April 25, 2005
Cogito ergo sum ماوه‌یه‌ک كه له ناو غاری ته‌نیاییه‌كانی خۆتدا ژیابیت، ئیتر گه‌رانه‌وه بۆ ناو مرۆڤه‌كان كارێكی زۆر ئاسان نییه. ته‌نانه‌ت هه‌ر ئه‌و بزه خێچ وخواره، كه به گۆشه‌ی چه‌پی لێوته هه‌ڵیده‌واسی، هێزێكی تایبه‌تی ده‌وێت. ڕه‌نگه باشییه‌كه‌ی ئه‌وه بێت كه‌س ناتبینێت. بۆ خۆت به‌ڵام ده‌بینی كه چه‌نده هه‌موو ڕه‌نگه‌كان گۆڕدراون، چه‌نده هه‌موو ده‌نگه‌كان پڕن له نامۆییه‌كی قورس. بۆخۆت ده‌یانبینی، هه‌ر ئه‌وه‌ش به‌سه، نــــا؟ ده‌ست ده‌خاته سه‌ر شانت و ده‌ڵێ:" گه‌وره بووی!" دوایی ده‌كه‌وێته‌وه بیری ئه‌و چه‌ند زه‌ماوه‌نده‌ی ده‌بێ بچێت و هێشتا بڕیـــــــاری نه‌داوه چی بكاته به‌ری،"ساغبوونه‌وه بۆ شتی وا كات زۆر ده‌گرێ، خۆ بۆخۆت ده‌زانی چۆنه!" ده‌ته‌وێ بڵێی نا نازانی چۆنه، كه‌چی لیوانی چاییهكهت ده‌گرییه ده‌ست و چاو دهبرییه شه‌قامه باریكه نیوه ئاوه‌دانه‌كه‌ی پشت شووشه پیسه‌که‌ی ئه‌و قاوه‌خانه‌یه و هیچ ناڵێی و بیر ده‌كه‌یه‌وه "گه‌وره بووم؟!" مانگێک، دوو ساڵ یان ژیانێک ... فه‌رق ناكات، هه‌موو ڕۆژێ به خۆت ده‌ڵێی:"ئه‌مرۆ و سبه‌ی ماندوویه‌تیت ده‌حه‌سێته‌وه" و هه‌موو " ئه‌مرۆ" و "سبێنی"یه‌كان دێن و ده‌ڕۆن و كهوهڕۆژهكان هه‌ر دهكێـــــشرێنهوه و هه‌ر ته‌واو نابن و خۆت ده‌بینی له ناو "نابێ" و "ناكرێ" و "نایێت" و "بێده‌نگی و بێ‌وڵام مانه‌وه و بیرت ده‌که‌می ئه‌مڕۆ و بێههواڵ مانه‌وه‌ی هه‌زار ڕۆژ دواتری" دانیشتووی و بێ ئه‌وه‌ی بته‌وێ شتێک بگۆڕی و دوایی خۆت به‌مه ڕازی ده‌كه‌ی كه هه‌ندێ جار هه‌رچی زۆرتر په‌له‌قاژه بكه‌ی زۆرتر و زووتر ڕۆدهچی ... بۆیه بێ هیچ جوڵه‌یه‌ک لێ ده‌گه‌ڕێی ڕۆژه‌کان بهسهڕتدا بازده‌ن ... "تۆش به ڕزینی ورده ورده ڕازی بووی؟" خۆت به خۆت ده‌ڵێی. "ئه‌ی ئه‌و هه‌موو قسه و هه‌ڵا ههڵایهت چی لێ هاته‌وه؟! هه‌مووی هه‌ر قسه بوو؟! تۆش كه گه‌یشته كاتی كرده‌وه، لات دا؟" شه‌ڕی خۆت ده‌گه‌ڵ خۆت ده‌ست پێده‌كات و هۆیه‌کان بۆ قه‌ناعه‌ت پێ هێنانی خۆت ڕیز ده‌كه‌ی. خۆت ده‌زانی وا نییه، "شه‌رمه‌نده‌م كچی باش، به‌ڵام هی، خر خودتی"، ده‌زانی ئێستا ئیتر ئه‌وه‌نده ماندوویت ناوێریت "خۆت" بیت و ناوێریت پرده‌كانی پشت سه‌رت جارێكی تر برۆخێنی و سه‌ر له نوێ ده‌ست پێ بكه‌یه‌وه. "ئاخر سه‌ر له نوێ ده‌ست پێ كردنه‌وه چه‌ند جار؟!" سه‌ر داده‌خه‌یت و به ڕزینی ورده ورده ڕازی ده‌بیت و لێ ده‌گه‌رێیت له خۆڵه مێشی ڕۆژه‌كاندا ون بیت... **** خۆزگه بچووكه‌كانم هێنده ساكارن هه‌ندێ جار شه‌رم ده‌كه‌م. ئه‌مڕۆژانه هیچم ناوێت جگه له چه‌ند ساعه‌ت ده‌گه‌ڵ تۆ بوون تا سه‌ر له سه‌ر سنگت دانێم و كه‌مێک بحه‌سێمه‌وه: " شه‌و ... من ... تۆ ... ژوورێكی بچووك ... تاریكی ... په‌رده‌كان داده‌خه‌ین ... نازانم ده‌خه‌وین یان نا ... ده‌زانم بهیهكهوین ... دوور له هه‌موو جیهان ... ده‌ڵێی خۆمان شاردۆته‌وه ... ده‌زانم ناماندۆزنه‌وه ... مه‌گه‌ر هه‌موو شتێك به ماچ ده‌ست پێناكات؟ ... دڵنیام ... تۆش دڵنیایت ... كات خێرا تێپه‌ڕده‌بێت. كام كات ؟ شه‌و، نه كاتی منه و نه هی تۆ ... هی هه‌ردووكمانه ... بیرت ده‌كه‌م ... ژوورێكی بچووك ... من تا به‌یانی له‌باوه‌شمدا خۆشمده‌وێی" .... كهمێکیش بۆنی مێخه‌ک ... و ده‌نگێک كه با‌نگم كات "كچم"... و له ئامێز گرتنی ڕامان ... و ...
Comments:
Post a Comment
|