Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

March 27, 2005

قه‌ت مه‌‌گه‌رێوه! (ئاسمانی هه‌موو شوێنێک هه‌ر شین نییه!)‌

منداڵیمان:
سرووده‌كانی " آهنگران" و مارشی نیزامیان داده‌نا و به‌ڕێوبه‌ری به‌رنامه‌ به هه‌موو هێزی خۆی ده‌‌یگوڕاند و به هه‌واڵی ئازایه‌تی و قاره‌مانه‌تی "سه‌ربازانی ئیمام زه‌مان" كه هه‌‌‌نگاو به هه‌‌نگاو دوژمنیان له خاكی وڵات دوور ده‌كرده‌وه، مێشكی داگیر ده‌كردین. نیوه شه‌و كه داده‌هات، ده‌نگی میگه‌كانی عێراقی و ئاژیری سوور، ده‌گه‌ڵ تاریكی تێكه‌ڵ ‌ده‌بوون و هه‌ناسه‌کانمان، كپ. میگه عێراقییه‌كان به سه‌ر ڕه‌شایی شاره‌كانه‌وه ده‌ڕشانه‌وه و "سه‌ربازانی ئیمام زه‌مان" گولله‌یان به تاریكییه‌وه ده‌نا. ده‌نگی ئامبولانس و هه‌ناسه‌ی دایک و بابه‌کان و گریانی منداڵان پڕ بوون له هه‌واڵی مه‌رگی ناوه‌ختی چه‌ند كه‌سی ناسیاو نه‌ناسراو... هه‌شت ساڵ، ئه‌وه ببوو به چیرۆكی شه‌وانی منداڵه‌تیمان و له‌ناو گرمه گرم و ده‌گه‌ڵ شین و شه‌پۆڕ چاومان ده‌ناوه ...

ده‌گه‌ڵ ‌بۆنی خوێن گه‌وره بووین:
ڕادیۆیه‌کی ڕه‌شی بچووكی هه‌بوو. ئانتێنه‌که‌ی شكابوو. ده‌ستت ئه‌گه‌ له ئانتێنه‌كه به‌ردابا، له به‌ر خشه‌خش‌ و پارازیت، هیچت نه‌ده‌بیست. بۆیه ئانتێنه‌كه‌ی هه‌ڵده‌داوه و به ده‌ستی ڕاستی ڕایده‌گرت تا ده‌نگی " شێرانه‌ی" ئه‌حمه‌د شێربه‌گی، شمشالی قاله مه‌ڕه و "چه‌ند ئایه‌تێک له قورئانی پیرۆز"، هه‌واڵی سه‌ركه‌وتنی پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان و كاروانی شه‌هیدان، سه‌ر له نیوه‌ڕۆمان پڕ‌كاته‌وه! هه‌واڵه‌كان بۆنی خوێنی لێ ده‌هات. وشه‌كان خوێناوی بوون. به خوێن ده‌دوان. به خوێن شورشیان ده‌كرد. به خوێن ڕێزیان له ژیان ده‌گرت. خوێنێک كه بست به بستی ئه‌و وڵاته‌ی سوور كرد و داری ئازادیی هه‌ر پێ شین نه‌بوو ...

گه‌وره‌ بووین:
بێ ئه‌وه‌ی قه‌ت منداڵه‌تیمان كردبێت. گه‌وره‌تر بووین. هیچ ‌نه‌بووین به‌ڵام. هۆوییه‌تێکمان نه‌بوو. نه‌سلێكی سووتاو. نه‌سلێكی به ته‌واو مانا قوربانی. نه سروودێكمان هه‌بوو هانده‌رمان بێت و نه باوه‌ڕمان به نه‌سڵی پێش خۆمان مابوو. نه هیچمان هه‌بوو ئیمانی پێ بێنین و نه به‌رگه‌ی بێ‌ئیمانی خۆمانمان ده‌گرت. سه‌رلێشێواوتر له‌وانی پێش خۆمان و لێقه‌وماوتر له‌وانی دوای خۆمان بووین. نه له وه‌ده‌رنانی شا ده‌ورمان هه‌بوو و نه بۆ هاتنی كۆماری ئیسلامی مافی ده‌نگدانمان بوو. نه له چوارچێوه‌ی ته‌نگ و ته‌سكی ئایدۆلۆژیای گه‌وره‌كانمان خۆمان ده‌دیته‌وه و نه وه‌ک ‌ئه‌وانی دوای خۆمان له هه‌موو شتێک و له خۆمان دابڕابووین هێشتا. نه فێری سۆفی گه‌ری سیاسی بووین و نه ئیزنیان پێداین فێری فه‌لسه‌فه‌ی دڵداری بین ...

مــــرۆڤ. مــــرۆفی تاوانباری بۆگه‌نیو:
باڵا به‌رز بوو. له هه‌موومان به‌رزتر بوو و له هه‌موومان ته‌مبه‌ڵتر. ته‌مبه‌ڵی كلاس بوو. دوو ساعه‌ت له هه‌فته‌دا ده‌رسی "حرفه و فن"مان هه‌بوو و هه‌موو جارێ دوای ته‌واو بوونی كلاس‌، "مامۆستا" داوای لێ ده‌كرد ئه‌و بمێنێته‌وه و بۆ كۆكردنه‌وه‌ی خرته و پرته‌كان، یارمه‌تی بدات. هه‌موو جارێ ده‌ماوه و ده‌نگی نه‌ده‌هاته ده‌ر. شلێر لێیان وه‌ژوور كه‌وتبوو. به چاوی خۆی دیبووی. دواتر كه چه‌ند كه‌سی‌تریش دیبوویان "مامۆستا" چی له‌و كچه ده‌كات، هه‌را هه‌را ساز بوو. كچه ئیتر نه‌هاته‌وه مه‌دره‌سه، كه‌چی "مامۆستا" هه‌ر "مامۆستا" مایه‌وه و كه‌س له گوڵی كاڵتر پێ نه‌گوت. به‌رپرسی "ارشاد و اخلاق اسلامی" داوای له په‌خشان كردبوو هه‌موو ڕۆژێ بچێت بۆی بگێرێته‌وه له كلاس "كێ باسی چی ده‌كات!"، په‌خشان له داخان دوو مانگ نه‌هاته‌وه، شایسته‌ سێ حه‌فته بۆی نه‌بوو بێته‌وه چونكه نامه‌ی كوڕانی پێ بوو. نمره‌ی سێ مانگی یه‌كه‌می " انضباط"ی له‌یلا بوو به هه‌شت، چونكه له كلاسی ئینشا، چیرۆكێكی كوردی خوێندبووه و ...

ترسی بێ‌بڕانه‌وه‌ی ده‌رونمان:
نێوئاخنی مانای "پاكداوێنی"، "پاكی"، "نجیب بوون"، ڕه‌شایی ترسێكی بێ‌بڕانه‌وه بوو. ترسێک كه له ناخمانا ڕیشه‌ی داكوتابوو و ته‌نیاییه‌كانمانی پڕ كردبوو له سێبه‌ری چاو وزماندار. ده‌ترساین. له خۆمان زیاتر له هه‌موو كه‌س ده‌ترساین. بوونمان یانی گوناح! چاو لێكردن، هه‌ست پێكردن، ویستن، یانی گوناح. سه‌رێکی بێ سه‌ودا. ئاواته‌كانمان له كوێ ناشت؟ ترسه‌كانمان له خۆمان گه‌وره‌تر بوون. نوقمی كردبووین. له‌وێ كه بزه نیشانه‌ی "سووک بوون" بێت، پێكه‌نین گۆرانی مردنه و به‌س. ئه‌وه‌نده ده‌ترساین ته‌نیا ڕه‌شاییه‌كانمان ده‌دیت. كچ بۆ كوڕ و كوڕ بۆ كچ ببوو به ئه‌فسانه‌یه‌کی دووری پڕ‌له درۆ. ژن بوو به فرشته‌ی بێ‌باڵ و پیاو بوو به پاڵه‌وان... ده‌ترساین. ئه‌وه‌نده ده‌ترساین كه هیچمان نه‌دیت. هیچمان نه‌بیست. هیچمان نه‌ویست!



سه‌ڵا له‌و ڕۆژه‌ی ببینی، ببیستی، بته‌وێ!

خوشكه‌كه‌ی سێ جار به چۆكی خۆی دادا. گوتی ده‌گه‌ڵ قسه‌ی خه‌ڵك چی بكه‌م؟ گوتی كه‌س هیچی "باش" نالێت! دوایی گریا. كه‌مێک به "زمانی خۆش" و زۆریش به زمانی زۆر، داوای كرد، هه‌ڕه‌شه‌ی كرد، پاڕاوه... چه‌ند ڕۆژ لێی توڕه بوو. چه‌ند مانگ قسه‌ی ده‌گه‌ڵ ‌نه‌كرد، چه‌ند ساڵێک حاشای لێكرد. بابیشی! ڕاستیت ده‌وێت براكه‌شی!

سنووره‌كانی یه‌كه یه‌كه دابه‌زاند. سه‌رێکی بوو پڕ‌له سه‌ودا. ئه‌و شێته‌یه ده‌یدیت، ده‌یبیست، ده‌یویست. "كه‌ی ڕه‌وایه به ترسه‌وه ژییان؟" خۆی به خۆی ده‌گوت. ...

....

خوشكه‌كه‌ی سێ جار به چۆكی خۆی دادا. گوتی نازانم چی بكه‌م، بۆ هه‌موو شتێک تازه زۆر دره‌نگه! كه‌مێک پێكه‌نی، گوتی: "له‌بیرته ده‌‌تگووت سه‌رێک كه دێـــشێ نــابــێــت ده‌سره‌ی لێ ببه‌ستی؟" كه‌مێک گریا. كه‌مێک له‌رزی. گوتی: " قه‌ت مه‌گه‌ڕێوه. ئێره شاری كوێرانه، خۆ تۆ فێر نیت ده‌ست به چاوته‌وه بگری..."



Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------