Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

January 16, 2005

ناوی كتێب: The Bridges of Madison County
ناوی نووسه‌ر: Robert James Waller

چیرۆكێكی كۆن! ژنێک كه مێردی هه‌یه، گیرۆداوی ئه‌وینێک كه "ناتوانێت" خۆی لێ بپارێزێت، ده‌بێت. و پرسیاره كۆنه بێ‌وڵامه‌كان دیسان خۆ ده‌نوێننه‌وه: ئایا ئه‌مه خیانه‌ته‌؟ به قسه‌ی دڵی بكات؟ سنووره‌كان بشكێنێت؟ ئایا ئه‌م ئه‌وینه تاوانه؟ ڕه‌وایه كه "له به‌ر دڵی منداڵه‌كان" بمێنێته‌وه و درێژه به ژیانێكی "بێ‌ئه‌وین" بدات؟ ڕه‌وایه ئه‌و هه‌موو ساڵه ژیانی هاوبه‌ش ده‌گه‌ڵ‌ مێرده‌كه‌ی، بۆ ئه‌وینێک كه وا له ناكاو و وادره‌نگ، داگیری كردووه، به‌جێ بێڵێت؟ ئایا له نێوان دایک بوون و ژن بوون دژایه‌تی ئه‌وه‌نده زۆره؟ كه بووی به دایک، مافی بڕیاردان له سه‌ر ژیانی خۆتت نامێنێت؟ ته‌مه‌نی ئاشق بوون، سنوورداره؟ ئایا ئه‌م ئه‌وینه ده‌گه‌ڵ تێپه‌ڕ بوونی كات، كاڵ ده‌بێته‌وه؟ له بیر ده‌چێته‌وه؟

باوه‌ڕ ناكه‌م كه‌س وڵامی ڕاست یان درووستی له لا ده‌ست كه‌وێت. ڕه‌نگه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانی به دڵنیاییه‌وه وڵام بده‌یته‌وه، ده‌بێت تووش بیت. ده‌بێت ئه‌و شته ته‌جره‌به بكه‌ی و بزانی چه‌نده ئاسان یا چه‌نده دژواره! ئه‌و "باشی" و "خراپی"یانه‌ی ئێمه فێری بووین، هه‌مووی نسبین و هیچ شتێک ‌ناتوانێت ته‌واو و سه‌د له سه‌د بێت، ده‌توانێت؟ مه‌گه ئه‌و پێوانانه خۆمان سازمان نه‌كردوون؟ ده‌ی بــــۆ یان چۆن ناتوانین خۆمان هه‌ڵیوه‌شێنینه‌وه؟ وژدان چی؟ ئه‌ویش نسبییه، نا؟ قازانجی ئه‌وه‌ی كه سنوور بكێشینه ده‌وری هه‌ستی مرۆڤه‌كان، له‌چی دایه؟ قازانجه‌كه بۆ كێیه؟

شته‌كان نسبین ... بایه‌خه‌كان، ماناكان، ئه‌زمۆنه‌كان، له كه‌س تا كه‌س، له هه‌لێک تا هه‌لێكی‌تر، جیاوازن. قه‌ت یه‌ک شت و هه‌مان شت بۆ دوو كه‌س ناتوانێت یه‌ک ‌مانا و هه‌ستی یه‌كسانی هه‌بێت، ته‌نانه‌ت بڤه‌یه‌كی وه‌ک "خه‌یانه‌ت" كه له لای ئێمه و به باوه‌ڕی ئێمه تف و له‌عنه‌ت كراوه ...

پرسیاره‌كان زۆرن. په‌ڕانه‌وه له سنووره‌كان، لادان له‌و "ده‌بێ" و "نابێ"یانه‌ی به خه‌تی سوور به ده‌ورماندا كێشراوه، خۆ هه‌میشه ناتوانێت خراپ بێت، ده‌توانێت؟ هه‌موو لادانێک، هه‌موو په‌ڕانه‌وه له سنووره مه‌منووعه‌كان، خیانه‌ته؟ مه‌گه‌ ڕاستییه‌كی حاشا لێنه‌کراو ئه‌و نییه كه زۆر جار ئێمه لا ناده‌‌ین، به‌س چوونكه ناوێرین؟ مه‌گه‌ جگه له‌وه‌یه كه زۆر جار مانه‌وه‌مان به هۆی تــــــرسی خۆمان له په‌رینه‌وه‌یه‌؟ مه‌گه وانییه كه زۆرجار، مانه‌وه له ناو په‌یوه‌ندییه‌ک كه نامانه‌وێت له ڕووی ترس و بێ‌هێزی خۆمانه؟ مه‌گه‌ زۆر جار زۆر كه‌س له ژێر نـــاوی "وه‌فـــاداری" - ناچاری- ورده ورده نه‌تواوه‌ته‌وه؟ ئه‌و چوارچێوه‌ی به ناوی " ئه‌خلاق"، بۆ بڕیاره‌كانمان دامه‌زراوه، چه‌نده ڕاست یا درووسته؟ مه‌گه ئێمه وا فێر نه‌کراوین كه ژیانمان به كراسی سپی ده‌ست پێده‌كات و به كفنی سپی كۆتایی پێ دێت؟ له پشت "ده‌ڵێی چی، قسمه‌ت و نه‌سیبی منیش هه‌ر ئه‌وه‌ بوو"ی دایكه‌كان، كه‌لاكی چه‌ند هه‌زار خۆزگه و بریا چاڵ كراوه؟ ڕه‌وایـــه "عاده‌ت" جێی "ئه‌وین" و "خۆشه‌ویستی" بگرێته‌وه؟



Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------