Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

November 18, 2004

كه دۆینێ شه‌و یه‌كه‌م به‌فری ساڵ ده‌ستی كرده بارین، تازه له خۆم پرسی پایز كه‌ی ته‌واو بوو من نه‌مزانی؟ كه‌ی ڕۆیشت من نه‌مبیست؟ گه‌ڵا قاوه‌ییه‌ وشكه‌كانم هاته‌وه به‌رچاو كه ده‌كه‌وتنه ژێر پێم و منیان وه‌بیر هیچ نه‌ده‌خسته‌وه. سه‌رچلی داره‌ ڕووته‌كان تاق ولۆق گه‌لایه‌كی پێوه مابوو و نه‌مابوو، ئه‌وه ئه‌مڕۆش هه‌موو شار سپییه. وه‌رزه‌كان دێن و ده‌رۆن و من وه‌ک بڵێی له‌‌شوێنی خۆم ڕۆده‌چم. هه‌ندێ جار پڕده‌بم له هیچ! هه‌ندێ جار هه‌ست ده‌كه‌م كات له لای من وه‌ستاوه. هه‌ست ده‌كه‌م ژیان له ناو یه‌كێ له‌و خه‌ونه ناخۆشانه‌ی هه‌موو شه‌وێ دووپات ده‌بێته‌وه، قه‌تیس ماوه. هه‌ست ده‌كه‌م له شوێنێک خۆم به جێ هێشتووه‌. شوێنک كه ئیتر نه كوردستانه، نه ئێره، نه چواردیواری ژووره‌كه‌م، نه شه‌قامه نامۆكانی شاره‌كه‌ی تۆ، نه وێستگه‌ی قه‌تاره‌كه‌ی، له ئێواره‌ دره‌نگی شه‌ممه‌یه‌ک. نه بۆنی باران مه‌ستم ده‌كات، نه سان‌رایز و نه پاسۆوا. نه ده‌نگی جوان حاجو...

تۆڕه‌م، ماندووم، له ناو گێژاوی پرسیاره بێ‌وڵامه‌كاندا په‌له‌قاژه‌مه. هه‌ندێ جار پێموایه هه‌رئه‌وه‌نده زار بكه‌مه‌وه، ده‌توانم خۆ ڕزگار بكه‌م له چنگ ئه‌و هه‌موو قسه نه‌‌گوتراوانه‌ی مێشكیان داگیر كردووم. هه‌ندێ جار پێم وایه به‌س ئه‌گه‌ر دانیشیم و خۆم بنووسمه‌وه. به‌س ئه‌گه‌ بتوانم ئه‌و ده‌نگانه‌ی له ناو مێشكمدا به‌سه‌رما ده‌ڕوخێن، بێده‌نگ كه‌مه‌وه. به‌س ئه‌گه‌ خۆ بسپێرمه ویستی ڕۆیشتن و بڕۆم، له چنگ ئه‌و ڕۆچوونه ڕزگارم ده‌بێت، هه‌ندێ جار پێم وایه به‌س ئه‌گه‌ر بگه‌مه ئه‌مڕۆ، بگه‌مه ئێستا، ئارام ده‌بمه‌وه. هه‌ندێ جار كه خۆم ده‌بیستمه‌وه كاتێ باسی تـــــــۆ ده‌كه‌م، یان ئه‌وێ، یان ئه‌وان، ترسێک دامده‌گرێت، له خۆم ده‌پرسم خه‌یاڵه یان ڕاستی؟ خه‌ونه یان خۆزگه؟ سنووری ڕاستی، خه‌یاڵ و خه‌ون تێكه‌ڵ ده‌كه‌م!

هه‌ندێ جار له‌وپه‌ڕی سنووری خه‌یاڵ، خه‌ون، له‌و په‌ڕی سنووری ترسه‌وه، بیرت ده‌كه‌م!


ڕۆژه‌كان پڕن له هه‌لات هه‌ڵات. خۆ سه‌رقاڵ كردن بۆ بیرنه‌كردنه‌وه. خوێندنه‌وه بۆ له‌بیر بردنه‌وه. خه‌ڵک سه‌ر به‌رده‌ده‌نه‌وه و ده‌ڕۆن. هه‌موو هه‌میشه په‌له‌یانه! كه‌س، قه‌ت كاتی بۆ هیچ و بۆ كه‌س نییه! هه‌ندێ جار وا هه‌ست ده‌كه‌م له شتێک هه‌ڵده‌ێن، به‌ره‌و شتێک كه نازانن چییه! هه‌موو هـــه‌ڵـــدێن. منیش! منیش هه‌ڵدێم و بیرده‌كه‌مه‌وه به‌و هه‌‌نگاوه خێرایانه‌ی هه‌ڵیده‌گرمه‌وه، ده‌مه‌وێت به كــــوێ بگه‌م؟ له‌م هه‌ڵات هه‌لاته‌مدا، چه‌ند جار به ته‌نیشت ژیاندا تێپه‌ڕیوم؟ چه‌ندجار ئارامی ڕووبه‌رووم هاتووه و نه‌مدیوه؟ چه‌ند جار ده‌متوانی وچانێک ‌بده‌م و تاوێک بحه‌سێمه‌وه؟ منیش هه‌ڵدێم. بـــــۆ؟ له‌چی؟ به‌ڕه‌و چی؟ نازانم و دیسان پڕ ده‌بم له هیچ!

شه‌و به‌ڵام كه دێت، له‌سه‌ر پشت كه ڕاده‌كشێم و ده‌ست ده‌خه‌مه ژێر سه‌رم، كه سه‌یری سه‌مای سێبه‌ره‌كانی سه‌ر میچی ژووره‌كه‌م ده‌كه‌م، ڕێک ئه‌و ده‌مه‌ی یه‌ک چركه به درێژایی ته‌مه‌نێک ده‌كێشرێته‌وه، ئه‌وكاتانه‌یه زۆرتر له هه‌میشه خۆشمده‌وێیت و پڕ‌ده‌بمه‌وه له خۆم، له تۆ ، له ویستن. وه‌بیرم دێته‌وه كه تۆ نه‌بووی، كه تۆ هێشتا نه‌هاتبووی، كه تۆم نه‌ناسیبوو، كه هێشتا سڕی سه‌رپه‌نجه‌كانم به گه‌رمای ناو ده‌ستت نه‌شكابوو، كه هێشتا باران ته‌ڕی نه‌كردبووین، كه هێشتا هیچ شه‌وێكی له ناو باوه‌شتدا، ون نه‌بووبووم، ته‌نیایی ئه‌وه‌نده تاڵ ‌نه‌بوو، منیش كه‌متر ده‌ترسام، كه‌متر بیانووم ده‌گرت. كه‌چی، هه‌موو شه‌وێ، له‌سه‌ر پشت كه ڕاده‌كشێم و ده‌ست ده‌خه‌مه ژێر سه‌رم، سه‌یری سه‌مای سێبه‌ره‌كانی سه‌ر میچی ژووره‌كه‌م كه ده‌كه‌م، ڕێک ئه‌و ده‌مه‌ی یه‌ک چركه به درێژایی ته‌مه‌نێک ده‌كێشرێته‌وه، من دیسان، به قه‌د هه‌میشه خۆشمده‌وێیت!


Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------