June 2, 2005
ده‌ی من تـــــــــــۆم بیست. ده‌گه‌ڵ به‌شێكی قسه‌كانت هه‌م. به‌تایبه‌ت ئه‌و به‌شه‌ی باسی چه‌وسانه‌وه‌ی من هه‌م به هۆی ژن بوونم، هه‌م كورد بوونم و هه‌م سووننی بوونم ده‌كه‌ی. به‌ڵام هێشتا دوو دڵییه‌كانم له سه‌ر جێی خۆیه‌تی و پرسیاره‌كانم بێ‌وڵام ماونه‌ته‌وه. من نامه‌وێ زۆر باسی ده‌سه‌ڵاتی شیعه بكه‌م، هۆیه‌كی ئه‌وه‌یه كه پێموایه له وڵاتێكی دێمۆكرات‌دا سووننی بوون تاوان نابێ و چه‌وسانه‌وه‌نه‌ی به هۆی باوه‌ری دینی نایه‌ته ئاراوه. له زۆربه‌ی وڵاتانی ئازاد و لیبراڵیش ته‌نانه‌ت دینێک وه‌ک دینی ڕه‌سمی و سه‌ره‌كی وڵات هه‌یه و ئه‌وانی‌تر سه‌ڕه‌ڕای هه‌موو جیاوازییه گه‌وره و بچووكه‌كانیان ده‌توانن به‌شداری ده‌سه‌ڵات بن. به‌ڵام تا ئێره ده‌گه‌ڵتم كه باسی ده‌مار گرژی و ته‌عه‌سووبی كوێر كوێرانه‌ی شیعه و به تایبه‌ت شیعه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌كه‌ی. من خۆم زۆرجار، له‌وێ كه گه‌نجه ئه‌مڕۆییه‌كان ده‌بینم كه دژ به هه‌موو یاساكان و رێساكانی ئیسلام ده‌بنه‌وه، به‌ڵام "مۆلا" و "یاعه‌لی"یان له زار ناكه‌وێ، سه‌رم سووڕدێمێنێ. قسه‌ی من زۆرتر ئه‌وهێه كه ئایا ئه‌مه به ته‌نیا هۆیه‌كی باشه بۆ "پاسیڤ" مانه‌وه و خۆ لادان یا نا؟ باسی خه‌باتی مه‌نفیت كردبوو. كه‌مێکم به‌لامه‌و سه‌یر بوو. ته‌نیا ده‌نگ نه‌دان به ته‌نیا ناتوانێ وه‌ک خه‌باتی مه‌نفی چاوی لێ بكردرێ. كورد له هه‌مان حاڵ‌دا كه ناچێ و ده‌نگ نادا، به شێوه‌یه‌کی چالاک چه‌رخه‌ی ئابووری به‌شێكی كۆمه‌ڵگه ده‌سووڕێنێ، نا؟ ده‌نگ ناده‌ن به‌ڵام به زۆر شێوه، وه‌ک مه‌سه‌له‌ن پاره له بانک دانان یان قه‌رز كردن و "سوود" دانه‌وه، وه‌ک هه‌موو ڕۆژێ چوونه‌وه سه‌ر كار و مالیات دان و ... قازانجی خۆیان به‌م ده‌ستگایه ده‌گه‌یه‌نن. ده‌زانی ئێستا هه‌زارن كه‌س ناونووسی‌یان كردووه بۆ كڕینی مۆبایل تله‌فوون، پێت وایه قازانجی ئه‌و پاره‌ی خه‌ڵک ئه‌و یه‌ک دوو ساڵه له بانک خه‌واندوویانه به كێ ده‌گات؟ كورد هه‌موو ئه‌و ساڵانه‌ی قه‌بووڵی كردووه زمانی خۆی له پله‌ی دوو و سێ‌دا ببینێ، جلی كوردیش هه‌روه‌تر! كه‌ی ئه‌و بایه‌خه‌ی پێویست بووه و پێویسته به مێژووی خۆمانمان داوه؟ ئه‌وانه ده‌توانین وه‌ک خه‌بات مه‌نفی ببینین؟. من و تۆ مه‌گه مانتۆی ڕه‌شی درێژمان له به‌ر نه‌ده‌كرد؟ من و تۆ مه‌گه مه‌قنه‌عه‌ی ڕه‌ش و درێژمان به سه‌ر دانه‌ده‌دا. من و تۆ مه‌گه به فارسی ئینشاكانمان نه‌ده‌نووسی؟ نموونه‌ی ئاوا كه من و تۆ و كورد به گشتی كردوومانه و چه‌رخه‌كانی ئه‌و ده‌ستگایه‌مان "روغنكاری" كردووه تا باشتر و سووكتر بسووڕێ، كه‌م نین. گرنگ ئه‌وه‌یه هه‌ڵه‌كانمان ببینین و كه‌مترین كارێک كه ده‌توانین بیكه‌ین ئه‌وه‌یه شتێک له ڕابردوومان فێر بین، تۆش پێت وا نییه؟ بۆچوونی گشتی من ئه‌وه‌یه كه كۆمه‌ڵگه له كۆمه‌ڵێک تاكه‌س پێک هاتووه كه كرده‌وه و بیر و زه‌ینییه‌تی دانه به دانه‌یان شوێنی تایبه‌تی خۆی له سه‌ر ڕه‌وتێک كه كۆمه‌ڵگه تێیده‌كه‌وێ، هه‌یه و ئاڵوگۆڕی گشتی ئه‌و كۆمه‌ڵگه مه‌رجێكی هه‌یه و ئه‌ویش ئاڵوگۆڕی ئه‌و دانه دانه تاكه كه‌سه‌یه، خۆ ده‌زانی ده‌ڵێم چی؟ نهرۆ و گاندی له خه‌باتی مه‌نفی خۆیاندا تا ئه‌وێ چۆنه پێش كه هه‌موو شتێكی ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ریان "ته‌حریم" كردبوو. له‌و جل و به‌رگه‌وه كه له به‌ریان ده‌كرد بگره هه‌تا ئه‌و نان و شیره‌ی ده‌یانخوارد. شۆخی نییه. ده‌ڵێن هه‌ر له ده‌ورانی ئه‌و "ته‌حریمه گشتییه"دا بوو كه خه‌ڵک زبڵ و زاریان فرێ ده‌دایه سه‌ر شه‌قامه‌كان با هێزی داگیركه‌ر هێز و پاره بۆ خاوێن كردنه‌وه‌ی سه‌رف بكا و ته‌نانه‌ت له‌وێشدا زه‌ره‌ری پێ بگات. پێم وایه ئه‌وه‌ی گاندی كردی كورد خه‌ونیشی پێوه نابینێ ... ته‌واوی هه‌وڵی من ئه‌وه‌یه بزانم ئێمه وه‌ک كورد له كوێ وه‌ستاوین! چیمان له باران دایه؟ من نه ڕام له ده‌نگ دانه و نه له ده‌نگ نه‌دان. به‌س حه‌ز ده‌كه‌م به بیر كردنه‌وه بگه‌م به شتێک كه بتوانم خۆمی پێ قانع بكه‌م كه مافی كورد وه‌ک هاوولاتی چۆن و به چ شێوه‌یه‌ک له لایان خۆیه‌وه زیندوو ده‌كرێته‌وه، چونكه ئه‌و شته‌ی تا ئێستا دیتومانه پێمان ده‌ڵێ ئه‌و مافه پێمان نادرێ تا خۆمان به شێوه‌یه‌ک به زۆر وه‌رینه‌گرینه‌وه. به ڕاشكاوییه‌وه د‌ڵێم ئه‌گه خه‌ڵكه‌كه‌مان شێوه‌ی خه‌باتی مه‌نفییان له پێش گرتووه، خۆزگه و سه‌د خۆزگه پێشتر چاوێک له به‌ڵگه مێژووییه‌كان بكه‌ن و ماناكه‌ی ڕوون كه‌نه‌وه، لانی كه‌م بۆ خۆیان. چونكه پێم وایه خێچ و خوار له شتێک تێگه‌یشتن زۆر زۆر خراپ‌تره له‌وه‌ی هه‌ر هیچ له شتكه تێنه‌گه‌یشتبن. ئه‌م خه‌ڵكه كه‌م تا زۆر به‌رپرسی كرده‌وه‌كان و هه‌ڵوێسته‌كانی خۆیه‌تی. به‌رپرسه به‌رامبه‌ر ئه‌و بڕیارانه‌ی ده‌یدات. ئێمه ناتوانین ئاسانترین ڕێگه هه‌ڵبژێرین. ناتوانین وه‌ک an either-or situation شته‌كان ببینین. ناگونجێ. یان شۆرشێكی خوێناوی یان بێده‌نگییه‌كی خۆڵاوی. خه‌باتی مه‌نفی ده‌گه‌ڵ خۆلادان (انفعال) فه‌رقی زۆره. پێت وا نییه؟ كورد ئه‌گه مه‌به‌ستێتی هه‌ڵبژاردنه‌كان ته‌حریم بكات تا به ویسته‌كانی خۆی بگات، ده‌بێ زۆر زۆرتر له خۆی مایه دانێ و له زۆر بواره‌وه به شێوه‌یه‌کی‌تر و زۆر جیاواز له شێوه‌ی ئێستای هه‌ڵسوكه‌وت بكا. هێشتا گرنگترین پرسیار ئه‌مه‌یه: د‌نگدان باشتره یان خۆلادان؟
Comments:
Post a Comment
|