Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

March 16, 2005

سێ ڕۆژه لێره به‌فر ده‌بارێ و من هه‌موو ڕۆژێ، لای چوار و پێنجی ئێوارێ كه ئارام ئارام به‌ره‌و ماڵ ده‌بمه‌وه، به تاسه‌وه چاوێک له ئاسمان ده‌كه‌م و به سه‌ر په‌نجه سڕه‌كانم ده‌ژمێرم بزانم تا به‌هار زۆری ماوه و ده‌بینم نا زۆری نه‌ماوه و لێره هێشتا هه‌ر زستانه و هه‌وڵ ده‌ده‌م ئاخر و ئوخرێكانی ڕه‌شه‌مه و تێكه‌ڵ بوونی بۆنی به‌هار و سه‌رمای نیوه گیانی ئاخری زستــــــان ده‌گه‌ڵ ده‌‌نگی توانه‌وه‌ی به‌فره ڕه‌ش هه‌ڵگه‌راوه‌ چڵكنه‌كه، و دیمه‌نی چه‌قه‌ره‌دانی شولكی ناسكی داره‌كان و ده‌نگی جار وباری باڵنده‌كان و ماڵ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی ژنان و هه‌رای خۆشیی منداڵه‌ هار وهاجه‌كانی گه‌ره‌كم وه‌بیر بێته‌وه تا كه‌مێک مه‌وداكانی پێ كورت كه‌مه‌وه ...

سێ ڕۆژه لێره به‌فر ده‌بارێ و من ئێستا بیر له ڕۆژێكی ڕه‌شی مێژوو ده‌كه‌مه‌وه له ساڵێكی نه زۆر دوور، له شارێكی نه زۆر گه‌وره‌ی كوردستان، پێنج شه‌ش هه‌زار مرۆڤ، له ناكاو و له چه‌ند چركه‌دا ‌سووتان و بوون به خه‌ڵووز! دوایی بیر ده‌كه‌مه‌وه پێشتر " تێرۆریسم" هات دوایی دین، یان دین هات و دوایی تێرۆریسم ساز بوو؟ مرۆڤ بوون ئایا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تاوان بووه؟ گیانی مرۆڤ هه‌میشه ئاوا هه‌رزان بووه؟ ژیان كه‌ی وا بێ‌بایه‌خی لێهات؟ و بیر ده‌كه‌مه‌وه خودا‌یه‌ک ئه‌گه‌ر هه‌بێت، ده‌بێت هه‌تا هه‌تایه شه‌رمه‌زاری له‌شی سووتاوی ئه‌و كۆڕپه بێت سنگی سووتاوی باوكی، بوو به مه‌زاری ...

سێ ڕۆژه لێره به‌فر ده‌بارێ و من له ناكاو كه‌وتوومه‌ته‌وه بیری ئه‌و شه‌وه‌ی ڕامین و من و ئه‌فشین له كۆڵانه تاریكه‌كانی سنــــــــه قۆڵمان له قۆڵی یه‌ک كردبوو و گۆرانی "جاده چۆڵ و سێبه‌ر بوو"مان ده‌خوێند و جارێكیش له سه‌ر پێ پیلكانی ماڵی نازانم كێ دانیشتبووین، من مامۆستا و ڕامین ده‌بوو به وریا و بۆ گوتنه‌وه‌ی"ده‌رسی پێشوو" هه‌ڵده‌ستا سه‌ر پێ و له "ئه‌لفه‌وه تاكو -ی-" هه‌رچی زانیبای، ده‌یگوته‌وه و ئه‌فشین تۆپه‌ڵه به‌فری به په‌نجه‌ره‌ی ماڵان داده‌دا... ئه‌و شه‌وه‌ی هه‌ر ده‌ڕۆیشتین و به‌فر به خێرایی جێ پێیه‌‌كانی له پشت سه‌رمان، پڕده‌كرده‌وه، وه‌ک بڵێی قه‌ت ئه‌و ڕێگه‌یه‌‌مان نه‌بڕیبێت... ئه‌و شه‌وه‌ی قۆڵ له قۆڵی یه‌کدا، سێ به سێ ده‌رۆیشتین و ده‌نگمان د‌رزی ده‌خسته تاریكی شه‌قامه‌كان... ئه‌و شه‌وه‌ی من ئاشقی ئه‌و شــــــاره بووم و ده‌زانم هه‌تا هه‌م خۆشم ده‌وێت...

سێ ڕۆژه لێره به‌فر ده‌بارێت و من ئێواران كه دێمه‌وه، ئه‌وه‌نده ماندووم تا چه‌ند ساتێک له تاریكی و بێده‌نگی ژووره‌كه‌م داده‌نیشم و هه‌ندێ جار، نازانم بـــــۆ، بیر له دووپات بوونه‌وه‌ی مێژووی گه‌له‌كه‌م له ناو بازنه‌یه‌كی داخراودا ده‌كه‌مه‌وه و له وڵامی هاورێكه‌م كه ده‌ڵێ "باسی كورده‌كانی هه‌نده‌‌رانم بۆ بنووسه"! منیش باسه‌كان ده‌بیستم و گوێ بۆ قسه‌كان ڕاده‌گرم و نووسراوه‌كان له ماڵپه‌ره‌ جۆر به جۆره‌كانی كوردی ده‌خوێنمه‌وه و دوایی بیر له‌ پاڵه‌وانه‌كانی مه‌یدانی "سیاسه‌ت" ده‌كه‌مه‌وه كه زۆربه‌یان به ده‌یان ساڵ ژیان له ئوروپا و ڕابردووی خه‌باتی سیاسی له ڕێی ئـــــــــــــازادی " گـــه‌ل"، هه‌میشه باوه‌ڕه‌كان و ئامانجه‌كان و دروژمه‌ جوانه‌كان و ماسكی ڕوناكبیرییان له پشت ده‌رگای ماڵه‌كه‌یان داده‌نێن و ئه‌وجا وه‌ژوور ده‌كه‌ون. بیرده‌كه‌مه‌وه چۆن " پیاوێک" ده‌توانێت ئـــــــازادی بــــــۆ " گه‌له‌كه‌ی" بوێت و چواردیواری ماڵه‌كه‌ی بكاته زیندان بۆ بنه‌ماڵه‌كه‌ی خــــۆی ... و بیرده‌كه‌مه‌وه له وڵامی هاورێكه‌مدا چی بنووسم باشه؟

سێ ڕۆژه لێره به‌فر ده‌بارێ و من ئێستا بیر ده‌كه‌مه‌وه بڵێی به زستانیش، كه‌س بتوانێت عاشق بێت؟ و له ژێر به‌فریش دڵداری ده‌كرێت؟‌ و به خۆم ده‌لێم زستان بێ‌گومان، وه‌رزی له بیركردنه. هه‌ندێ كه‌س هه‌ن، له بیرده‌كه‌ن و هه‌ندێ كه‌س هه‌ن له‌بیر ده‌چنه‌وه... زستان وه‌رزی بێ سه‌روشوێن چوونه ... بێ سه‌روشوێن چوونی كه‌سێــــــــک، یان بیـــــــرێک ... یــان خـــــــۆت!




Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------