ی یه‌کێک ‌چاوه‌ڕێمه هه‌ستێكی سه‌یرم تێدا زیندوو ده‌كاته‌وه. به‌تایبه‌ت ئه‌و ساڵانه‌ی ئاخر، كه ئیتر ئه‌و "چاوه‌ڕێ بوونه" و ئه‌و "چاوه‌ڕێ مانه‌وه" سه‌یر بێ‌تامیان كردووه! هه‌میشه چاوه‌ڕێی گه‌یشتنی هه‌واڵێک، هاتن یان هاتنه‌وه‌ی كه‌سێک، بیستن یان بیستنه‌وه‌ی ده‌نگێک، چاوه‌ڕوانی ڕووداوێک یان ڕوودانێک! چاوه‌ڕوانییه‌ک كه زۆربه‌ی كات هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه دیاره به هیچكوێ ناگات! زۆرجار له خۆم ده‌پرسم تێپه‌ركردنی سه‌ره‌وژووری ژیان بێ‌قورسایی ‌باری چاوه‌ڕوانی ئاسانتره یان ئه‌وه‌ی "چاوه‌ڕوان" بوون ده‌بێته داوێک په‌نجه‌تی لێ قایم كه‌ی تا خۆتی پێوه ڕا‌گری؟! بۆچی و تاكه‌ی، زۆرجار زۆر گرنگ نییه. ئه‌وه ڕۆچوونه كه خۆی لێ‌ده‌پارێزیت! هه‌ندێ جار ماندوو ده‌بم، ماندوو له‌و هه‌موو چاوه‌ڕێ مانه‌وه، ماندوو له جۆره گه‌شبینییه‌كی كه‌رانه، ماندوو له‌و هه‌موو لاسار بوونه‌ی خۆم، ماندوو له‌و هه‌موو هیچ ‌نه‌قه‌ومانه! هه‌ندێ جار دڵم پڕ ده‌بێت، هێڵنجم دێت، ده‌زانم ده‌بێت بڕشێمه‌وه، به‌قه‌د هه‌موو ژیان، به‌قه‌د هه‌‌مـوو بۆشاییه‌كان و برینه‌كان، به‌قه‌د هه‌موو چركه به‌تاڵه‌كان. هه‌ر ئه‌وه نییه، هه‌‌ندێ جار، پڕ‌ده‌بم له ترس، له توڕه‌یی، له دڵته‌نگی، ڕاست ئه‌و ساتانه‌ی دڵنیام ئیتر نابێت چاوه‌ڕوانی كه‌س و هیچ بم، سڕ ده‌بم! دوایی باوه‌ڕ ده‌كه‌م "چاوه‌رێ نه‌بوون" یانی كۆتایی، یانی هانا بردنه‌وه بۆ باوه‌شی بیره‌ برشاوییه‌كان. هه‌ر ئه‌وه نییه، تاسه‌ی بوونی دیسان، هێشتا، وه‌ک هه‌میشه داگیرم ده‌كات و نه‌ ده‌توانم و نه‌ده‌مه‌وێت له نه‌بوونی‌دا بژیم. زۆر جاریش له‌خۆم توڕه ده‌بم، توڕه ده‌بم كه بۆ ناتوانم به‌س شان هه‌ڵخه‌مه‌وه و "هه‌ر ئه‌وه‌یه ئیتر، ده‌ڵێیت چی" بكه‌م به فه‌لسه‌فه‌ی ژیانم. له‌خۆم توڕه ده‌بم كه بۆ ناتوانم "بێ‌خه‌یاڵ" بم، بۆ ناتوانم سه‌ر بۆ "چاره‌نووس" دانوێنم و به‌و به‌شه‌ی خوا یان شه‌یتان، بۆیان دیاری كردووم، ڕازی بم. له كۆتایی هه‌موو شه‌ڕه‌چه‌قه‌كانی خۆم ده‌گه‌ڵ‌خۆم ده‌گه‌‌مه‌وه به هه‌مان سه‌ره‌تا: نا، من ده‌گه‌ڵ "عاده‌ت" ناژیم، من "عاده‌ت" ناكه‌م، "عاده‌ت" ناكه‌م به نه‌‌بوون، به نه‌هاتن، به نه‌گه‌یشتن... من چاوه‌ڕوان ده‌مێنمه‌وه!‌



Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------