March 1, 2005
خه‌یاڵی خاو: ده‌ڵێم: بریا جارێک بۆ هه‌میشه، مێژووی مرۆڤ له سه‌ره‌تاوه تا ئێستا، به ده‌ست مرۆڤێكی بێ بوغز و غه‌ره‌ز و به دوور له چوارچێوه ته‌سكه‌كانی ئایدۆلۆژیای ئه‌م ده‌سته و ئه‌و ده‌سته‌یه، نوسراباوه تا منیش پێش مردنم، زانیبام شوێنی ژن له مێژوودا له كوێیه، له كوێی مێژووی خۆمان وه‌ستاوین، ده‌ورمان له ئاڵوگۆڕه‌كانی مێژوودا چۆن یا چی یان چه‌نده بووه؟ چی بووین؟ چی‌مان لێ هاتووه؟ خراپ نییه بزانین سه‌ری پیوازین یا قونی پیواز؟ هه‌رچی بیری لێده‌كه‌مه‌وه، هیچ جولانه‌وه‌یه‌ک، شۆڕشێکی گه‌وره نابینمه‌وه كه ژنان ئه‌ركێكی قورسیان نه‌كه‌وتبێته سه‌ر شان! له زۆربه‌ی شه‌ڕه‌كان، گه‌وره‌ترین كاره‌ساته‌كان، له ژنان و منداڵان ده‌قه‌ومێت. ئه‌و ژنانه‌ی له نه‌بوون یان نه‌مانی پیاوه‌كان، ئه‌ركی به‌خێوكردنی بنه‌ماڵه‌یان به ته‌نیا، ده‌كه‌وێته سه‌رشان و له جه‌نگه‌ی شه‌ڕ و نه‌بوونی و قاتی و قوڕی، پیره‌كان و منداڵه‌كان ده‌گرنه ژێر باڵی خۆیان! ئه‌و ژنانه‌ی كوژران و له سێداره‌درانی جگه‌رگۆشه‌كانی خۆیان ده‌بینن. ئه‌و ژنانه‌ی له جه‌نگه‌ی شه‌ڕ ده‌كه‌ونه به‌ر ده‌ستدرێژی سوپای دوژمن و ئه‌شكه‌نجه و ئازاری زۆریان پێ ده‌گات. به گشتی له‌وێ كه پیاو له پێناو ده‌سه‌ڵات یان به هه‌ر هۆیه‌كی‌تر، شه‌ڕی كردووه، سه‌ختی و ئاواره‌یی و ئازار و ژان داوێنی ژنی گرتۆته‌وه، بێ‌ئه‌وه‌ی قه‌ت له ده‌سكه‌وته‌كانی شه‌ڕ یان له ده‌سه‌ڵاتدا به‌شێكی پێ بڕابێت. له شۆڕشی فه‌رانسه، ژنان یه‌كه‌م هێز بوون كه هاتنه مه‌یدان. له سه‌رده‌می به‌رده‌داری، ژنانی ڕه‌ش پێست، له پێناو ڕزگار كردنی پیاوه‌كان له زیندان، ژیانی خۆیان ده‌خسته مه‌ترسییه‌وه. له شۆڕشی ئۆكتۆبری 1917 ڕوسیه، ژنان ده‌ورێكی به‌رچاویان له هه‌موو بواره‌كاندا هه‌بوو و به‌ردی بناغه‌ی جوڵانه‌وه‌كه بوون. كه‌چی هه‌میشه و له هه‌موو شوێنه‌كان، دوای ته‌واو بوونی شه‌ڕ و ئارام بوونه‌وه‌ی هه‌ڵ و مه‌رجه‌كه، كه‌س ئه‌م له‌خۆ بوردووییه‌ی له بیر نامێنێت و به‌ش یان ده‌سكه‌وتی ژنان قه‌ت ئه‌وه یان ئه‌وه‌نده‌ی كه شایانیان بووه، نه‌بووه! ژنانی ئازادیخوازی فه‌رانسه به تاوانی "خراپه بوون" هێرشیان كرایه سه‌ر و شتێک به قه‌د سه‌د ساڵی خایاند تا بتوانن هه‌ندێ مافی ئاسایی وه‌ک مافی ده‌نگدان، مافی جیابوونه‌وه و مافی "له باربردنی منداڵ" بستێنن! ژنه ڕه‌ش پێسته‌كان كه‌وتنه به‌ر ئازار و ئه‌زیه‌تی مێرده‌كان و بابه‌كانیان كه به هۆی بێ‌كاری و هه‌ژاری ڕوویان كردبووه عاره‌ق خواردنه‌وه. له ڕوسیه ستالین فه‌توای (!!!) دا بوژانه‌وه‌ی بنه‌ماڵه ئه‌ركی ژنه و ئه‌و ژنانه‌ی زۆرتر له حه‌وت منداڵیان ده‌بوو، میداڵی "دایكی نموونه"یان پێ ده‌به‌خشرا. هه‌ر وه‌ها، ستالین نه‌یكرده "نامه‌ردی" و عیشقی ئازادی وه‌ک‌دیارده‌یه‌کی بورژوازی به تف و له‌عه‌نت كرد. ساڵی 1936 یاسای دژه ته‌لاق و له بار بردنی منداڵ په‌سه‌ند كرا و په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی نێوان ژن و ژن و پیاو و پیاو مه‌منووع بوو. با زۆر دوور نه‌كه‌وینه‌وه، له لای خۆشمان، كه‌م نه‌بوون و نین ئه‌و کچانه‌ی شان به شانی كوڕه‌كان، به‌شداری خه‌بات بوون. كاری ته‌شكیلاتیان ده‌كرد، به ناوی نه‌هێنی له ناو شاره‌كاندا ده‌ژیان. ئه‌و كچانه‌ی گیران، ئه‌شكه‌نجه دران، ده‌ستدرێژیان لێكرا و له سێداره دران. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش كه ڕۆژنامه و ئاگاداریان له ژێر كراسه‌کانیان ده‌شارده‌وه و كتێبیان بڵاو ده‌كرده‌وه، پیاوێک دیار نه‌بوو بڵێی: "ده توخوا لاوه زه‌عیـــــفه، ئه‌م كاره، كه‌ی كاری ژنه، تۆ برۆ پارویه‌ک خواردنمان بۆ ساز بكه!" دواتر هه‌ر ئه‌و " شێره ژنانه" به هه‌موو شێوه‌یه‌ک بێ‌ڕێزیان پێ كرا. ئه‌وانی بڕیاریان دا ژیانێكی "ئاساییان" هه‌بێت و له شاخ ڕا گه‌رانه‌وه شار، مۆری جاش بوونیان له ناوچاوان درا. هه‌ندێكیان بوون به كیسه بۆكسی مێرده‌كانیان. هه‌ندێكیان به ده‌ست مێرده "سیاسییه‌كه‌یان" چه‌قۆیان له زگ درا و ... شۆڕش قاقا پێم پێده‌كه‌نێ. ده‌ڵێت: "كچه شێته‌كه بیر بۆ له شتی ئاوا ده‌كه‌یه‌وه. ژن نه سه‌ری پیوازه و نه قونی پیواز... ڕه‌نگه ئه‌و به‌شه‌ی بێت كه وردی ده‌كه‌ن و پیوازداغی پێ ساز ده‌كه‌ن..." ده‌ڵێت: " باوه‌ڕ مه‌كه به‌م زووانه بزانی له كوێی مێژوو وه‌ستاوی!"
Comments:
Post a Comment
|