May 22, 2005
"خۆزیا پیاوێک ده‌بووه هاوسه‌ری ژیانم. ئه‌و خێره زۆر گه‌وره‌یه بۆ كه‌سێک كه ئه‌وم ده‌گه‌ڵ بكات، چونكه به‌و هۆیه‌وه له‌به‌دره‌وشتی ڕزگارم ده‌بێ".( مێدیا- ژماره‌ی191- ڕێكه‌وت:17-5-2005) به هۆی هێمن-وه ڕێگه‌م كه‌وته ڕۆژنامه‌ی مێدیاوه. لاپه‌ره‌كانم یه‌كه یه‌كه خوێنده‌وه. تا گه‌یشتمه لاپه‌ڕه‌ی ده. وێنه‌ی داپۆشراوی ژنێكی له‌ش فرۆش له به‌غدا و قسه و باسی چه‌ند دانه له‌و ژنانه‌ی ده‌مێكه له ڕێگه‌ی له‌شیانه‌وه خۆ به خێو ده‌كه‌ن. كورته باسه‌كه‌م خوێنده‌وه، كاس بووم. پڕ بووم له هه‌ستێكی تێكه‌ڵاوی توڕه‌یی و شه‌رم و داخ. توڕه بووم له‌وه‌ی كه دیم مرۆڤێک كه هه‌ر له ته‌مه‌نی ده ساڵییه‌وه- به هه‌ر هۆیه‌ک- تووشی له‌ش فرۆشی بووه، ئه‌وه‌نده توڕه نییه تا كۆمه‌ڵگه و بنه‌مای یاساكان به‌رێته ژێر پرسیار. باسی مافه پێ شێل كراوه‌كه‌ی خۆی وه‌ک مرۆڤ ناكات، باسی ئه‌وه ناكات كه بێ‌گومان پیاوی كریاری سێكس هه‌ن بۆیه له‌ش فرۆشی هه‌یه و ماوه، گرفته‌كه وه‌ک گرفتێكی كۆمه‌ڵگه و ڕوانیی هه‌ڵه له سه‌ر ژن و بۆچۆنی ناگونجاوی پیاو بۆ سه‌ر سێكس و ژن نابینێ، به‌ڵام بیر له ڕووڕه‌شی و گوناح ده‌كاته‌وه. توڕه بووم كه هێشتا له‌و سه‌رده‌مه‌شدا "هۆكارییه‌كان" گرنگ نین، ئه‌وه كه چۆن و چی ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی مرۆڤێک ده‌كه‌وێته ناو بازنه‌یه‌كی داخراو و له دووپات بوونه‌وه‌ی ژیانێكی نه‌خواستراودا ده‌توێته‌وه گرنگ نییه، به‌ڵكوو هه‌موو هه‌وڵه‌كه ئه‌وه‌یه له ژێر ناوی ئه‌خلاق و بێ‌ئه‌خلاقی، هۆی ناحه‌زییه‌كان داپۆشن. دڵم بۆ خۆمان سووتا. دڵم بۆ ژنێک سووتا كه وه‌ک منداڵێكی ده ساڵانه له‌شی بێ‌تاوانی بۆته ئامرازی دامركاندنی هه‌وه‌سی پیاوان و ئێستا ئه‌م له‌شه تاوانباره، باوه‌ڕی كردووه ته‌نیا پیاو ده‌توانێ ڕزگاری بكات و ده‌ڵێ"خۆزیا پیاوێک ده‌بووه هاوسه‌ری ژیانم. ئه‌و خێره زۆر گه‌وره‌یه بۆ كه‌سێک كه ئه‌وم ده‌گه‌ڵ بكات، چونكه به‌و هۆیه‌وه له‌به‌دره‌وشتی ڕزگارم ده‌بێ". چه‌ند حه‌زم كرد پێی بڵێم ژیانی هاوسه‌ری نابێ وه‌ک "خێر پێ كردن" چاو لێ بكرێت! ژیانی هاوسه‌ری ئه‌گه‌ر بوو به خێر و خێرات، هیچ فه‌رقی ده‌گه‌ڵ له‌ش فرۆشی نییه، ئه‌وه نه‌بێ ئێستا له‌شت به چه‌ند كه‌س ده‌فرۆشی و ئه‌و كات ته‌نیا به پیاوێک به ناوی "مێرده‌كه‌ت". چه‌ند حه‌زم كرد وه‌بیری بێنمه‌وه ئاخر مه‌گه‌ر هه‌ر پیاو نه‌بوو له‌ش و گیانی ده ساڵانه‌ی تۆی بریندار كرد؟ دوایی به دونیایه‌ک شه‌رم و داخه‌وه وه‌بیرم هاته‌وه ڕاست ده‌كات ژنی هه‌ژار. پیاو نه‌بێ ژن چ مانایه‌كی هه‌یه؟ ژن سایه سه‌ری پیاوێكی له سه‌ر نه‌بێ، كه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌دا جێ و شوێنێكی پێ ده‌درێت؟ كێ ڕێزی بۆ داده‌نێ؟ ژنێک نه‌توانێ بڵێت "ژنی فلانه كه‌سم"، یان "كچی فلانه كه‌سم" چۆن خۆی بناسێنێ؟ به دونیایه‌ک شه‌رم و داخ وه‌بیرم هاته‌وه ئه‌و ژنه ڕاست ده‌كات، ئه‌مڕۆ له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی ئه‌و تێیدا ده‌ژیت بیه‌وێت ده‌ست له له‌ش فرۆشی هه‌ڵگرێ و ژیانێكی ئاسایی ده‌ست پێبكات، پێویستی به دوكتور و دروونناس و پشتگری یاسا و ... نییه، پێویستی ته‌نیا به بوونی پیاوێک له ژیانیدا هه‌یه! به‌س نازانم چۆنه ئه‌و بیره‌ی ته‌نانه‌ت به مێشكدا هاتووه و خۆزگه ده‌خوازێ پیاوێک ببێته هاوسه‌ری ژیانی، مه‌گه نازانێ له‌وێ پێوانه‌كانی پیاوه‌تی، شه‌ڕه‌ف، غه‌یره‌ت و نامووس هه‌مووی له ناوگه‌ڵی ژن دایه و هیچ پیاوێک ناتوانێ قه‌بووڵ كات "نامووسه‌كه‌ی" پێشتر بێ‌نامووسی كردبێ؟ مه‌گه‌ر نازانێ ته‌نانه‌ت هه‌ر ئه‌و پیاوانه‌ی له‌شی تاوانباری ئه‌و له باوه‌ش ده‌گرن و له‌زه‌تی لێ ده‌بینن، به پولێكی سووتاویش ئه‌ویان ناوێ!؟ خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كانی‌تری هه‌مان لاپه‌ره، ئه‌وه‌نده‌ی تری خه‌مبار كردم. به خوێندنه‌وه‌ی قسه‌كانی دوو پیاوی كورد كه به گه‌نجی ده‌ست درێژیان لێكراوه و ئێستا له هه‌نده‌ران ده‌ژین، دڵم گیرا. ئه‌گه‌رچی تامان شاكر، نووسه‌ری بابه‌تی نێربازی له كوردستاندا، هه‌ندێ هۆكاری وه‌ک "دووری و یه‌كتر نه‌ناسینی ژن و پیاو له كۆمه‌ڵگه‌ی داخراوی كورده‌واریدا، نه‌بوونی سێكس و ئازادی سێكسی، گرانیی نرخی ژن(!!!) له كوردستاندا" به گرنگترین هۆكاره‌كانی زیادبوونه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه ده‌زانێ، به‌ڵام بناغه‌ی گرفته‌كه له لای من شێوه‌ی ڕوانینی مرۆڤه‌كان له سه‌ر سێكس و مه‌سه‌له‌ی نواندنی ده‌سه‌ڵاته كه ده‌بێته هۆی زۆرێک له‌م ڕووداوانه. نامه‌وێ بڵێم ئه‌و هۆكارانه‌ی شاكر باسیان ده‌كات گرنگ نین، به‌ڵام له باسی ده‌ست درێژی لێكردندا ناكرێ باسی نه‌بوونی ئازادی سێكس بكه‌ین، ئه‌وه‌ی ده‌ستدرێژی ده‌كات مرۆڤێكی نه‌خۆشه و نابێ پێمان وابێ بوون یان نه‌بوونی ئازادی ده‌ورێكی زۆر گه‌وره‌ی له سه‌ر كه‌سایه‌تی ئه‌م جۆره پیاوانه هه‌یه. له وڵاتانی ئوروپایی بۆ نموونه ئازادی په‌یویندی نێوان ژن و پیاو هه‌یه، به‌ڵام ده‌یان و سه‌دان ژن و ته‌نانه‌ت پیاویش له ساڵدا ده‌كه‌ونه به‌ر ده‌ستدرێژی. به ڕای من باشتره قوڵتر چاو له گرفته‌كان بكه‌ین! ... خوێندنه‌وه‌ی قسه‌كانی ئامینه و سه‌بریه كه دوكتور نین و خوا ده‌زانێ چۆن په‌رده‌ی كچێنی ده‌دروونه‌وه تا شه‌وی بووكێنی، كه‌س له ژێر ناوی شه‌ره‌فدا نه‌كوژرێ، ڕاستییه‌كی تاڵی تری كۆمه‌ڵگه و فه‌رهه‌نگی نه‌خۆشی خۆمانی خستمه‌وه بیر. ڕاستییه‌ک كه بوونه‌كه‌ی به‌سه تا من قه‌ت كۆمه‌ڵگه‌ی خۆمان نه‌به‌خشم. لۆمه‌ی ئامینه و سه‌بریه ناكه‌م، ڕه‌نگه به‌و داب و نه‌ریته‌ی له كوردستان باوه، بوونی ئه‌و دوو ژنه له نه‌بوونیان باشتر بێ، من نازانم، به‌س بریا ده‌نگم به گوێی دوكتوره په‌ری خالید بگات، حه‌ز ده‌كه‌م بزانێ ئه‌و بیره بۆگه‌نه و ترسی نه‌بوونی سێ دڵۆپه خوێنی شه‌وی بووكێنی، بۆته كابووسی كچه‌كانمان له هه‌نده‌رانیش و وای كردووه بۆ دوكتوره‌كانی ئێره "چاک كردنه‌وه‌ی" په‌رده‌ی كچێنی وه‌ک ئاو خواردنه‌وه‌ی لێهاتووه. گرانیش نییه، سه‌فه‌رێكی دانمارک و 3000 كرۆنی خه‌رجه! ته‌نیا 3000 كرۆن! ده‌بینی، نامووس زۆریش گران نییه! .... ئێستا لێره دانیشتووم و بیر ده‌كه‌مه‌وه ئێمه له چ دونیایه‌کدا ده‌ژین به‌ڕاست؟ نرخی مرۆڤ ده‌توانێ له‌وه كه‌متر بێ كه ئێستا هه‌یه؟ ئه‌و سه‌رده‌مه بۆگه‌نیوه كه‌ی سێبه‌ری ڕه‌شی خۆی له سه‌ر بیر و مێشكی خه‌ڵكی ئێمه لاده‌بات؟ بایه‌خی مرۆڤایه‌تی كه‌ی له ناوگه‌ڵی كچ و كوڕه‌كانماندا هه‌ڵده‌كێشرێته سه‌رتر و ده‌گاته ناخ و ناوه‌ڕۆكی مێشک و كار و كرده‌وه‌كانمان؟ قه‌ت ئه‌و ڕۆژه ده‌گات كه مرۆڤ هه‌ر مرۆڤ بێ و مرۆڤ ده‌گه‌ڵ مرۆڤ یه‌كسان بێ؟ ئه‌و ڕۆژه قه‌ت ده‌گا كچ و كوڕی ئێمه‌ش خاوه‌نی له‌ش و ژیانی خۆیان بن؟ ئه‌و ڕۆژه قه‌ت ده‌گات كچ و كوڕی ئێمه‌ش به هۆی ئه‌و زوڵم و بێ‌ڕێزییه‌ی پێیان ده‌كرێت سزا نه‌درێن؟ ئه‌و ڕۆژه قه‌ت ده‌گات ئه‌و كچه‌ی ده‌ست درێژی لێ كراوه تاوانبار نه‌ناسرێ و ناچار نه‌بێ خۆی بخاته ژێر ده‌ستی ئامینه و سه‌بریه تا ئه‌وانیش به شێوه‌یه‌كی‌تر و له ژێر ناوێكی‌تر ده‌ست درێژی لێ بكه‌ن؟ ڕۆژێک ده‌گات كۆمه‌ڵگه قامكی هه‌ڕه‌شه‌ی ڕوو له تاوانباره‌كان بكات و بێ‌تاوانه‌كان ئاواره‌ی هه‌نده‌ران نه‌كات؟ ...... چه‌نده پێم خۆش بوو توانیبام به خۆم بڵێم مه‌ترسه كچی باش. مه‌ترسه، ئه‌و ڕۆژه زۆریش دوور نییه. چه‌نده پێم خۆش بوو توانیبام به خۆم بڵێم " ئــاسۆ ڕوونه"، ناتوانم به‌ڵام! به ڕاشكاوییه‌وه ده‌ڵێم هیچ هیوایه‌كم نییه، هیچ داهاتوویه‌كی ڕوون بۆ خۆمان نابینم. له‌وانه‌یه من زۆر ڕه‌شبین بم، نازانم، له‌وانه‌یه ماندووتر له‌وه بم بتوانم باشییه‌كان ببینم، ئه‌وه‌ش نازانم. ماندووم به زه‌ڕه‌بین له شته باشه‌كان و خۆشه‌كان بگه‌ڕێم. ماندووم له دیتنی ئه‌و كچانه‌ی ده‌رگا به ده‌رگا به دوای ئامینه و سه‌برییه‌كاندا ده‌گه‌ڕێن تا به 400 دۆلار ببنه‌وه به كچێكی نه‌جیــب. ماندووم له كۆمه‌ڵگه‌یه‌ک كه مانای نه‌جیب بوونی له ناو ده‌رپێی كچ و كوڕه‌كانیدا شاردبێته‌وه ...
Comments:
Post a Comment
|