Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

May 31, 2005

ده‌زانم له ناو بلاگه كوردییه‌كاندا ئه‌وه باو نییه كه له سه‌ر باسێک ته‌نانه‌ت به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ دیالۆگێک ساز بێت. ده‌زانم به پیژامه‌وه له پشت كۆمپیوتێر دانیشتن و قسه‌ی زل كردن و گه‌وره‌ترین گرفته‌كانی كۆمه‌ڵگه و بگره دونیا چاره‌سه‌ركردن كارێكی نه‌ ته‌نیا دژوار نییه كه زۆریش ئاسانه و هه‌موو ده‌یكه‌ن. ئه‌و چه‌ند دێره‌ی به‌ته‌مام لێره بینووسم ته‌حلیل و ته‌فسیری سیاسی نییه چونكه نه سه‌وادی شتی وام هه‌یه و نه دوای سێنزده ساڵ ‌دووری له كوردستان ده‌توانم هه‌ست به ڕاسته‌قینه‌كانی ژیانی ئه‌مڕۆی ئه‌وێ بكه‌م و به درووستی لێی حاڵی بم. له‌و سێنزده ساڵه‌دا زۆرشت گۆڕدراوه كه من ده‌گه‌ڵ‌ نه‌بووم، ئاڵگۆڕه‌كان ده‌بینم و ده‌یانبیستم، به‌ڵام به ڕاشكاوییه‌وه ده‌ڵێم ده‌ركێكی درووستم لێیان نییه. ئه‌وه‌ش بڵێم هیوادارم به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و چه‌ند دێڕه، مۆری ناوچه‌گه‌ری و "ئێرانی چێتی!" و "ئێمه و ئه‌وان"م له ناوچاوان نه‌ده‌ن. ئه‌گه‌ر تاقه‌تتان هه‌بوو وه‌ک ده‌رده دڵێكی خۆمانه یان ده‌ربڕینی ترس و نامۆییه‌كی كه هه‌ر دێت و قوڵتر و قه‌به‌تر ده‌بێته‌وه بیبینن، كۆمه‌ڵێک پرسیار و دوو دڵی. ئه‌گه تاقه‌تی خوێندنه‌وه‌تان نه‌بوو له سه‌ر لینكانه‌ی ئه‌و ته‌نیشته كلیک بكه‌ن،دڵنیام زه‌ره‌ر ناكه‌ن. ده‌ی ئێستا وه‌ک كاک فاروق ده‌ڵێ عه‌لاكولی :

سه‌ردانێكی ملوانكه‌ی شینم كرد، دیم ئه‌ویش باسی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌ركۆماری له ئێران كردووه. ئه‌و جۆره‌ی من لێی تێگه‌یشتم وا وێ ده‌چێ ملوانكه هه‌موو ئه‌و ده‌نگ و فه‌نگه‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌ به ناوی هه‌ڵبژاردن له ئێران ساز بووه، وه‌ک "بازی خیمه شب بازی" ده‌بینێ و هه‌موو "كایه‌كه‌ی" له ئه‌ساسه‌وه بردۆته ژێر پرسیار. ده‌ی قسه‌كانی ملوانكه ڕاستن. ئه‌مڕۆ به پێی یاسای كۆماری ئیسلامی ئێران به‌شێكی زۆری دانیشتووانی وڵات له گه‌له جۆر به جۆره‌كان له ئاسایی‌ترین مافه‌كانی خۆیان بێ به‌شن و وه‌ک هاوولاتییه " فارسه شیعه‌كانیان" چاو لێ ناكرێت! ده‌زانم ملوانكه به‌س باسی مه‌سه‌له‌ی مه‌زهه‌ب و شیعه‌گه‌ری حكومه‌ت ده‌كات و مه‌سه‌له‌ن كورد بۆ نموونه نه ته‌نیا ناتوانێ ببێ به سه‌ركۆمار، كه ته‌نانه‌ت شانسی ئه‌وه‌ی به پله و پایه‌ک له ده‌سه‌ڵاتدا بگات، نێتی. كورد، تورک، به‌لووچ و عه‌ره‌بی دانیشتووی ئێران زۆر بێ شه‌رمانه له مافه‌كانیان به به‌ش كراون. من ده‌زانم كورده‌ شیعه‌كانی دانیشتووی خوراسان له باكوری ڕۆژهه‌لاتی ئێران له هه‌ڵ و مه‌رجێكی ناله‌باردا ده‌ژین. من ده‌بینم توركه‌كانی ئه‌وێ ئه‌گه‌رچی سووننی نین له زۆر مافی ئاسایی خۆیان بێ به‌شن. به‌لووچه‌كان به ئه‌مانی خوا ده‌ستیان لێ هه‌ڵگیراوه و به زه‌بری قاچاخچێتی سگی خۆیان تێر ده‌كه‌ن و عه‌ره‌به‌كانی باشووری ئێران له ده‌وڵه‌مه‌ندترینی به‌شی ئه‌و وڵاته‌دا ده‌ژین و هه‌ژارترینیشن.

به‌ڵام باس ته‌نیا له شیعه‌گه‌ری و له نه‌بوونی كورد به سه‌ركۆمار نییه. له حكومه‌تێكی دیكتاتۆردا ته‌نیا شتێک كه به هه‌موو هێزێكه‌وه پێشی پێ ده‌گیرێت "جیاوازی بیر و باوه‌ڕه"، جۆرێكی‌تر بیركردنه‌وه، جۆرێكی‌تر بوون، جۆرێكی‌تر هه‌ڵسه‌نگاندن و بردنه ژێر پرسیاری بنه‌مای شته‌كان و ده‌سه‌لاته. جیاوازییه‌ک كه نابێ " تاوان" بێ و نابێ ببێت به هۆی پێشێل بوونی مافه سه‌ره‌كییه‌كانی دانیشتووانی وڵاتێک. گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌و نایه‌كسانییه له قانوونی ئه‌ساسی وڵاتێکدا هه‌یه و ده‌بێ بگۆڕدرێ. ئه‌وه و ده‌یان و سه‌دان یاسای دژه مرۆڤی‌تر كه شیاوی سه‌رده‌می ئێمه نین! پرسیار ئه‌وه‌یه: ئه‌و گۆڕانكارییه‌ چۆن و به ده‌ست كێ ده‌توانێ پێک بێ؟

ده‌ی من نه‌گه‌یشتم له هیچكام له هه‌ڵبژاردنه‌كانی كۆماری ئیسلامی به‌شداری بكه‌م. له ده‌وری یه‌كه‌می سه‌ركۆماری ڕه‌فسه‌نجانی مافی ده‌نگدانم نه‌بوو و بۆ ده‌وری دووهه‌م كه دیسان بووه به سه‌ركۆمار من ئیتر له‌وێ نه‌مابووم. ته‌واوی ئه‌و ساڵانه‌ی كه له هه‌نده‌ران ژیاوم قه‌ت بیرم له ده‌نگدان نه‌كردۆته‌وه. به‌ڵام ماوه‌یه‌که بیر له یه‌ک شت ده‌كه‌مه‌وه: دوای ته‌واوی ئه‌و ڕووداوانه‌ی ساڵانی ئاخر له ئێران و ئه‌و قۆناخه‌ی ئێران ئێستا تێپه‌ڕی ده‌كات، هه‌ڵوێستی كورده‌كانی دانیشتووی ئه‌وێ ده‌بێ چۆن بێ؟ به‌شداری كردن یان نه‌كردن؟ ده‌نگدان به كاندیدی حكومه‌تێک كه چاوت پێی هه‌ڵنایه به‌ڵام بته‌وێ یا نا جارێ ده‌سه‌ڵاتی به ده‌سته‌وه‌یه یان ده‌نگ نه‌دان و له ماف و هه‌لی گۆڕانكاری پێك هێنان خۆ بێ‌به‌ش كردن؟ ده‌نگ نه‌دان به قازانجی كێیه؟ ده‌نگدان سه‌ره‌تایی‌ترین مافی مرۆڤی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه و خۆی لێ به‌ش كردن یانی بریاری ئه‌وه‌ی نا‌ته‌وێ به‌شداری ئه‌و شته‌ی بی له ده‌وروبه‌رت ڕوو ده‌دا. كه خۆت هه‌ڵده‌بژێری به‌شداری نه‌كه‌ی چۆن یان كێ ده‌بێ یان ده‌توانێ بێت و شته‌كان بگۆڕێ؟

دیسان ده‌ڵێم مه‌به‌‌ستم ئه‌وه نییه بڵێم خه‌ڵک وا بكه‌ن باشه و وا نه‌كه‌ن چاكه. حه‌ز ده‌كه‌م بۆم ڕوون بێته‌وه وه‌ک دانیشتووی ئه‌وێ، وه‌ک هاوولاتی ئه‌وێ ( خۆش یان ناخۆش ئه‌وه ڕاستییه‌كه ده‌بێ قه‌بوولی بكه‌ین كورد جارێ له چوارچێوه‌ی یاسای ئه‌و وڵاته‌دا ده‌ژیت) كام هه‌ڵوێست به قازانجی ئه‌و خه‌ڵكه‌یه كه له‌وێ ده‌ژین و كوردن و مافه ئاساییه‌كانیان هه‌موو ڕۆژێ به سه‌دان شێوه پێشێل ده‌كرێ؟

ده‌گه‌ڵ ‌كاوه كه قسه‌م ده‌كرد باسی ئه‌وه‌مان كرد كه كورد نابێ هه‌ر به‌و ڕه‌ش بینییه‌ی بیست و شه‌ش ساڵه له لای ساز بووه ئه‌مڕۆ هه‌ڵسه‌نگێنێ. خۆ كایه‌ی مندالان نییه به له‌ج كردن و زیز بوون بیانه‌وێ ڕه‌قه به‌رایه‌تی بكه‌ن. مه‌گه ناڵێن سیاسه‌ت هه‌مووی فێڵ و فێڵبازییه، ده‌ی كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه كورد فێری فێڵ و فێلبازییه‌كانی ناو سیاسه‌ت بێت؟ بمانه‌وێ یا نا، سه‌رده‌مه‌كه گۆڕدراوه. خه‌ڵكی ئه‌وێ ئێستا بیر له شۆرش، ئه‌ویش شۆڕشێكی خوێناوی ناكه‌نه‌وه و نایانه‌وێ. نه‌‌وه‌ی ئه‌مرۆ باوه‌ڕی به پێكهێنانی ئاڵوگۆڕه. له ناوه‌وه، ورده ورده. باوه‌ڕی به گۆڕانكاری له چوارچێوه‌ی ئه‌مڕۆدا هه‌یه. یاسای مه‌ده‌نی ده‌وێ و ده‌یه‌وێ ده‌گه‌ڵ مرۆڤی دونیای ئه‌مڕۆ به چاوێكی یه‌كسان ببیندرێ و مافی یه‌كسانی هه‌بێ. بیری من ئه‌وه‌یه كورده‌كانی ئه‌وێ ئایا باشتر نییه به‌شداری ئه‌و ئاڵگۆڕه بن؟ باشتر نییه یه‌كگرتووتر له هه‌میشه به مه‌رجه‌كانی خۆیان هه‌ڵوێست بگرن؟ ئوپۆزیسیونی كورد له‌ ناو خه‌ڵكی ئه‌وێ چ بنه‌كه‌یه‌كی مه‌گه هه‌یه؟ پێشتر دیمان تا فلانه حیزب هه‌ڵبژاردنی "تحریم" ده‌كرد، ڕاده‌ی به‌شداری خه‌ڵک زۆرتر له هه‌میشه ده‌بوو، كه فلانه ڕێكخراوه داوای به‌شداری خه‌ڵكی ده‌كرد، خه‌ڵک به پێی ئه‌قڵ و لێكدانه‌وه‌ی خۆی، به‌شداری نه‌‌ده‌كرد. ئه‌وه بۆ من یانی دوور كه‌وتنه‌وه‌ی هێزی ئوپۆزیسیون له خه‌ڵک و ڕاستییه‌كانی سیاسی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌وێ. كورد له ڕۆژهه‌لات ئه‌زمۆنی سه‌ربه‌خۆی وه‌ک‌ ئه‌وه‌ی باشووریان نییه. هه‌ڵومه‌رجه‌كه یه‌كێ نییه. زه‌ینییه‌ت و مێنتالیته‌ی خه‌ڵک دوای ئه‌زمۆنی باشوور زۆر گۆڕدراوه. چاوه‌روانییه‌كانی كورده‌كانی ڕۆژهه‌ڵات زۆرتر بووه. بیری من ئه‌وه‌یه چ هێزێک هه‌یه كه ئه‌و هه‌ست و ویست و چاوه‌روانییه‌ زۆره كۆ كاته‌وه و وه‌ک جوڵانه‌وه‌یه‌کی یه‌كگرتوو رێکی خات؟ هه‌ر هێزێكی بێته سه‌ر كار، شوێنێكی ڕاسته‌وخۆی له سه‌ر هه‌ڵ و مه‌رجی ژیانی خه‌ڵکی كوردستان هه‌یه. ئێستا وه‌ک ‌شتێک هه‌وایه‌ک له جاران باشتره! بیر ده‌كه‌مه‌وه هه‌ل ده‌ره‌خسێت بۆ له‌وه‌ش باشتر بوون ...

ڕه‌نگه خه‌ڵک به‌شدار بن باشتره ... !!!

****

ده‌بینم له‌ش فرۆشی له شاره‌كانی رۆژهه‌لاتی كوردستانیش زۆر بووه. له زۆر كه‌سم بیستووه كه دایكه‌كان ناوێرن كچه‌كانیان بنێرنه‌وه مه‌دره‌سه‌، چونكه ته‌نانه‌ت له ناو كچه گه‌نجه‌كانیش ڕیسكی تووش بوون و تێكه‌وتن له داوی ئێعتیاد و له‌ش فرۆشی هه‌ر له ناو مه‌دره‌سه‌كاندا زۆره. ژماره‌ی گه‌نجه بێكاره‌كان زۆرتر و زۆرتر ده‌بێ. هه‌ژاری هه‌یه. تریاک و هێرۆئین باوه و به عاله‌م ئاشكرا دێته كڕین و فرۆشتن. گرانێ بێداد ده‌كات، ژنان هه‌روا به‌ستراوه‌ن كه جاران بوون. ژماره‌ی ئه‌و ژنانه‌ی ئاگر له خۆیان به‌رده‌ده‌ن له كه‌می نه‌داوه. چه‌ندین پیاو تا ئێستا له به‌ر نه‌داری و بێ ده‌سه‌ڵاتی خۆیان‌ كووشتووه. مافی منداڵ به عاله‌م ئاشكرا حاشای لێ ده‌كردرێ... خه‌ڵكه‌كه وه‌ک بڵێی كۆڵیان داوه، یاسا و ده‌سه‌ڵات هه‌ر له سه‌ره‌تاشه‌وه له بیری ئه‌و خه‌ڵكه‌دا نه‌بووه ... بیر ده‌كه‌مه‌وه هیچ شتێک‌ ناگۆڕدرێ، چ فه‌رق ده‌كات به‌شدار بوون یان نه‌بوون ...

ڕه‌نگه خه‌ڵک به‌شدار نه‌بن باشتره ... !!!

*****

مێشكم پڕه له بیری دژ به یه‌ک و ده‌زانم زۆر شت هه‌یه من بیرم بۆی ناچێ. بیری كوردستانی گه‌وره- له لای من - تۆزی له سه‌ر نیشتووه. خه‌ونێكی خۆش یان خه‌یاڵێكی جوان بوو تا هه‌بوو، به‌ڵام ڕه‌نگه زوو بێ بۆ وه‌دی هاتنی، نازانم! كوردستان ته‌نیا باشووری كوردستان نییه. به‌ڕێز جه‌لال تاله‌بانی سه‌ركۆماری كورد یان كوردستان نییه. پڕ ده‌بم له به‌خته‌وه‌رییه‌كی بێ سنوور كاتێ ئازادی كورد له باشوور ده‌بینم، به‌ڵام ئه‌وه بۆ من به‌س نییه. باوه‌ر ناكه‌م ڕه‌وا بێ من هه‌تا ماوم به‌س به خه‌یاڵ یان خه‌ونی كوردستانی گه‌وره بژیم و خۆزگه‌ به‌وه نه‌خوازم ئازادییه‌كی وه‌ک باشوور له ڕۆژهه‌لاتیش ببینم. ئه‌وه كه‌مترین شتێكه من ئێستا ده‌توانم داوای بكه‌م و پێگه‌یشتنه‌كه‌ی- به چاوی من- ئاسانتر و زووتره تا گه‌یشتن به ئاواتی كوردستانی گه‌وره و ئازاد... لۆمه‌م مه‌كه‌ن! كورد له هه‌ر پارچه‌یه‌ک بژی، هه‌ر ئاواتێكی بۆ داهاتووی هه‌بێ، ئه‌مڕۆی خۆی ناتوانێ له به‌ر چاو نه‌گرێ، ده‌توانێ؟ خۆ ناكرێ ئه‌مڕۆیه‌ک كه هه‌یه له پێناو "خۆزگه و بریای" داهاتوویه‌ک كه هێشتا نییه و نازانین كه‌ی وه‌دی دێ، له بیر بچێته‌وه، ده‌كرێ؟ بیر، ئاوات یان خۆزگه‌ی سه‌یر به مێشكمدا دێ. خۆزگه‌ی ئه‌وه‌ی حیزب و ڕێكخراوه‌ كوردییه‌كان ئه‌وه‌نده هێزی خه‌ڵكیان به كه‌م نه‌زانیبا. خۆزگه‌ی ئه‌وه‌ی هێزه " سیاسییه‌كان" ئه‌وه‌نده خۆیان له هه‌ڵ و مه‌رجی ژیانی ئه‌‌مرۆی كورده‌كان و ئاڵوگۆڕه‌كانی بیر و ڕای خه‌ڵک گێل نه‌كردبایه، خۆزگه‌ی ئه‌وه‌ی مێژوو دووپات نه‌بێته‌وه ...




Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------