May 3, 2005
"ڕاسان" یه‌كه‌مین و ته‌نیا مانگنامه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ژنان، تایبه‌ت به كوردستان- ڕۆژهه‌لات- له چاپ درا. سوره‌ییا عه‌زیزپه‌نا مودیری به‌رپرس و ڕۆئیا تلووعی سه‌رده‌بیری ڕاسانن. هه‌وڵی ئه‌وان ئه‌وه‌یه كه له ڕوانگه‌یه‌كی ژنانه‌وه خاڵه جۆربه جۆره‌كانی پرسی ژنان بخه‌نه به‌ر باس. ڕاسان به دوو زمانی كوردی و فارسی بڵاو ده‌بێته‌وه و له چه‌ند به‌ش وه‌ک وتار، به‌شێ فیكری، سیاسه‌ت، لێكدانه‌وه، ڕوانگه و ڕاپۆرت پێكهاتووه. ڕاسان چه‌ند لاپه‌ڕه‌ی به ناوی چه‌ند ژنێک كه له‌م دوایانه‌دا به هه‌ر هۆیه‌ک له كوردستان ناویان ده‌ركردووه، ته‌رخان كردووه بۆ دوان له سه‌ر كێشه‌ی ژنان. بۆ نموونه لاپه‌ره‌یه‌ک به ناوی شه‌ریفه بۆ لێكدانه‌وه‌ی باس له سه‌ر توند و تیژی دژ به ژنان. هۆی هه‌ڵبژاردنی ناوی "شه‌ریفه" ، شه‌ریفه حدودی‌یه كه نۆ مانگ له ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ی بنه‌ماڵه‌ی مێرده‌كه‌یدا بووه. لاپه‌ره‌یه‌كی‌تر به ناوی "وریشه" ژنێكی 15 ساڵانه‌ی مه‌ریوانی كه ئاگری له خۆی به‌رداوه له به‌رچاو گیراوه بۆ قسه كردن له سه‌ر كێشه خۆسوتاندنی ژنان. ستونێک به ناوی "سوتوزپورا" كه یه‌كه‌مین نه‌شرییه‌ی ژنان له ئیتالیایه و نووسراو‌ی ژنانی بێ ده‌ست تێوه‌ردان بڵاو ده‌كرده‌وه، له ڕاسان دا له به‌ر چاو گیراوه بۆ بڵاو كردنه‌وه‌ی نووسراوه‌ی ئازادی ژنان. له ژماره‌ی یه‌كه‌می ڕاسان دا چه‌ند وتار له "نوشین احمدی"، ویكتوریا آزاد، ڕوناک فه‌ره‌ج، ڕۆئیا تلووعی، شه‌هلا ده‌باغی، شه‌مزین جه‌هانی، كازێوه سالح ... چاپ كراوه. ڕاسان له یه‌كه‌م ژماره‌ی خۆیدا، نه‌ک به شێوه‌یه‌ک كه باوه، پیــــــــرۆزبایی له مه‌هاباد قه‌ره‌داغی، به بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی بـــــــۆ پۆستی وه‌زاره‌ت، كردووه. له‌م پیامه‌دا نووسراوه: "بێ‌گومان یه‌كێک له ڕێگه‌كانی چاره‌كردنی گرفتی ژنان، بوونی چالاكانه‌ی ژنان له ناو ده‌سه‌لاتدایه. ژنان به‌و شێوه‌یه ده‌توانن ده‌سه‌ڵات و ده‌رفه‌تی ئاڵوگۆڕ به ده‌ست ژنان و بۆ ژنان سازبكه‌ن. ئێمه دڵنیاین كه ژنانی چاڵاک و خاوه‌ن بیر وباوه‌ڕ كه به بێ پشتگری پیاوه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی بنه‌ماڵه‌كه‌یان! به ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌ن، فریوی ناو و ناوبانگ ناخۆن و له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی ژناندا درێژه به خه‌بات و چالاكی خۆیان ده‌ده‌ن. ئێمه وه‌ک به‌ڕێوبه‌رانی ڕاسان، پیرۆزبایی خۆمان ئاراسته‌ی ئێوه و هه‌موو ژنانی كورد ده‌كه‌ین و په‌یمان بێت هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی گۆڤار و ڕۆژنامه‌كان به‌ردی بناغه‌ی دێمۆكراسین، ئێمه‌ش به پشتگرتن و ڕه‌خنه‌ی به‌جێ، یارمه‌تیتان بده‌ین!" سه‌رچاوه
Comments:
Post a Comment
|