Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

March 8, 2005

1) .....

له سه‌ر باشی بوون و نه‌بوونی ڕۆژی جیهانی ژن ده‌کرێت بۆچونی جیاواز و جۆربه جۆر هه‌بێت. له سه‌ر ئه‌وه كه بوونی ڕۆژێک به ناوی ڕۆژی ژن - به تایبه‌ت له ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری- هیچ شوێنێكی هه‌بوو و هه‌یه ده‌کرێت به درێژی قسه بكه‌ین. له سه‌ر ڕوانینی ڕێكخراوه كوردییه جۆر به جۆره‌كان له سه‌ر ڕۆژی ژن و هه‌ڵ‌ و مه‌رجی ژیانی ژنان زۆر شت هه‌یه ده‌بێت باس بكرێت. من خۆم ئاره‌زووم بوو له سه‌رده‌مێک ژیابام هیچ رۆژێک به ناوی ڕۆژی ژن، پێویست نه‌بایه. خۆم ئاره‌زووم بوو له دونیایه‌ک ژیابام مرۆڤ ده‌گه‌ڵ ‌مرۆڤ یه‌کسان بان و بایه‌خه‌كان به پێی توانییه‌كان دابه‌ش ‌كرابان نه‌ک ‌به پێی جنسییه‌ت. كه‌چی ئێستا،به‌داخه‌وه، بۆ دیتنه‌وه‌ی ئه‌و ژنه‌ی زوڵمی لێكراوه و مافی پێشێل بووه، پێویست ناكات زۆر چا بگێری. هه‌‌‌نگاو به هه‌‌نگاوت دێن. هه‌موو ڕۆژی ده‌یانبینیت. هه‌ندێ جار دڵت بۆیان ده‌سووتێ. هه‌ندێ جار ڕقت لێیان ده‌بێته‌وه. له كۆمه‌ڵگه‌یه‌ک‌ وه‌ک كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری ئاسه‌واری ئه‌و زه‌خت و زۆرییه‌ی هه‌یه له سه‌ر ناوچاوانی زۆر ژن، جێ پێی خۆی داناوه.

ژنێک كه له مافی ده‌رس خوێندن بێ‌به‌ش ‌ده‌كرێت.
ژنێک كه به زۆر به شوو ده‌درێت.
ژنێک كه مافی په‌روه‌رده‌كردنی منداڵه‌كانی پێ ناده‌ن.
ژنێک كه مافی جیابوونه‌وه‌ی نییه.
ژنێک كه لێی ده‌درێت.
ژنێک كه ده‌ست درێژی لێده‌کرێت.
ژنێک كه به پێی یاسا به كه‌متر له پیاو ده‌بیندرێت.
ژنێک كه ده‌سه‌ڵاتی له‌شی خۆی نییه.
ژنێک كه مافی "نا" گوتنی نییه.
ژنێک كه بێ ئیزنی پیاوی خاوه‌نی- مێرد، باب، برا، مام- ئیزنی چوونه ده‌ر و سه‌فه‌ر كردنی نییه.
ژنێک كه مامه‌ڵه‌ی له سه‌ر ده‌كردرێت و وه‌ک كاڵایه‌ک له كڕین و فرۆشتن دێت.

ژنێک كه خه‌ته‌نه ده‌كرێت.
ژنێک كه به تاوانی خۆشویستنی پیاوێک ده‌كوژرێت.
ژنێک كه به تاوانی په‌یوه‌ندی سێكس ده‌گه‌ڵ پیاوێک ده‌كوژرێت.
ژنێک كه هیچ پشتوانه‌ی ئابوری- كۆمه‌ڵایه‌تی له لایان یاساوه پێنه‌دراوه.
ژنێک كه بۆ كاری به‌رابه‌ر موچه‌ی به‌رابه‌ری نییه.
ژنێک كه مافی بڕیاردان بۆ له‌باربردنی منداڵی ‌نییه.
ژنێک كه به پێی یاسا ئاینییه‌كان ده‌بێت به ئامرازێک بۆ ڕازی ڕاگرتنی پیاو.
....

ئه‌وه مێژوویه. مێژوویه‌ک كه پڕه ‌له به‌ڵگه‌ی نایه‌كسان بوونی مه‌رجه‌كان له نێوان ژن و پیاو. نایه‌كسانی ده‌سه‌ڵات له نێوان مرۆڤ و مرۆڤ. ده‌سه‌ڵاتێک كه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا پڕ له مه‌رجی نابه‌رابه‌ر، سه‌رهه‌ڵده‌دات و ڕیشه داده‌كوتێت. ده‌سه‌لاتێک كه ده‌بێته بناغه‌ی دارشتنی جیاوازییه‌كانی نێوان مرۆڤه‌كان...

*****

ڕۆژی جیهانی ژنه. چه‌ند ڕۆژی‌تر ڕێكخراوه‌ی ژنان له شاری ئێمه به‌م بۆنه‌یه جێژن ده‌گرن. وتاری ساڵی پێش سه‌رله نوێ ده‌خوێننه‌وه و دروژمه ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كانیان له ژێر ئاڵای سوسیالیزم یان نازانم چی‌چی ...لیزم دووپات ده‌كه‌نه‌وه. هه‌ندێ به شاخه گوڵێكی ڕۆز و هه‌ندێ به كڕینی باشترین vacuum cleaner- ی ناو بازار، یان هیچ نه‌بێت ملوانكه‌یه‌كی ئالتون ڕێــــــــز له ژنه‌كانیان ده‌گرن. بازاری هه‌ڵپه‌رێكێ گه‌رمه. بازاری گۆرانی بێژه‌كانیش هه‌روا. ڕادیۆ زریان به بۆنه‌ی ڕۆژی ژن گۆرانی "مینا خانم مینا" ی، بڵاو كرده‌وه. ڕادیۆ ده‌نگی ژنان شێعره‌كه‌ی حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌نی دانا و ژنیان گه‌یانده عه‌رشی خودایی و مۆری موقه‌ده‌س بوونیان له ناوچاوان دا....

به‌رنامه‌کانی ئه‌وساڵ (ڕێک وه‌ک‌ ساڵی پار): خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند وتارێک كه چه‌ند ساڵێک له ڕێكه‌وتی نووسینیان تێپه‌ڕیوه و گۆرانی "ئه‌و شانم نا ئه‌وشانم ، بمشێله مینا خانم" و خه‌روار خه‌روار دروژمی زل زل و چه‌ند پارچه شێعری ئێرۆتیک ...

هه‌موو لایه‌ك به‌خێر هاتن!




ps. تكایه منداڵه‌كان له لای ژنه‌كانتان، له ماڵێ، به جێ بێڵن!




Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------