Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

May 21, 2005

بۆ په‌ری شاكه‌لی

پــــــــه‌ری، پرسیاره‌كانی من زۆر زوو ده‌ستیان پێ كرد و لێم بوون به سێبه‌رێكی قورس كه بێ وڵام مانه‌وه‌یان بۆشاییه‌كانی گه‌وره‌تر و گه‌وره‌تر ده‌كرده‌وه. سێزده ساڵم بوو تووشی شه‌ڕی ماناكان بووم. دایكم نوێژی ده‌كرد، بابم نا. براكه‌م كۆمۆنیست بوو و خوشكه‌كه‌م له ناو كتێبه‌كاندا به‌دوای باوه‌ڕیكدا ده‌گه‌ڕا. من به‌‌ڵام سه‌رلێ شێواو بووم. ئه‌و كاتانه بوو كه زیاتر له هه‌میشه پێویستم به باوه‌ڕێک هه‌بوو چنگی لێ قایم كه‌م، ئه‌گه‌ر نه باوه‌ڕێک، كه په‌نایه‌ک تا خۆمی تێدا حه‌شار ده‌م. ئه‌و ساڵانه‌ بۆ دیتنه‌وه‌ی خودایه‌ک له هه‌موو ده‌رگایه‌كم ده‌دا تا ئیتر نه‌ترسم. ئاخر هه‌ست به ترسێكی نامۆ به‌رۆكی به‌ر نه‌ده‌دام. هه‌میشه ده‌ترسام. له چی و له كێ، زۆر گرنگ نه‌بوو. فێر ببووم به ترسه‌وه بژیم. خۆم له ناو خۆمدا هه‌ستم به تاوان ده‌كرد، وا فێر كرابووم له سێبه‌ری خۆشم بترسێم. له هه‌شت ساڵییه‌وه خووم به هه‌ڵگرتنی ماسكێک گرتبوو كه هه‌ر ده‌هات و قورستر ده‌بوو. ترسی داكه‌وتنی ئه‌و ماسكه ئارامی لێ بڕێبووم. ئه‌وی ده‌مكرد و ئه‌وی ده‌مگوت من نه‌بووم و كێشه‌ی خۆ دیتنه‌وه له ناو خۆمدا ئازاری ده‌دام. تۆش پێت وانیه ئێمه‌یان زۆر زوو فێری وشه‌ی تاوان و گوناح كرد؟ تۆش پێت وانییه ئێمه‌یان زۆر زوو زینده به چاڵ كرد؟

...

تۆ ده‌زانی كه‌ی گه‌وره بووی پـــــــه‌ری؟ من نازانم. نازانم كه‌ی بوو یان چۆن بوو ئاواته‌ ساكاره‌كانم یه‌كه یه‌كه ون بوون. من نازانم كه‌ی گه‌وره بووم، ئه‌و ڕۆژه بوو كه نۆ ساڵم بوو و سه‌رپۆشم كرده سه‌ر تا پیاوه‌كان تووشی "گوناح" نه‌بن یان ئه‌و ئێواره‌یه‌ی ده‌مویست له سه‌ر پلیكانه‌كاندا باز بده‌م و سه‌یزاده‌ی هاوسێمان قیژاندی كه ئااااای مه‌كه، كچێ مه‌كه بۆت باش نییه!؟ من نازانم كه‌ی بوو زانیم "من" یانی تاوان، تۆ ده‌زانی؟ ئێستاش نازانم كه كوڕه گه‌نجه‌كه‌ی هاوسێمان ویستی ده‌ست بۆ مه‌مكم به‌رێ، بــــــــــــۆ من هه‌ستم به تاوانبار بوون كرد؟ بـــــــــــــۆ من گریام؟ بۆ من شه‌رمم كرد، بــــــۆ ترسام به دایكم بڵێـــــــم؟ منداڵێكی نۆ ساڵانه بۆ ده‌بێ هێنده بترسێ له بوون؟ تۆ ده‌زانی په‌ری؟

....

سه‌رده‌مێكی سه‌یر بوو په‌ری، ترساندبوویانین. له ناوی خۆمان، له سێبه‌ری خۆشمان ده‌ترساین. له‌و شته‌ی كه بووین یان ئه‌و شته‌ی كه ده‌مانویست بین. وامان لێ هاتبوو ته‌نیا له ژێر ماسكه‌وه هه‌ست به ئارامی بكه‌ین، ئه‌ویش نه هه‌میشه، سێبه‌ری ترسێک هه‌میشه به دوامانه‌وه بوو، ترسی ئه‌وه‌ی ماسكه‌كانمان داكه‌وێت، ترسی ئه‌وه‌ی ببیندرێین، بناسرێینه‌وه، ترسی ئه‌وه‌ی سزا بدرێین به تاوانی خۆ بوونمان، به تاوانی ساكارترین ویسته‌كانمان كه ئیتر لێ مان ببوون به ئاواته‌ گه‌وره‌كان! قه‌ت بیرت لێ كردۆته‌وه په‌ری؟ تاكه‌ی ده‌توانین خۆمان نه‌بین؟ تا كه‌ی ده‌توانین ناومان له ژێر باوه‌ڕه‌كانمان بسڕینه‌وه؟ تا كه‌ی ده‌توانین بۆ "ئه‌وان" بژین؟ پرسیاره‌كان ببوون به خۆره‌ی گیانم ... كه‌ی ڕه‌وایه به ماسكه‌وه ژیان؟ كه‌ی ڕه‌وایه نه‌توانی به ده‌نگی به‌رز بیر بكه‌یه‌وه؟ كه‌ی ڕه‌وایه نه‌وێری به ناوی خۆت بیر بكه‌یه‌وه؟ كه‌ی ڕه‌وایه به ترسه‌وه ژیان؟

سه‌رده‌مێكی سه‌یر بوو په‌ری، له ده‌رێ پیاوه‌كان وكوڕه‌كان به قسه‌ پێ گوتن و به ده‌ست بۆهێنان، سووكایه‌تیان پێ ده‌كردین. كه ده‌گه‌یشتینه‌وه به‌ر ده‌رگای مه‌دره‌سه‌ش، میتر به ده‌ست، كورتی و درێژی ده‌لینگی شه‌ڵواره‌كانیان گه‌ز ده‌كردین مه‌بادا یه‌ک دوو سانت كورتتر له‌و شته‌ی بێت ئیزنیان پێ دابووین. ناو كیف و كتێبه‌كانی ئێوه‌ش ده‌گه‌ڕان په‌ری؟ به ده‌سره‌یه‌كی سپی پشت چاو و سه‌ر گۆنایان پێ ده‌سڕینه‌وه بزانن خۆتان جوان كردووه یا نا؟‌ به زۆر نوێژیان پێ ده‌كردن؟ به ئێمه‌یان ده‌كرد. بۆتان هه‌بوو ده‌گه‌ڵ‌ مامۆستا كورده‌كانتان به كوردی قسه بكه‌ن؟ ئێمه بۆمان نه‌بوو.

هه‌ر ڕه‌نگی سپی نه‌بوو په‌ری، مۆسیقا، پێكه‌نین، عاشق بوون، ژن بوون له خۆیدا، هه‌مووی تاوان بوو! ئێستاش؟ ئێستاش!

...

ئه‌و سووكایه‌تی پێ كردنه، هێنده‌ی ناو مه‌دره‌سه و كلاسی ده‌رسه‌كان، له ده‌رێش به‌رده‌وام بوو. ئه‌ویان بێگانه ده‌یكرد و ئه‌میان "خۆمانه". ئه‌ویان گوتی: "ڕه‌نگی سپی له به‌ر مه‌كه‌ن، پێ مه‌كه‌نن، چاو له چاوی كه‌س مه‌كه‌ن، به ده‌نگی به‌رز قسه مه‌كه‌ن، با سه‌رنجی پیاو بۆ لای خۆتان ڕانه‌كێشن"، ئه‌میان گوتی:" كه تۆ ڕه‌نگی سپی له به‌ر بكه‌ی، پێ بكه‌نی، چاو له چاوم بكه‌ی، به ده‌نگی به‌رز قسه بكه‌ی، یانی خۆت حه‌ز ده‌كه‌ی قسه‌ت پێ بڵێم و ده‌ستت بۆ بێنم". فه‌رقیان چییه؟ تۆ جیاوازییه‌ک ده‌بینی؟ په‌ری، من و تۆ و ئێمه‌مانه قۆچی قوربانی بیرێكی بۆگه‌نین. به‌شێكی دیاری دوژمنێكی دڵ‌چڵكنه و به‌شێكی میراتی فه‌رهه‌نگێكی نه‌خۆش.

.. و كه من پانزده ساڵم بوو هیچ جێیه‌كم بۆ خودا و باوه‌ڕ نه‌مابوو. كه پانزده ساڵم بوو پڕ پڕ پڕ بووم له ترس و له نفره‌تێكی ڕه‌ش!

هێشتاش!



Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------