November 20, 2004
په‌ندی پێشینیان ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر شه‌ممه بوو و بێ‌تاقه‌ت بووی، دانیشه وێبلاگ بنووسه". تاقی ده‌كه‌مه‌وه، یه‌ک، دوو سێ ... ده‌نگ دێت؟ ده‌گه‌ڵ سانا قسه‌م كرد. خۆش بوو. كه‌مێک له پشت سه‌ری دایكی قسه‌مان كرد، كه‌مێک باسی "دارین" و دانیێل"مان كرد. قه‌رار وایه حه‌فته‌ی داهاتوو من ده جار‌و سانـــــــــاش پێنج جار، ده‌نگ بده‌ین به دارین. ئه‌وه‌ش له كوردایه‌تی كردنی من و سانـــــــا. ده‌لێم سانا به‌ڵام بۆیه ده‌نگی پێده‌ده‌ین چونكه ده‌نگی خۆشه، وه‌نـــــــــێ؟ ده‌ڵــــــــێ: بێ‌گومان، به‌ڵام چونكه كوردیشه! شه‌ممانه ناخۆشه. هه‌میشه پێم ناخۆش بووه. ئه‌و قسه ڕاست نه‌بوو، له‌وه‌تی "كوردی هه‌نده‌رانم" پێم ناخۆشه، ده‌نا جاران هه‌ر هه‌ینی، ئه‌و ڕۆژه پیرۆز و موباره‌كم پێ ناخۆش بوو. له به‌یانییه‌وه، ده‌جار ویستوومه خۆ ساز بكه‌م و بڕۆمه ده‌رێ و كه‌مێک خرته‌وپرته بكڕم، كه‌چی په‌توو شینه‌كه‌م وه‌ک چارشێو شانی نه‌نه‌ی ڕه‌حمه‌تی به سه‌ر شانم داداوه و دێم و ده‌چم و هیچ ناكه‌م. قه‌ت باسی نه‌نه‌م بۆ نه‌کردووی، نا؟ نا، باسی زۆر شتم بۆ نه‌کردووی. ئه‌و نه‌نه‌یه، نه‌نه‌ی من نه‌بوو، به‌ڵام هه‌موومان منداڵ و گه‌وره‌ی گه‌رێک به نه‌نه با‌نگم ده‌كرد، كۆم ببۆوه، زۆر پیر بوو. نزیک سه‌د ساڵی ده‌بوو. هه‌میشه، به هاوین و به زساتن چارشێو شانی په‌شمینه‌ی شینی به شانییه‌وه بوو. هه‌میشه له‌و كلاوانه‌ی قه‌دیم مۆد بوون و ده‌وراده‌وره‌كه‌ی به پوڵه‌که و مرواری ڕازابۆوه، له سه‌ری ده‌كرد، هه‌میشه ده‌سماڵی سپی به‌سه‌ر داده‌دا. شه‌وانی زستان ده‌هاته لای ئێمه. نه‌نه به‌س سێ ده‌نک ددانی مابوو. دوو له خوارێ و یه‌ک ده‌نک له سه‌رێ. حه‌زی بێداد له چای و توو بوو. چای ده‌خوارده‌وه، تووی به ده‌ستی ده‌قرتاند و له زاری ده‌نا و چیرۆكی زه‌مانی هاتنی ڕووسه‌کان بۆ شاری خۆمانی بۆ ده‌گێراینه‌وه و هه‌میشه‌ش له كۆتایی قسه‌كانیدا ئاخێكی هه‌ڵده‌کێشا كه بۆ هه‌ر ئه‌و ده‌م كه كچێكی جوان و له‌بار بووه، مێـــــــــردی به كوڕێكی ڕووس نه‌کردووه و نه‌ڕۆیشتووه. ده‌یگوت یه‌ک دوودانه ڕووس داواین كردبوو، به‌ڵام بابی نه‌یدابوو. نه‌نه پێشه‌وای دیبوو. پێم وایه من له چیرۆكه‌كانی نه‌نه را بوو عاشقی پێشه‌وا بووم. تا پاره‌كه‌ش ئه‌و عه‌شقه سه‌یره‌م هه‌ر مابوو. ئه‌ی هاوار، هێشتا هه‌ر شه‌ممه‌یه! ته‌واوی نایه. په‌ندێكی‌تری پێشینیان هه‌یه كه ده‌ڵێت:" ئه‌گه‌ر كه‌س نه‌بوو چای ده‌گه‌ڵ بخۆیه‌وه، هه‌ڵێ تێكیلایه‌ک بۆ خۆت تێكه و به سڵامه‌تی خۆت بیخۆوه و دانیشه وێبلاگ بنووسه" كه‌مێک، ئه‌وه‌نده كه‌م كه به گوناحی نه‌نووسن، سان‌ڕایز ساز ده‌كه‌م و به سلامه‌تی خۆم و خۆت ده‌ێخۆمه‌وه. با نه‌قڵی " شتی وا" تان بۆ باس بكه‌م. كاكه من خوشک و برایه‌کم هه‌نه(!!) وه‌ک به‌رگی گوڵ وان. دڵنیام ئه‌گه‌ر ئه‌و دووانه گه‌رنی من ئازا نه‌كه‌ن، من قه‌ت له پردی "سیرات" به ساغی ناپه‌ڕێمه‌وه. به منداڵی زۆرم ئه‌زیه‌ت ده‌كردن. به‌تایبه‌ت خوشكه‌كه‌م. ئه‌و كچه فه‌قیره هه‌ر جاره‌ی "ژوانی" هه‌بوو، ده‌گه‌ڵ من تووشی گرفت ده‌بوو. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه بوو خوشكه‌كه‌م و هاورێیه‌كی دوو كچی زۆر شه‌یتان بوون. ئه‌و دوو كچه حه‌زیان له دوو كوڕ كه هاوڕێ بوون ده‌كرد. ئه‌وه‌ی خوشكه‌كه‌م ناوی هیوا بوو. هیوا به‌راستی جوان بوو. بۆیه هه‌موو جارێ كه خوشكم ده‌گه‌ڵ هیوا ژوانی هه‌بوو، من شینی دونیا‌م ده‌گێرا كه منیش دێم ده‌نا بۆ دایکم و كاكم و هه‌موو كه‌س ده‌گێرمه‌وه! خۆ به پێی شه‌رع و دین كچی نۆ ساڵه ته‌واو دڵی هه‌یه!!! نازانم بۆ خوشكم تێنه‌ده‌گیشت بابه گیان منیش دڵم هه‌یه و حه‌ز ده‌كه‌م هیوا ببینم. هیواش، هه‌موو جارێ به خوشكمی ده‌گوت: بیهێنه ده‌گه‌ڵ خۆت، قه‌ی ناكا! به‌و جۆره بوو من ژوانه‌كانی خۆشكم تێكده‌دا. ئاخر تا من له‌وێ بام هیچی "دڵــــدارانه" نه‌ده‌قه‌وما. كه‌چی ڕۆژێكی خوشكم گوتی ئه‌گه بشمری ناتبه‌م ده‌گه‌ڵ خۆم. منیش وه‌ک منداڵێكی لووسی ( لووسی هه‌ولێری نا، لێتان تێكنه‌چێت) پاشه‌به‌ره، هینده گریام تا دایكم وه‌ده‌نگ هات. له خوشكمی پرسی باشه بۆ كوێ ده‌چی نایبه‌ی ده‌گه‌ڵ خۆت؟ خوشكم سه‌ری لێ شێوا فه‌قیره. گوتی: ده‌گه‌ڵ هاوڕێكان كۆ ده‌بینه‌وه، كتێب و "شتی وا" ده‌خوێنینه‌وه، قسه و "شتی وا" ده‌كه‌ین، به‌حس و "شتی وا" دێته گۆڕێ، جێی منداڵان نییه. منیش خۆش خۆش به دایكم ده‌گوت: لێی پرسه، ئه‌تۆ لێی پرسه " شتی وا" یانی چی! با سه‌رتان نه‌هێنمه ئێش، ئه‌و ڕۆژه خوشكم به بۆنه‌ی منه‌وه نه‌یتوانی بچێته ژوان، جاره‌كانی‌تریش به‌دزی من ده‌چوو و منیش ورده ورده هیوام له بیر چووه و ئه‌و دڵدارییه‌شم به ناكامی ته‌واو بوو. باوه‌ڕ ده‌كه‌م هه‌ر له‌و كاته‌وه بوو " ... و شتی وا" بۆ من مانای په‌یدا كرد. جارێكیش ده‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی گوڵی زۆر ماقوڵ، له وڵاتێكی غه‌ریب، له ناو قه‌تاردا دانیشتبووین و به‌ره‌و شارێک كه نه‌مانده‌زانی كوێیه ده‌ڕۆیشتن. ئاشنایه‌كی ئه‌و هاوڕێ گوڵه‌م لێمان په‌یدا بوو. منی پێ ناساند. له به‌ختی ڕه‌ش به ئاشنای كۆنی براكه‌م ده‌رچوو. ئاشنای كۆنی براكه‌كم نازانم بۆ پێی وابوو ده‌گه‌ڵ منیش ده‌بێت "ئاشنا" بێت، ده‌ستی كرد به پرسیار كردن و پێداهات، كێم و له كوێ ده‌ژیم و چی ده‌كه‌م، شه‌وانه چه‌ند ساعه‌ت ده‌خه‌وم، چی ده‌خۆم، چه‌ند كیلۆم و فلانی منداڵی هه‌یه و یان بـــــۆ منداڵیان نییه، منداڵیان نابێت؟ (جا هه‌ر بڵێین ژن به قسه وباسن، خۆ ئه‌وه پیاو بوو!) و دوایی له‌ناكاو پرسی: مێـــــــــرد و " شتی وات" هه‌یه؟ منیش له‌سه‌ره خۆ گوتم: " مێرد نا، به‌ڵام شتی وام هه‌یه"، ئاشنای كۆنی براكه‌م ئیتر قسه‌ی ده‌گه‌ڵ نه‌كردم، و هه‌ستم به له‌ره له‌ری شانی هاوڕێكه‌م كرد، خۆی بۆ ڕانه‌گیرا، عه‌یب نه‌بێت، هه‌ستا چوو "ئاوده‌ست"! نازانم لــــــــــــه‌وێ چـــــــــی كرد! هاوار به ماڵم ... هێشتاش هه‌ر شه‌ممه‌یه! وه‌کی ئێوه بزانن سه‌باره‌ت به ڕۆژی شه‌ممه و شتی وا هیـــــچ فه‌توایه‌ک نه‌دراوه؟
Comments:
Post a Comment
|