November 6, 2004
ئاخر جار كه قسه‌م ده‌گه‌ڵ كردی، ده‌نگم له‌ناو گرێ پووچكه‌ی بوغزی كۆنی گریانێک، ڕێگه‌ی وون كردبوو. تاسه و ته‌مێكی تۆزاوی، دڵته‌نگییه‌كانم كه نه‌مده‌زانی له كوێرا ده‌ستییان پێكردووه تا بێره گه‌یشتوون، خۆزگه‌ی دووباره دیتنه‌وه‌ت و بریای سه‌رله‌نوێ یه‌ک ناسینه‌وه، سه‌یر داگیریان كردبووم. هێشتاش بوونت بۆم گرنگترین شته. هه‌میشه خۆشم ویستووی، ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌ی له نامۆیی نیگاتدا خۆم نه‌ده‌دیته‌وه. هه‌میشه بێده‌نگییه‌كانت ترساندوویانم. ترس له‌وه‌ی نه‌ک ئیتر هیچ قسه‌یه‌كمان نه‌مابێت پێكه‌وه بیكه‌ین! نه‌ک ڕێگه‌ی دڵی یه‌کترینمان وون كردبێت! نه‌ک تازه قه‌ت نه‌توانین شته‌كان، له‌وێرا كه وه‌ستاوون، ده‌ست پێبكه‌ینه‌وه! هه‌ندێ جار، له پێكه‌وه بوونه‌کانماندا ته‌نیا بووین، هه‌ندێ جار مـــــه‌ودای نێوانمان ده‌گه‌راوه خه‌ونه‌كانی من و ترسه‌كانی تــــۆ. هه‌ندێ جار نامۆیی نێوانمان پڕبوو له ویستی من بۆ ژیانی خۆم و داوی داب ونه‌ریتێک به‌ده‌وری ده‌ست وپێی تــــۆوه... له‌من، بۆخۆم ده‌ترسای. نیگه‌رانم بووی. هه‌میشه. هه‌رچه‌نده هه‌ندێ جار نه‌تده‌زانی چۆنی بدركێنیت. له‌بیرته، شه‌وێكی نه زۆر ساردی زستانێک، داوام لێكردی پێكه‌وه بچینه ده‌رێ؟ هێشتاش ده‌نگی پێمان له سه‌ر به‌فره تازه باریوه‌كان، له گوێم‌دا ده‌زرینگێته‌وه. تــۆ په‌نجه‌كانت له پشته‌وه‌را به یه‌ک گه‌یشتبوونه‌وه. باڵا به‌رز. شانه‌كانت هه‌میشه به‌ره‌و پێشه‌وه خوارده‌بوونه‌وه، وه‌ک بڵێی به‌ته‌مابیت دابێیته‌وه. قه‌ت دانه‌هاتییه‌وه. منیش ڕێک وه‌ک تۆ، په‌نجه‌كانم له پشته‌وه‌ره‌را له‌یه‌ک گرێ ده‌دا و هه‌وڵم ده‌دا هه‌نگاوه‌كانم ڕێكی هه‌نگاوه‌کانت بێت. هه‌میشه ده‌بوو. ئه‌و شه‌وه زۆر جیاواز بوو. من بڕیارم دابوو بڕۆم. ماندوو ببووم. بێ‌قه‌رار بووم، ده‌مزانی چی‌تر به‌رگه ناگرم. پێم گوتی هه‌ست ده‌كه‌م ئاسمان خه‌ریكه به‌سه‌رما ده‌ڕووخێت. گوتم من ده‌ڕۆم، ده‌ڕۆم بۆ شارێكی‌تر. گوتم لێـــــــم‌گــــــه‌رێ بڕۆم. چكووله بووم، له چاوی تۆدا. بۆ تۆ من هه‌میشه خـــوشـــــكه شه‌یتانه بــــــــزۆزه‌كه بووم كه ئارام و قه‌راری نه‌بوو. خوشكه بچووكه كه‌لله شه‌قه‌كه‌ت. گوتم با ماوه‌یه‌ک له‌م شاره و خه‌ڵكه خۆڵاوییه‌که‌ی دوو ببمه‌وه. دێمه‌وه. پێشت پێ‌نـــــه‌گرتم. نه‌تگووت نا. ئه‌و شه‌وه چه‌ند ساعه‌تێک له شه‌قامه چۆله به‌فراوییه‌كانی شاردا گه‌راین. كه‌مێک گریاین، كه‌مێک پێكه‌نین، كه‌مێک دڵته‌نگ بووین و من ڕۆیشتم و دوور بوومه‌وه و كه‌مێک گه‌وره‌تر بووم و ئارام هه‌ر نه‌بوومه‌وه. دوای ساڵێک كه گه‌رامه‌وه، هیچ شتێک نه‌گۆڕدرابوو، كه‌چی هیچ شتێكیش وه‌ک خۆی نه‌مابوو و هه‌ردووكمان ئه‌وه‌مان باش ده‌زانی. هه‌ردوومان ده‌مانزانی ئه‌وه به‌س سه‌ره‌تایه‌که. سه‌ره‌تای ڕێگه‌یه‌كی دوورتر... دوورییه‌كی درێژتر... دوایی دیسان دوور كه‌وتینه‌وه و ئه‌و هه‌موو ساڵه هاتن و تێپه‌ڕین و من و تۆ ده‌یان جار یه‌کترینمان وون كرد و یه‌کمان گرته‌وه. شه‌ڕمان كرد و ئاشت بووینه‌وه. گریان و پێكه‌نین. دیسان دوایی ئه‌و هه‌موو ساڵه خوشک‌وبرا بوون، هێشتا سه‌رمان له كاری یه‌ک سووڕده‌ما. دیسان پرسیاره‌كان، دیسان باسه دوور‌و درێژه‌كان، دیسان بێ‌وڵام مانه‌وه. دیسان په‌یمان و به‌ڵێنییه‌كان. ئه‌و هه‌موو ساڵه تێپه‌ری و زۆر شت له‌نێوانمان‌دا گۆڕدرا و زۆر شت به نه‌گوتراوی مانه‌وه و زۆرشتیش له‌وانه‌یه له‌بیركران ... هه‌ر من و تۆ ده‌زانین ئێمه چه‌نده جیاواز بووین. به‌لام هه‌موو ئه‌و جیاوازییه‌ش نه‌یتوانی وابكات من تۆم كه‌متر خۆشبوێت، نه‌متوانی چاوه‌روانییه‌كانم له تۆ كه‌م كه‌مه‌وه. ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو ئێشی وون بوونه‌كان، ئێشی دابڕانه‌كانی زۆرتر ده‌كرد. هه‌ستم ده‌كرد له‌هه‌مان كات هه‌م براكه‌م و هه‌م هاورێكه‌م له‌ده‌ست داوه... ئێستا دوورین و بۆ زۆرشت زۆر دره‌نگه، كه دوو ڕۆژ پێش دیسان تۆم بیسته‌وه، ده‌نگت له ناو گرێ پووچكه‌ی بوغزێكی كۆن، ڕێگه‌ی وون كردبوو. ده‌نگت ماندوو و دڵته‌نگییه‌كانت له دووره‌وه ده‌ستیان پێكردووه و گه‌یشتوونه‌ته ئێره. تۆیه‌ک كه من قه‌تم نه‌دیت دابێیته‌وه، بشكێیته‌وه، ئێستا له شاری خۆت، له ناو خۆمانه‌كاندا، له ژێر باری ته‌نیایی و نامۆییدا چه‌ماویته‌وه. ده‌ڵێیت وونم كردیت، ببووره. ده‌ڵێیت باوه‌ڕم به هیچ و به‌که‌س نه‌ما. ده‌ڵێیت خۆم له‌خۆمدا وون بووم. ده‌ڵێیت دابڕام، ته‌نانه‌ت له‌خۆم. ده‌ڵێیت وه‌ک سێبه‌ری سه‌رلێشێواوین، خۆمان ناناسینه‌وه، ده‌ڵێیت هه‌ندێ جار نازانین چی بكه‌ین تا له نامۆییه‌كان دووربینه‌وه. بۆم باس ده‌كه‌یت كه چۆن نه‌سلی تــــۆ، ئه‌و نه‌سله‌ی شۆرشیان كرد، ته‌نیا ماونه‌ته‌وه، كه چۆن هه‌موو شته‌كان له بێ‌ماناییدا مانا كراونه‌ته‌وه. كه چۆن كۆتایی هه‌موو ڕێگاكان ده‌گه‌نه بن‌به‌ستێکی تاریک و كه‌چۆن پرده‌كانی پشت سه‌ڕتان هه‌موو ڕووخاون. تــــۆ قسه ده‌که‌یت و من له دڵته‌نگییه‌کانتدا ده‌توێمه‌وه و دیسان خۆزگه‌ی دیتنه‌وه‌ت و بریای بوونت سه‌رهه‌ڵده‌ده‌نه‌وه ... ئاخرجار كه له‌ئامێزم گرتی، به سرته داوام لێكردی ئاگات له چه‌ند كه‌سێک بێت. به سرته داوام لێكردی نه‌هێڵیت فڵانی قه‌ت هه‌ست به ته‌نیایی بكات. له‌بیرم چوو ... نا، هه‌ر به پێویستم نه‌زانی پێت بڵێم ئاگات له خۆت و دڵه‌كه‌ی خۆت بێت، به پێویستم نه‌زانی پێت بڵێم، ئاخر قه‌ت نه‌مدیبوو دابێیته‌وه، بشكێیته‌وه. باوه‌ڕم نه‌ده‌كرد شتێک هه‌بێت ئه‌ژنۆت پێ‌دابدات... ئێستا ده‌تبیستم و له دڵته‌نگییه‌كانتدا ده‌توێمه‌وه و بۆ یه‌ک چركه هه‌ست ده‌که‌م دڵم له لێدان ده‌وه‌ستێت كه پێم ده‌ڵێیت: باشتر كه لێــــــــــــره نیت. قه‌ت مــه‌یــــه‌وه، قـــــه‌ت!! براكه‌م، خۆشه‌ویستی دڵی خوشكی خۆت، ببووره كه ناتوانم ته‌نیاییه‌كانت بدزم، كه ناتوانم له نامۆییه‌كان دوورت كه‌مه‌وه. ببووره له‌وێ نیم تا له‌نزیكه‌وه خۆشم بوێیت!
Comments:
Post a Comment
|