November 6, 2004
هه‌واڵه‌كانی ئه‌مڕۆم كه خوێنده‌وه دڵم گیرا. سه‌ردێری زۆربه‌ی هه‌واڵه‌كان، باسی "یاسر عه‌ره‌فات" و باسی مان و نه‌مانی ئه‌وه. ئه‌مڕۆ نووسیبوویان به زۆری زیندوویان ڕاگرتووه تا گرفتی جێگر و شوێنی ناشتنیی، دیاری ده‌کردرێت. واته ده‌بێ له شوێنێک بنێژرێت كه هه‌م فه‌له‌ستینییه‌كان و هه‌میش ئیسرایلییه‌كان به‌دڵیان بێت و په‌سه‌ندی بكه‌ن. له‌و ڕۆژه‌وه عه‌ره‌فات له نه‌خۆشخانه‌یه، ده‌یان جار هه‌واڵی مردنی له لایه‌که‌وه بڵاو بۆته‌وه و له‌لایان لایه‌نگره‌كانییه‌وه وه‌درۆ خستراوه‌ته‌وه. واهه‌ستده‌كه‌یی هه‌ردوو لا باوه‌ڕیان كردووه نه‌مانی یاسر عه‌ره‌فات به مانای نه‌مانی خه‌باتی خه‌ڵکی فه‌له‌ستینه. وه‌ک بڵێی خه‌بات ئازادی‌خوازی ئه‌و گه‌ڵه یانی بوونی ئه‌و و نه‌مانی به مانای فه‌وتانی هیوا و هه‌وڵه‌كانه بۆ ڕزگار بوونیان. من یه‌كه‌م جار ناوی "فه‌له‌ستین"م له ناو شێعری شه‌ریف له كتێبی "ملوانكه‌ی شین"دا دیت. ئه‌ی سه‌رگه‌ردانی مانوو لێ‌قه‌وماوی بێ‌خانوو ئه‌ی ماڵ و منداڵ له كۆڵ ئاواره‌ی نیشتمان چۆڵ ئه‌ی برای فه‌له‌ستینی كه‌ی مافی خۆت ده‌ستێنی .... دواتر، نۆ یان ده ساڵم بوو وێنه‌یه‌کی یاسر عه‌ره‌فاتم دیت، لایه‌کی وێنه‌كه ئه‌و بوو و لایه‌کی‌تر خومه‌ینی. عه‌ره‌فات " ئاغابانوویه‌كی" (كوبی پێی ده‌ڵێت جا‌مانه) له‌سه‌ر بوو. به شه‌ره‌مه‌زارییه‌وه ده‌ڵێم من له سه‌ر ئه‌و كه‌سایه‌تییه و خه‌باتی گه‌لی فه‌له‌ستین زۆر نازانم. به‌س ده‌زانم سه‌ره‌ڕای هه‌موو هه‌ورازونه‌شێوه‌کانی سه‌رڕێگه‌یی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی جارێک گوتیان نۆكه‌ری ئه‌مریكایه و جارێک مۆری جاسووسی ڕوسه‌کانیان له ناوچاواندا (ڕاست یان درۆكه‌ی وه‌باڵ ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌ی گوتیان و ده‌یڵێن!)، یاسر عه‌ره‌فات له‌سه‌ر مافی گه‌لی فه‌له‌ستین سوور بوو و كه‌مترین به‌رهه‌می كاره‌كانی ئه‌وه‌یه كه دونیا - و كه ده‌ڵێم دونیا مه‌به‌ستم زلهێزه‌كانه- ئیتر ناتوانێت چی‌تر خۆ له هه‌ڵومه‌رجی ژیانی ئه‌و گه‌له گێل بكات و حاشا له بوونیان بكات. هه‌واڵه‌كانی ئه‌مڕۆم كه دیت به‌ڵام زۆرتر دڵم بۆ یاسر عه‌ره‌فات وه‌ک مرۆڤ سووتا. وه‌ک مرۆڤێك كه باوه‌ڕ ناكه‌م ژیانێكی ئاسایی هه‌بووبێت، عه‌ره‌فات هه‌ركه‌س كه بوو و هه‌رچی كه كردی، به‌شه‌که‌ی خۆی ژیاوه و ئێستا مافی خۆیه‌تی لێی‌گه‌ڕێن له ئارامیدا و به‌ئارامی گیان بدات. هه‌ڕچه‌نده بۆ ڕوحێكی نائارام وه‌ک ئه‌و، دژواره به ئارامی مردن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی به زۆری زیندووی ڕاده‌گرن و له بوونیی به‌درۆی كه‌ڵک وه‌ر‌گرن، به‌ڕای من شكاندنی سنووری ڕێزی مرۆڤایه‌تییه. لێی‌گه‌رێن با له ئارامیێدا چاوبنێته‌وه! له هه‌مان كاتدا كه بیر له ژیانی پڕ به‌سه‌ڕهاتی یاسر عه‌ره‌فات ده‌كه‌مه‌وه، بیرم ده‌گه‌رێته‌وه سه‌رئه‌و ڕاستییه تاڵه كه له‌به‌شێک له‌و دونیا سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یه‌دا، خه‌ڵكانێک هه‌ن كه پێویستیان به "شه‌هید و قاره‌مان"هه‌یه تاخۆیانی پێوه هه‌ڵواسن. شتێک یان كه‌سێک كه مۆری پیرۆزبوونی لێ‌بده‌ن و بیكه‌ن به ڕێبازێک. قاره‌مانێکی لێ‌ساز بكه‌ن و بیكه‌ن به بووتێک و له‌ژێر سێبه‌ری ناوی بژین. نموونه‌ی ئاوامان له‌ده‌وری به‌ری خۆمان زۆره. بێ‌ماناترین نموونه‌ی مه‌نسوری حیكمه‌ت و سازبوونی حیكمتیسم بوو. هه‌ندێ جار بیر له "ئاپۆ" ده‌كه‌مه‌وه. دڵنیام ئه‌گه ئاپۆ له به‌ندی توركه‌كاندا كوژرابا، شه‌هیدێكی مێژوویی لێ‌ساز ده‌بوو و ده‌بوو به بووتێکی‌تر له مێژووی خه‌باتی كورددا. ئاپۆ ئه‌گه‌رچی ده‌ورێكی گرنگی كه خه‌باتی كورد - لانی‌كه‌م له به‌شێكی كوردستان - هه‌بووه، به‌لام چونكه هێشتا "شه‌هید" نه‌بووه، كه‌متر دێته به‌رچاوان. به هه‌رحال ئه‌وه‌ش كه‌مایه‌تی جولانه‌وه‌کانی ئه‌م به‌شه له دونیایه. هه‌موو بایه‌خه‌كانی خه‌باتێک، جوولانه‌وه‌یه‌ک له یه‌ک كه‌سدا ده‌گونجێنن و بوون و نه‌بوونی ئه‌و تاكه كه‌سه، له زۆربه‌ی جاران ده‌توانێت به مانای مان یا نه‌مانی ئه‌و خه‌بات و ئه‌و جولانه‌وه‌یه بێت. ئیتر كێ و كه‌ی جوولانه‌وه‌یه‌كی ئه‌وها، ده‌باته ژێر پرسیار ڕه‌نگه زۆری مابێت. من به‌لام ئه‌گه‌ر بم هه‌ر ئه‌مڕۆ بۆ خه‌باتێكی ئاوا كه گرێدراوی یک كه‌س بێت، "پرسه‌یه‌كی گشتی" ڕاده‌گه‌یه‌نم. الفاتیحه!
Comments:
Post a Comment
|