December 26, 2004
I miss you
Most at Christmas time And I can't get you Get you off my mind Every other season comes along And I'm all right But then I miss you Most at Christmas time لێره دانیشتووم. وشه‌كان له ناو پێچ و په‌نای داڵانه‌كانی زه‌ینی ئاڵۆزم ڕێ ون ده‌كه‌ن. له ده‌رێ به‌فر ده‌بارێ و من ماندوویه‌تی و تاسه‌م له پشت خواردنه‌وه‌ی چای و گوێدان به " قژ كاڵی لێو ئاڵ" و نه‌کردنه‌وه‌ی نامه ئیدارییه‌كان، نه‌شووشتنی قابه‌كان و نوقم بوون له ناو بیره‌وه‌رییه‌كانمدا ده‌شارمه‌وه. سه‌یـــــر بیــــــرم كردووی. له‌بیرمه دوو ساڵ پێش، ئه‌وده‌مانه، تۆ هات بووی و ڕۆیشتبوویه‌وه. كاتمان ئه‌وه‌نده هه‌بوو پێكه‌وه بچین كۆڵێک خرته و پرته‌ی كریسمه‌س هه‌ڵگرین بۆ كڕین و له‌به‌ر ده‌رگا داینێینه‌وه. دوو ساڵ پێش، ئه‌وده‌مانه، زستان ئاوا بێده‌نگ نه‌بوو. دوو ساڵ پێش، ئه‌وده‌مانه، "هه‌میشه" قه‌ت ئه‌وه‌نده كورت نه‌بوو. دوو ساڵ پێش، ئه‌وده‌مانه، بۆ پێكه‌نین هیچ به‌هانه‌یه‌ک پێویست نه‌بوو... ئێستا، ئه‌مـشه‌و ــــ منێ كــــــــه بیره‌وه‌ری هه‌موو ڕووداوه تاڵه‌كانی شه‌ڕ و خوێـــــن و مردن و ته‌قه و برسیایه‌تی و سه‌فه دوور و درێژه‌كانی گۆشت و په‌نیر و مه‌لامینی كۆپۆنی و پشكنینی ناو كتێبه‌كانمان و دروژمه‌كانی سه‌رله به‌یانی، پێش چونه سه‌ركلاس و ده‌نگی شه‌یدا كه قورئانی ده‌خوێند، ته‌نانه‌ت ڕوانینی پیسی "پاترۆڵه سه‌وزه‌كانی" پاش نیوه‌ڕۆی ڕێگه‌ی مه‌دره‌سه‌م، به خۆشه‌ویستییه‌وه تێكه‌ڵی بیره ساكاره‌كانی منداڵیم كردووه تا نه‌ڕووخێم ــــ پڕم له هیچ و له سیمای سارد و نیگای به‌تاڵی خۆم ده‌ترسم و دڵم ده‌گیرێ و خه‌مه‌كانی خۆم و هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه خه‌میان تێكه‌ڵی خه‌ونه‌كانیشم بووه، له‌ناو لاپه‌ره بچووكه‌كانی پاسپۆرته سووره‌كه‌مدا-- كه پێم ده‌ڵێت خه‌ڵكی وڵاتێكم، لێی له دایک نه‌بووم-- حه‌شار ده‌ده‌م و ترس و تاسه و ته‌نیاییه‌كانم قوت ده‌ده‌مه‌وه و له‌به‌ر ئه‌و بێ ده‌سه‌لاتییه‌ی بۆته كه‌ڵه‌پچه‌ی ده‌ست و پێم، شه‌رم له خۆم ده‌كه‌م ... ئاگام له دڵم نییه. سه‌یره، نا؟ ئه‌ویش له‌م سه‌رده‌مه، كه له چركه‌یدا و به داگرتنی یه‌ک دوگمه، سه‌ر به هه‌موو كه‌لێن و قوژبنی دونیادا ده‌كه‌ی و ئاگاداری هه‌موو ڕوداوه خۆش و ناخۆشه‌كان ده‌بیت. سه‌ردێڕی هه‌واڵه‌كانی حه‌فته‌ی پێش لێره باسی هاورێ كچه‌كه‌ی "بوریس ویلیس" بوو كه به پێی یاسای كه‌ر و خۆڵه‌مێش، خه‌ڵكی ئێره‌یه، شانازییه‌كی زۆره! ڕوژنامه‌كان پڕ بوون له وتاری دوور و درێژ له سه‌ر جوانترین جلی جێژنی خه‌لاتی نۆبێل. ئاگام لێیه له سوچێک گوگوش ده‌گریت و له سوچێكی‌تر حاجیه سه‌نگسار ده‌كه‌ن و لایه‌كی‌تر له‌یـــــــــلا له دار ده‌ده‌ن. ئاگام لێیانه. ئاگام به‌ڵام له دڵم نییه.... ده‌ڵێم، هاورێم هه‌رچی بوو، هه‌رچی گوتمان، هه‌رچی دیتمان، ئیتر گرنگ نییه. چۆن گه‌یشتینه ئێره و بۆ لێره گیرساوینه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش ئیتر گرنگ نییه. ساعه‌ت دووی به‌یانییه و من لێره دانیشتووم و بۆ گوتنی ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت بیڵێم، داماوم. ئه‌گه‌ر ئێستا، ئه‌گه‌ر هه‌ر ئێستا، نه دواتر و نه دره‌نگتر، لێره بای، ڕاستترین چیرۆكم بۆ ده‌گێرایه‌وه. چیرۆكی ژنێک كه بوو، یان پێی وابوو كه هه‌یه! ڕه‌نگه ئه‌وه نه‌زانی كه من زۆرم حه‌زم له چیرۆک گێرانه‌وه‌یه، به‌ڵام به‌و مه‌رجه لێره بیت و من سه‌ر بكه‌مه سه‌ر ڕانت و تۆ كایه به قژم بكه‌ی و من به وشه‌كان. به‌ره به‌ری به‌یانییه، سارده. له ده‌رێ به‌فر ده‌بارێ. به‌فرێكی خێچ و خوار. من سه‌رپه‌نجه‌كانم سڕن و ئه‌و بێده‌نگییه كه‌ڕی كردووم. دوو ساڵ پێش، ئه‌وده‌مانه، ده‌متوانی هه‌ر كات پێم خۆش بێت ده‌نگت ببیستم، ده‌متوانی هه‌ركات پێم خۆش بێت نامه‌ت بۆ بنووسم، ده‌متوانی به دڵنیاییه‌وه چاوه‌ڕوانی وڵامه‌كانت بم، ده‌متوانی ڕۆژی هاتنت له ناو ڕۆژ ژمێره‌كه‌مدا بنووسم و ده‌مزانی چاوه‌ڕێی چیم. دوو ساڵ پێش ئێستا ده‌متوانی كه‌مێک بگریم، كه‌مێک پێبكه‌نم، كه‌مێک بژیم. له دوو ساڵ پێش تا ئێستا وه‌ک بڵێی سه‌د ساڵ تێپه‌ڕیوه. وه‌ک ئه‌و سه‌د ساڵه‌ی له شه‌وێكی تاری پراگ به سه‌رمانا ڕووخا. هه‌نده‌ی نه‌مابوو خه‌ونه‌كانمان ون كه‌ین. ئه‌و جاره هێشتا وا دره‌نگ نه‌ببوو، له‌بیرته؟ تاریک و ڕوونی ئێواره‌ی جاده‌یه‌كی درێژ، سه‌رپه‌نجه‌كانی من كه‌وته سه‌ر شانت و خزییه سه‌ر سنگت، ڕێک له‌وێ، له گۆشه‌ی چه‌پی سنگت، ده‌ستم بوو به كۆڵه‌كه تا نه‌ڕووخێین. له دوو ساڵ پێش تا ئێستا، به قه‌د سه‌د ساڵ ژیاوم، به قه‌د سه‌د ساڵ مردووم. تـــــــــۆش سه‌د ساڵه لێره نیت و سه‌د ساڵ، سه‌مای سێبه‌ره‌كانی سه‌ر میچی ژووره‌كه‌م، ماندووی كردووم... بــــــــه‌س نییه؟
Comments:
Post a Comment
|