November 2, 2004
كه ده‌رگام لێكردییه‌وه، وه‌ک هه‌میشه چارشێوه قاوه‌ییه‌که‌ت كه‌وتبوو سه‌رشانت و سه‌رپۆشه سپییه‌که‌ت نیوه‌ی قژتی داپۆشی‌بوو. قابله‌مه‌یه‌کی بچووكت به ده‌سته‌وه بوو، له ئامێزم گرتی، به‌خێرهاتنم كردی، قابله‌مه‌كه‌م لێوه‌رگرتی و بردمه سه‌ر مێزه‌كه دامنا. چارشێوه‌كه‌م لێكردییه‌وه و قه‌دم كرد. تۆ چوویه ژوورێ دانیشتی، ڕێک به‌رامبه‌ر به په‌نجه‌ره. چووم ئیستكانێكم چای بۆ هێنای. له پێشم دانای. گوتم هه‌واش ورده‌ورده فێنكی كردووه. گوتم ژووره‌كه‌م زۆر سارده. گوتم هه‌ر بینا بارم كرد. گوتم ده‌مـێک بوو چاوه‌رێت بووم. گوتم بیرم كردووی. دڵه كووته‌م بوو، به‌خۆم گوت ئه‌گه‌ر ده‌یزانی قسه‌م ده‌گه‌ڵ ناكات، بۆ ده‌هات؟ ئه‌گه‌ر قسه‌یه‌کی ده‌گه‌ڵم نییه بۆ لێره‌یه؟ كه‌مێک میوه‌م شۆرده‌وه و دامنا. به گۆشه‌ی چاو ئاگام لێت بوو. چاوت له من نه‌بوو. ڕوانینت له جێیه‌کی دوور گیرسابۆوه. چاوم له قژه خاوه سپییه‌که‌ت بوو، له به‌رۆكت، پڕببووم له بۆنێکی ئاشنا. به خۆم گوت گلێیی بكه‌م؟ بڵێم بۆ ئه‌و هه‌موو ساڵه دیار نه‌بووه؟ ترسام، ترسام گلێیی بكه‌م، لێم بتۆڕێیت. ترسام بتۆرێیت و دیسان تا پانزده ساڵی‌تر نه‌گه‌رێیته‌وه. به‌خۆم گوت پێی‌بڵێ، ئیتر نه‌روات، بمێنێته‌وه، پێی‌بڵێ بیری ده‌نگی ده‌كه‌ی، بیری بۆنی به‌رۆكی، بیری كایه‌ی سه‌رپه‌نجه‌كانی ده‌گه‌ڵ تاڵه‌كانی قژت، بیری باوه‌شی. به‌خۆم گوت ده‌ترسم، ده‌ترسم پێم بڵێی گه‌وره بووی، بڵێی ئیتر له باوه‌شمدا جێت نابێته‌وه، ده‌ترسم بڵێی دره‌نگه، ده‌بێت زوو برۆیته‌وه. به‌خۆم گوت ده‌رگای قفل بكه و چارشێوه‌كه‌ی بشاره‌وه. به‌خۆم گوت بڕۆ له‌ته‌نیشتی دانیشه سه‌ربكه سه‌ر شلكه‌ی ڕانی. به‌خۆم گوت بڕۆ گوێ بۆ ده‌نگی ترپه‌ی دڵی ڕاگره، بڕۆ بۆن به قژییه‌وه بكه، به‌خۆم گوت بڕۆ تا دره‌نگ نه‌بووه بیره‌وه‌رییه‌كی خۆشی بۆ بگێره‌وه تا پێبكه‌نێ و تۆ تاسه‌ی ده‌نگیت بشكێت. به‌خۆم گوت ئه‌گه‌ر به گریان بێت یان به پاڕانه‌وه ... مه‌هێڵه بڕواته‌وه، مه‌هێـــڵه دیسان ون بێته‌وه ... دانیشتووی. چاوت له من نییه، ڕوانینت له جێیه‌كی دوور گیرساوه‌ته‌وه. "چایه‌كه‌ت بۆ گه‌رم كه‌مه‌وه؟" چه‌ند حه‌زده‌كه‌م بچمه باوه‌شی و شه‌رم ده‌كه‌م. ده‌مه‌وێت كارێک بكه‌م خۆمانی وه‌بیر بێنمه‌وه، به‌شكوو شتێک بڵێت، به‌شكوو دوایی ئه‌و هه‌موو ساڵه تاسه‌ی بیستنی ده‌نگی بشكێت. قسه‌ی ده‌گه‌ڵ ده‌كه‌م، قسه‌ی ده‌گه‌ڵ ده‌كه‌م، قسه‌ی ده‌گه‌ڵ ده‌كه‌م، پێده‌كه‌نم، ده‌گریم، ده‌گریم، پێده‌كه‌نم، شێعری بۆ ده‌خوێنمه‌وه.... "شتێك بڵێ، تكایه، به‌س یه‌ک وشه، با ده‌نگت ببیستم ..." چاوی له من نییه، ڕوانینی له جێیه‌کی دوور گیرساوه‌ته‌وه و دڵی نازانم له كوێ! ............... چاو كه ده‌كه‌مه‌وه، تۆ له‌وێ نیت، وه‌ک هه‌میشه‌ی ئه‌و ساڵانه‌ی كه ده‌با لێره باییت و نه‌بوویت. وه‌ک هه‌موو ئه‌و ڕۆژانه‌ی نه‌بوویت تا له باوه‌شتدا خۆم بشارمه‌وه، نه‌بووی تا چیرۆكی ناتــــه‌واوی دڵدارییه‌كه‌مت بۆ بگێرمه‌وه. چاو ده‌كه‌مه‌وه و تۆ لێره نیت و من توڕه ده‌بم. له تۆ، له مردن، له خوا، له شه‌یتان. له سروشت. ئێره‌یی به خاک ده‌بم، ئێره‌یی به خواكه‌ت، كه تۆیان له‌لایه. ئێره‌یی ده‌به‌م به هه‌موو ئه‌وانه‌ی دایكیان هه‌یه و بۆن به قژییه‌وه ده‌كه‌ن. به هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌توانن له ده‌رگای ماڵی دایكیان بده‌ن و ده‌نگی ببیستن و ده‌گه‌ڵی بگرین و پێبكه‌نن ... توڕه‌م لێت، زۆرتر له هه‌میشه. وێنه‌كه‌ت ده‌شارمه‌وه، ناوت ناهێنم، چی‌تر چاوه‌ڕێت نابم، ڕێگه‌ی خه‌ونه‌كانمت لێ ده‌گرم. توڕه‌م لێت. زۆرتر له هه‌میشه. ده‌زانی، ده‌با پێش رۆیشتنه‌كه‌ت فێرت كردبام منێ كه ئاوێته‌ی بۆنی بوونت بووم، دوای ون بوونت، ئه‌و بۆشاییه به‌چی پڕكه‌مه‌وه. ده‌با فێرت كردبام كه تۆ نیت من خه‌ونه خۆش و ناخۆشه‌كانم بۆ كێ بگێرمه‌وه، یان ئه‌و جارانه‌ی دڵم ده‌شكێت، له باوه‌ش كــــــێ‌دا بروخێم، ده‌با فێرت كردبام دوای خۆت بیره سه‌یره‌كانی زه‌ینم بۆ كێ ڕووت كه‌مه‌وه تا قاقا به شێتایه‌تیم پێبكه‌نێ و بترسێ و پێی‌سه‌یر بێ. ده‌با فێرت كردبام كه تۆ نیت باسی ئه‌و كوڕه‌ی شه‌وێكی پایزی ساڵێكی دوور له ژێر باران ماچم كرد و ته‌پ و تۆزی ترسێكی هه‌زار ساڵه‌ی ڕۆحمی سڕییه‌وه، به تێر وته‌سه‌لی بۆ كـــــێ بگێرمه‌وه، یان چۆن قه‌ت چاوه‌ڕێت نه‌بم بێی له ده‌رگای ماڵه‌كه‌م بده‌ی. ده‌زانی ده‌با پێش ون بوونت ئه‌وانه و زۆر شتی‌ترت فێر كردبام. ده‌با فێرت كردبام ئه‌گه‌ر بیری ده‌نگتم كرد چی بكه‌م ... لێت توڕه‌م ... ده‌با لێره بایی، بریا لێره بایی، بیرت ده‌كه‌م ...
Comments:
Post a Comment
|