December 1, 2004
سه‌رده‌مێكی سه‌یره. وشه‌كان هه‌ر دێن و كاڵتر ده‌بنه‌وه. ماناكان ناگه‌یه‌نن. قسه كردن نابێت به پردێک بۆ به‌یه‌ک گه‌یشتن، یان له یه‌ک تێگه‌یشتن. كاتی وا چ شتێک له بێده‌نگی خۆشتر ده‌توانێت بێت؟ **** ته‌واوی ڕێ، له ناو قه‌تاردا، به‌رامبه‌ر به ئاسنێكی ژه‌نگاوی گریام. ده‌سره‌شم پێ‌نه‌بوو لوتم بسڕمه‌وه یان گۆنام وشک كه‌مه‌وه. به‌خت یار بوو ده‌سته‌وانه‌م له ده‌ست دابوو! له ده‌رێ، ئێریكام تووش بوو. قسه‌یه‌ک له من و یه‌ک له‌و، ده‌نگی قاقای پێكه‌نینی ئه‌و بوو ده‌بوو به هۆی ئاووڕ‌دانه‌وه‌ی ڕێبواره‌كان. ورده ورده باوه‌ڕ ده‌كه‌م ئه‌کته‌رێكی زۆر باشم و ئه‌و ڕۆڵه‌ی "لێم چاوه‌ڕوان ده‌كردرێت" به باشی به جێی دێنم. بـــــژی ماسک! **** له لایه‌ک، هه‌ندێ كه‌س ده‌ست ده‌خه‌نه سه‌ر شانت و به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت به خۆیان ده‌ڵێن " ئۆیییی خۆزگه‌م به دڵی خۆت، هیچ خه‌مت نییه. بریا من به جێی تۆ بام" و له لایه‌کی‌تره‌وه كۆمه‌ڵێک به فه‌سله‌فه‌ی قۆڕی "سه‌ختی مه‌گره، دونیا دوو ڕۆژه." یان " هه‌ر ئه‌وه‌یه كه هه‌یه، چیت پێ ناكرێت" خه‌ریكن ده‌تخنكێنن و له‌ولا‌تریشه‌وه جه‌ماعه‌تێک تا ژێستی "ئه‌مڕۆیی بوونیان" تۆزی له سه‌ر نه‌نیشێت، ده‌كه‌ونه سه‌فسه‌ته و هه‌ندێ وشه‌ی قه‌به و زل، یان مۆدڕن و مۆد، وه‌ک بنێشتی كوردی هه‌ڵده‌سوورێنن، و ناوێری ماندوو یان بێده‌نگ بیت زوو، قۆڵ هه‌ڵده‌ماڵن و كه‌مێک سه‌ریان لار ده‌كه‌نه‌وه و ئاخێک هه‌ڵده‌كێشن و باسی نه‌خۆشی دیپریشێنت بۆ ده‌كه‌ن و ناوی یه‌ک، دوو، سێ حه‌بی به‌ناو بانگ وه‌ک "زۆلۆفت" و " سیپرامیل" و چووزانم چی چی میلت بۆ ڕیز ده‌كه‌ن و ناوی چه‌ند دۆست و ئاشنا و ناسیاوی خۆیان دێنن كه یه‌كیان خۆی كوشتووه و یه‌کیان له شێتخانه‌یه و ئه‌وه‌ی تریان خانه‌نشینه و ده‌رگای له‌سه‌ر خۆی داخستووه و به دوایدا چه‌ند تئـــوری تازه و كۆن به ناوی خۆیان داده‌رێژن كه‌وا بكه و وا مه‌که. و من قاقا پێده‌كه‌نم به ڕیشی ئه‌و میلله‌ته بێكاره‌ی وه‌ها نوقمی له‌زه‌تی فه‌لسه‌فه و سه‌فسه‌ته‌ی خۆیانن، و ئه‌وه‌نده هیلاكی ته‌بابه‌ت و نه‌سیحه‌ته سه‌نگین و ڕه‌نگینه‌كانیانن، قه‌ت له بیریان نابێت ببینن یا ببیستن.... داوایـــــه‌كی زۆره؟ **** سه‌رده‌مێكی سه‌یره، گرێی په‌یوه‌ندییه‌كان وه‌ک گرێی به‌رهه‌ڵبێنه به ناو بانگه‌كه كه " هه‌ر ده‌ڕۆیی و ده‌کراوه" شل و شه‌وێڵه و به فوویه‌ک بــــــــه‌نـــــــــده! ..... فووووووووو **** به به‌فر ده‌ستی پێ كرد، دوایی كردی به باران. نه‌ک بارانێكی ئاسایی، وه‌ک ورده شووشه ببارێ وا بوو. نه‌رمه بایه‌کی ساردیش ده‌هات. سڕی ده‌كردی. بارانه‌که به‌ڵام سه‌یر بوو. كه وێت ده‌كه‌وت وه‌ک بڵێی به نینۆک سه‌رگۆنات داڕووشێنێت وا بوو. ئێشی ده‌هات. خۆ گوتم، باران نه‌بوو، وه‌ک ورده شووشه ببارێت وا بوو. سارد بوو. دوای چه‌ند هه‌نگاوێک له سه‌ر په‌نجه‌كانی ده‌ست وپێت ته‌واو بێ خه‌به‌ر ده‌بووی! ****** ... ده‌زانی، كه مرۆڤ كه‌سێكی خۆش ویست، زۆرتر هه‌ست به ته‌نیایی ده‌كات، چونكه ناتوانێ به هیچكه‌سی‌تر، جگه له‌و كه‌سه خۆی، بڵێت چ هه‌ستێكی هه‌یه. جا ئه‌و كات كه ئه‌و كه‌سه، مرۆڤ به‌ره‌و بێده‌نگی هان ده‌دات، ئیتر ئه‌م ته‌نیاییه، ده‌گاته ئه‌و په‌ڕی خۆی ... تامی ته‌نیایی، وه‌ک زه‌یتون وایه، تاڵه! زه‌یتونیش، یه‌که‌مجار كه تامی ده‌كه‌ی، هیچ خۆش نییه، كه‌چی ورده ورده فێری تامه تاڵه‌كه‌ی ده‌بیت و زۆر جاریش ئیشتیای ده‌كه‌ی. منیش هه‌ندێ جار، دڵته‌نگی ته‌نیاییه‌كانم ده‌بم. ده‌مێكه ئه‌و ڕاستییه‌م بۆ ده‌ركه‌وتووه: وانییه كه مرۆڤ ته‌نیا بمێنێته‌وه. مرۆڤ له سه‌ره‌تای ژیانییه‌وه هه‌ر ته‌نیا بووه و تاڵیش، تامێكه وه‌ک هه‌موو تامه‌كانی تر ... *** ... به خۆم ده‌ڵێـــــــم بریا بێ ئه‌وه‌ی له‌مه زیاتر له‌ت له‌ت بم، به‌رگه‌ی ئــــــــــه‌و ڕۆژانـــــــــه بگرم!
Comments:
Post a Comment
|