Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

May 28, 2005

ده‌مزانی بیره‌م پێ خۆش نییه، ده‌مێكه ده‌زانم تیكیلای ڕووت و سانڕایز و مارگاریتا و پاسووا مه‌ستم ناكه‌ن، ئه‌مشه‌و زانیم شامپاین خواردنه‌وه به ته‌نیایی من توڕه ده‌كا. ته‌كلیفی خۆم ده‌گه‌ڵ شه‌راب به‌تایبه‌ت شه‌ڕابی سوور ده‌مێكه ڕوون كردۆته‌وه. بمخواته‌وه، نایخۆمه‌وه... له‌و قسانه كه خۆ گێل كه‌ین، مه‌ستیش مه‌ستی جاران. ئێره‌یی ده‌به‌م به‌وانه به دوو بیره سه‌رخۆش ده‌بن، به چواردانه پێیان ده‌گاته سه‌ر هه‌وران. مه‌ستیش مه‌ستی جاران. جاران سه‌ر خۆش كه ده‌بووی ده‌نگیشت خۆش نه‌بایه گۆرانیت ده‌خوێند، ئێستا دوای شه‌ش دانه تیكیلا هێشتا ئه‌وه‌نده وشیاری كه چاو له ساعه‌ت ده‌كه‌ی بزانی كاتی هه‌واڵه‌كانی كاناڵ چوار هاتووه یان نا! دوای هه‌شت تیكیلا ئه‌وه‌نده وشیاری كه هیچت له پته ده‌رناچێ و ده‌زانی كه "باشتره" نه تله‌فوون بكه‌ی و نه SMS بنێری! ئاخر ئه‌وه‌ش بوو به مه‌ستی؟! جاران مه‌ستی سنووره‌كانی كه‌مێک ده‌گواسته‌وه ئه‌ولاتر. جاران مه‌ستی حیسابی "باشتره وا بكه‌م" و "باشتره وانه‌كه‌م"ی له بیر ده‌بردییه‌وه... چی بووه؟ شته‌كان كــه‌ی گـــۆڕدران؟ بــــــــۆ گــــۆڕدران؟


ئه‌رێ به‌ڕاست به‌شه بێ‌ڕه‌نگه‌كه‌ی ژیان كه خۆ ده‌رده‌خات، مرۆڤ ده‌بێ چی بكا باشه؟ منداڵ كه بووم كاتی وا ده‌ستم ده‌كرده گریان. هه‌میشه كه‌سێک هه‌بوو ژیرت كاته‌وه، هه‌میشه دڵنیا بووی كه تا باوه‌شی خوشكه‌كه‌ت یان ناو كۆشی دایکت دوو هه‌‌نگاوه و به‌س. ناخۆش ئه‌وه‌یه هه‌رچی گه‌ورتر ده‌بی ترسه‌كانت زلتر ده‌بن و ئاواته‌كان بچووكتر. بێ سووده بیر لێ كردنه‌وه‌ی، ئێستا وه‌بیرم نایه له كه‌یه‌وه ئیتر شه‌وانه نه‌متوانی پێش خه‌وتن نوقمی خه‌یالات بم. ئه‌و چه‌ند جاره‌ش كه هه‌وڵم داوه نه‌بووه. ویستم دیسان پێش خه‌وتن، وێنه‌ی ئه‌وه‌ی بیری ده‌كه‌م بێنمه‌ پێش چاوی خۆم، ویستم شته‌كان و مرۆڤه‌كان ڕێک له‌و شوێنه‌ی ژیانم كه پێم خۆشه دابنێم، ویستم ڕه‌نگه‌‌كان خۆم هه‌ڵیانبژێرم، نه‌بوو به‌ڵام. ئاخریش هه‌ر نه‌مزانی كه‌ی خه‌وم لێ كه‌وتبوو. نازانم به‌ڕاست. وه‌ک‌ شتێک بیر كردنه‌وه له‌و شتانه‌ی نامه‌وێن ئاسانتر و ئاسایی‌تره. وه‌ک شتێک ده‌لێی ڕاهاتووم به نه‌ویستن . وه‌ک شتێک ئه‌وه‌نده بیرم له‌و شتانه‌ی كه نامه‌وێن كردۆته‌وه كه ئیتر بیر كردنه‌وه له‌و شتانه‌ی كه ده‌مه‌وێن بۆم سه‌خته. بریا كه زانیت چیت ناوێ به‌و مانایه بایه كه ده‌زانی چیت ده‌وێ ...

نا، به‌ڵام ئه‌ی ڕه‌نگه‌كان؟ حیسابی ڕه‌نگه‌كان چی لێ دێته‌وه؟ مه‌گه كه‌سێک تا كه‌ی ده‌توانێ شه‌وانه به زۆری خۆی له خه‌و كات و بیر هه‌ر له‌ شتی بێ ڕه‌نگ بكاته‌وه؟ ده‌ی مه‌گه كه‌سێک تاكه‌ی ده‌توانێ به خۆی بڵێ بنوو، بنوو، بنوو، بنوو، بنوو ... دوایی خه‌وی لێ بكه‌وێ و كه ڕۆژ بۆوه هه‌ستێته‌وه تا دیسان نوقمی ساته بێ‌ڕه‌نگه‌‌كان بێته‌وه؟ به من چی كه‌س باسی خۆڵه مێشی ڕۆژه‌كانی خۆی ناكات؟ به من چی هه‌موو خۆ گێل ده‌كه‌ن؟ به من چی هه‌رچی ته‌نیایی مرۆڤ ئاشكراتر و ئاسایی‌تر ده‌بێته‌وه، باس لێ كردنی عه‌یب‌تر و شووره‌یی‌تر. به من چی وایه كه باس له ساته خۆڵاوییه‌كان به قه‌د باس له سێكس و نه‌داری و هێرۆئین و ته‌ریاک عه‌یبه و بڤه‌یه! به من چی كه دابی كوردی وایه هه‌موو ده‌بـــــــێ شێـــــره‌ژن و شێــــره پیاو بن!

ئه‌گه‌ كورد نه‌بایه‌م، ئه‌گه ژنێكی كورد نه‌بایه‌م، ئه‌گه كه‌مێک‌ مه‌ست بووایه‌م، ئه‌گه سنووره‌كان كه‌مێک لادرابانه ئه‌ولاتر، ئه‌مشه‌و، هه‌ر ئه‌مشه‌و، به جێی هه‌موو ئه‌و قسه تێكه‌ڵ پێكه‌ڵانه، باسی هه‌ندێ شتی‌ترم بۆ ده‌گێرایه‌وه. وه‌ک باسی ئه‌و ژنه‌ی كه دڵی پڕ بوو له قسه و ده‌گه‌ڵ كه‌سی قسه نه‌ده‌كرد. ژنێک كه بۆ خۆناسین، هه‌موو ڕێــــــــگاكانی تاقی كرده‌وه و هه‌ر خـــــــــۆی نه‌نــــاسی، ژنێک كه ڕۆژێک بڕیاری دا له چنگ خۆی هه‌ڵێت و به ناخی خۆیدا ڕۆ چوو! ژنێک كه له نامۆییه‌كانی ده‌روونیدا خـــــــــــــۆی ون كرد. ئه‌گه كورد نه‌بایه‌م باسی ژنێكم بۆ ده‌كردی كه خۆزگه‌ی له ئامێزگرتنی كوڕه چاوڕه‌شه‌كه‌ی - كه نیێتی- شه‌وانه بێ‌خه‌وی ده‌كات. باسی ژنێک كه تیكیلای ڕووت و سانڕایز و پاسووا مه‌ستی ناكه‌ن و له وشیاریدا، مه‌ستانه، گۆرانییه‌‌كی له بیركراو ده‌ڵێته‌وه. ئه‌گه‌ر كورد نه‌بایه‌م باسی ژنێکم بۆ ده‌كردی كه چۆن پڕه له ژیان و چاوه‌ڕێی مردن ده‌كات، كه چه‌نده ده‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رده‌مه هه‌ست به غه‌ریبی ده‌كات، كه چه‌نده ته‌نیایه و له ته‌نیاییه‌كانیدا هه‌ست به بـــــــــــه‌ختــــــــــــــه‌وه‌ری ده‌كات و چه‌نده له‌وه‌ی كه بـــه‌ختــــه‌وه‌ری له ته‌نیاییه‌كاندا ده‌بینێته‌وه هه‌ست به تاوان ده‌كات و ده‌ترسێ. ئه‌گه‌ كورد نه‌بایه‌م باسی ژنێکم بۆ ده‌كردی كه هێشتاش وه‌ک چیرۆكی ناو كتێبه‌كان عاشق ده‌بێت و ده‌گه‌ڵ مردنی قاره‌مانی چیرۆكه‌كه‌ی ده‌مرێ. ئه‌گه‌ر كورد نه‌بایه‌م باسی شه‌وێكی شێتانه‌م ده‌كرد، ئه‌و شه‌وه‌ی باران باری و شه‌و هێنده درێژ بۆوه تا ئه‌وی ده‌گه‌ڵ ‌خۆی هێنا و خۆشه‌ویستی ئیتر هه‌ر چه‌نددانه وشه‌ی وشک نه‌بوو كه هه‌ر كه‌سێک ده‌یتوانی به زمانی بێنێ ...

به‌ڵام كوردم، ژنێكی كوردم و "كورده نامووسی" له خوێنم دایه و له هه‌مووشی خراپتر خۆ مه‌ست نیم!



Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------