May 8, 2005
خانم خاس، ئه‌م كاته‌ت باش! هه‌رچی كردم نه‌متوانی وڵامی ئه‌و چه‌ند نامه‌ی ئاخرت بنووسمه‌وه. هه‌رچی بیرم لێ كرده‌وه دیم هیچ خۆش نییه كاتی نووسین هه‌ر بترسێی مه‌بادا شتێک بنووسی و به هه‌ڵه لێت تێبگه‌ن و خراپی بۆ بچن و له وڵامتدا شتێکت بۆ بنووسن كه هه‌موو شتێک و هه‌موو كه‌س و ته‌نانه‌ت "منی" خۆت، بۆت بچێته ژێر پرسیار! ئێستاش له هاتنی دوا نامه‌ت ماوه‌یه‌ک تێپه‌ڕیوه. هه‌رچی كردم دیم ناتوانم وا بزانم هیچ نه‌بووه و هه‌موو شتێک وه‌ک هه‌میشه‌یه. چوونكه ڕاستیت ده‌وێت هیچ شتێک ئیتر وه‌ک خۆی نه‌ماوه. ده‌زانم له‌وانه‌یه شان هه‌ڵخه‌یه‌وه و پێت سه‌یر بێت ئه‌گه پێت بڵێم كه هه‌تا ئه‌مڕۆش، هه‌ر ئێستاش كه ئه‌و وشانه لێــــره ڕیز ده‌كه‌م، قسه‌كانتم كه وه‌بیر دێته‌وه، دڵم سه‌یر ده‌گیرێ و وه‌بیرم دێته‌وه چۆن ئه‌و وێنه‌یه‌ی تۆ له منت بۆ خۆت ساز كردبوو وای كرد من قێز له خۆم بكه‌م... خۆم بردبوو ژێر پرسیار، مه‌گه من چیم كردووه كه وا بۆت ئاسایی بێ كه وێنه‌یه‌كی ئاوا له من بۆ خۆت ساز بكه‌ی!؟ ئه‌گه قه‌ت نهتدیبام، ئه‌گه قه‌ت له نزیكه‌وه قسه‌ت ده‌گه‌ڵ نه‌كردبام، ئه‌گه شه‌ومان پێكه‌وه ڕۆژ نه‌كردباوه، ئه‌گه ڕێگه‌ی دوورمان پێكه‌وه نه‌بڕیبا، ده‌متوانی خۆم به‌م وڵامه ڕازی بكه‌م كه"ده‌ی خۆ نامناسێ، نازانێ كێم و چۆنم!"، به‌ڵام ئه‌و بیانوویهم نه‌بوو. ڕاستیت ده‌وێ، ژانی ئه‌وه‌ی كه له ته‌واوی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌دا، بۆت گرنگ نه‌بوو من بناسی هیچ له ژانی قسه‌كانت كه‌متر نییه. ده‌زانی ده‌مێكه گومان له "ڕاستی" زۆر شت ده‌كه‌م. زۆرێک له ماناكان ده‌مێكه له لای من كه‌وتوونه‌ته ژێر سێبه‌ری نامۆییه‌كی ناخۆش! گومان له "ڕاستی" ماناكان ده‌كه‌م و ئه‌وه ترسێكی سه‌یر ده‌ڕژێنێته ده‌روونما. وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ناكاو، ژێر پێت خاڵی بێ. وه‌ک ئه‌وه‌ی له شوێنێكی به‌رز، له به‌رزترین شوێن وه‌ستابی و هه‌نگاوێک دواتر دۆڵێک تا بێكۆتایی قووڵ، قووڵ وه‌ک باوه‌ڕێكی ڕووخاو به دۆستایه‌تی، چاوه‌رێت بێ. باوه‌ركه ئیتر وه‌بیرم نایه تا ئێستا چه‌ند كه‌س پێیان وابووه من "مرۆڤێكی سه‌یرم كه بیر له شتی وا ده‌كه‌مه‌وه"، نه وه‌بیرم دێ و نه بۆم گرنگه. هه‌ندێ شت كه ڕوو ده‌ده‌ن، وه‌ک قسه‌كانی تۆ، وا ده‌كه‌ن ببم به‌و ژنه‌ی دڵی پڕه له قسه و ده‌گه‌ڵ كه‌س قسه ناكات. ئه‌و ژنه‌ی ئارام ئارام فێر ده‌بێ ئیتر به ده‌نگی به‌رز بیر نه‌كاته‌وه و بیره "سه‌یره‌كانی" كۆ كاته‌وه و بچێت له گۆشه‌ی نێوه تاریكی قاوه‌خانه‌یه‌كی چۆڵ دانیشێ و تاڵی هه‌موو ته‌نیاییه‌كانی له تامی سه‌یر ناخۆشی قاوه‌یه‌كی بێ شیر و شه‌كردا بتوێنێته‌وه! مرۆڤه‌كان جیاوازن، باوه‌ڕ بكه‌ی یا نا، منیش ئه‌وه ده‌زانم. ده‌مێكه ئه‌وه ئیتر باوه‌ڕی سه‌ره‌كی ژیانی من بووه كه مرۆڤه‌كان ئه‌و جۆره‌ی هه‌ن قه‌بووڵ بكه‌م. به‌ڵام وا دیاره "جیاواز بوونی" من جیاوازتر له‌وه‌یه كه هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی هه‌یه قه‌بووڵ بكرێ... ناتوانم گلێی بكه‌م. به‌ڵام خۆ ده‌توانم بڵێم خۆزگه شته‌كان وا نه‌ده‌بوون كه هه‌ن. وه‌ک شتێک بوونی من ده‌گه‌ڵ بوونی هه‌ستێكی قاوه‌یی ڕه‌نگی نۆستالژیكی بێ بڕانه‌وه گرێ دراوه. خۆزگه‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌ی بوون. خۆزگه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی بوون، خۆزگه‌ی ئه‌و هه‌ستانه‌ی بوون! ئه‌و شتانه‌ی كه ئێستا به ڕاشكاوییه‌وه ده‌ڵێم له بوونیان گومان ده‌كه‌م. ئێستا ئیتر دڵنیا نیم ئه‌و ڕۆژانه، ئه‌و كه‌سانه، ئه‌و هه‌ستانه بوون یان به‌س له دونیای "خۆزگه و خه‌یاڵی" مندا ساز دراون. تۆ قه‌ت ناتوانی بزانی چه‌ند ناخۆشه دڵنیا نه‌بی له‌وه‌ی كه ئه‌و بیره‌وه‌رییانه‌ی هه‌ته "ڕاستین" یان ده‌ستكردی تاسه‌ی دهرونته... چه‌ند ڕۆژ پێش به خۆم گوت " خــــــــــۆزگه بیـــــــــــرم نهدهكـــــــــردی!"
Comments:
Post a Comment
|