June 18, 2005
علی اشرف درویشیان... من ئه‌و مرۆڤه‌م خۆشده‌وێت. خۆی و پێنووسه‌كه‌ی و نووسراوه‌كانی و باوه‌ڕه‌كانی. یه‌كه‌م كتێبێک من لێیم خوێنده‌وه، كتێبی "سلول 18" بوو، قاره‌مانی ناو ئه‌و چیرۆكه، بنه‌ماڵه‌كه‌ی و باوه‌ڕه‌كانی تا زۆر ساڵ ده‌گه‌ڵ من ژیاون. علی اشرف درویشیان به وشه‌كان وێنه ساز ده‌كات. دواتر "سالهای ابری"م كه خوێنده‌وه له خۆمدا گه‌وره بووم و زۆر جار له زۆر شوێن زۆر له ناكاو، بیرم له شه‌ریف قاره‌مانی كتێبه‌كه ده‌كرده‌وه. تا ئێستا هیچ نووسراوه‌یه‌كی درویشیان بۆ من نامۆ نه‌بووه، هه‌ر وه‌ک چۆن قسه‌كانی، باوه‌ڕه‌كانی، خۆ بوونه‌كه‌ی. ساڵی 1999 له شاری ستۆكهۆلم كۆڕێكی هه‌بوو و منیش بۆ تۆماركردنی وتووێژێكی تله‌ڤه‌یزونی چوومه لای. هه‌ستێكی سه‌یر بوو. به‌رامبه‌ری كه‌سێک دانیشی كه ته‌واوی ساڵه‌كانی منداڵی و میرمنداڵیتی پڕكردووه له وێنه و وشه. كه پڕی هه‌ستێكی گه‌وره‌ی كردووی. كه‌سێک كه له دونیای منداڵی‌دا عاشقانه خۆشتویستووه. كه دیم زانیم خۆی له دونیای ڕاستیدا به قه‌ت خۆی له وێنه‌كانیدا مێهره‌بانه. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه بوو كه له پرسینی یه‌كه‌م پرسیاردا مابوومه‌وه. نه‌مده‌زانی چۆن ده‌ست پێبكه‌م، به چی ده‌ست پێبكه‌م. نێوانیشم زۆر ده‌گه‌ڵ ئه‌و پرسیاره كلیشه‌ییانه خۆش نییه... گوتم سلول 18 له ته‌نیشت كتێبی " ریشه‌ها" داندرابوو. ریشه‌ها به‌رگه‌كه‌ی سپی بوو و ڕه‌نگی ڕیشه‌كان سوور، كتێبه‌كه‌ی تۆ قاوه‌یی بوو، ماوه‌یه‌ک چوونكه له ناو ته‌لیس و له ژێرعه‌رزدا مابووه بۆنی برشی لێده‌هات. گوتی پێموانه‌بوو كه‌سێک له ته‌مه‌نی تۆدا" سلول 18"- ی له بیرمابێ یان هه‌ر دیبێتی. گوتم ده‌گه‌ڵی ژیاوم. باسی سه‌رده‌می منداڵیمی پرسی. باسی عه‌زیز یوسفی و مامه غه‌نی و مامۆستا شێخ عێزه‌دین به ئاڵای سووره‌وه له سه‌ر شان و ... ئه‌وه‌نده‌ی له بیرمدا ماوه‌ته‌وه، بۆ گێراوه. بزه‌یه‌كی تاڵی هاته سه‌ر لێو، وتی بیره‌وه‌ری منداڵه‌كانمان نه‌ده‌با پڕ بایه له ده‌نگی شین و شیوه‌ن و ڕه‌نگی خوێن... باسی كورته چیرۆكه‌كه‌ی كرد كه له یادی عه‌زیز یوسفی نووسیوێتی. كتێبه‌كه‌م كڕی. به خه‌تی خۆی بۆی نووسیم. به ڕێوه بۆ ماڵ، له ناو قه‌تار، كتێبه‌كه‌م خوێنده‌وه. كۆمێڵێک كورته چیرۆک بوون. "خالو عزیز" باسی بیره‌وه‌رییه‌كانی علی اشرف درویشیان و عزیز یوسفی له زینداندا ده‌كا. خۆ وتم، درویشیان به وشه وێنه ساز ده‌كات. هاته‌وه بیرم پێنج شه‌ش ساڵم بوو هه‌موو خه‌ڵكی شار ڕژابوونه سه‌ر شه‌قامه‌کان، بۆ به خاک ئه‌سپاردنی ته‌رمی مرۆڤێک كه زیاتر له نیوه‌ی ته‌مه‌نی زیندان و ئه‌شكه‌نجه‌ی دیبوو. دروژمه‌كان هێشتاش له گوێم‌دا ده‌زرینگێنه‌وه... علی اشرف درویشیان مرۆڤێكه به بیرێكی ئازاد، خاوه‌ن پێنووسێكی به هێز، كورده، مرۆڤدۆسته، باوه‌ڕه‌كانی پڕن له بایه‌خی ئینسانی. من هێشتاش و هه‌میشه عاشقانه خۆشمده‌وێت. كه جوولانه‌وه‌ی ئه‌و دوایانه‌ی ژنان سه‌ری هه‌ڵدا، درویشیان یه‌كێک له‌و سه‌د پیاوه بوو كه ده‌نگی خۆی خسته پاڵ ده‌نگی ژنان و پشتگری له‌م كاره كرد. ئێستاش وه‌ک نیشانه‌ی ڕێز و وه‌ک باوه‌ڕی هه‌میشه‌یی به ئازادی مافی ده‌ربڕینی بیروڕا، ده‌گه‌ڵ كۆمه‌لێک نووسه‌ر و شاعیری‌تر بۆ پشتگری له مافی زیندانه سیاسیی‌كانی ڕژیمی ئێران داوای ئازادی ناسر زه‌رئه‌فشان (ناصر زرافشان)، تۆمارێكی ئیمزا كردووه. ده‌ڵێ خۆ ئه‌گه پشتگری له مافی قوربانییه‌كانی كوشت و كوشتاره سیاسییه‌كان ناسراو به قه‌تلی زنجیره‌یی و پشتگری له مافی هاووڵاتی و ئاسایش و ئازادی تاوان بێت، ئێمه‌ش هه‌موومان تاوانبارین ... (+) ناصر زرافشان، عباس معروفی و علی اشرف درویشیان و هیچ هیچ هیچ مرۆفێكی‌تر به هۆی جیاوازی بیروباوه‌ڕ و به هۆی له قاودانی ڕاستییه‌كانی كۆمه‌ڵگه نه‌خۆشه‌كان نابێ له به‌ند بكرێن، ئاواره‌ی هه‌نده‌ران بن یان پێنووسیان بشكێ. مرۆڤ ده‌بێ دژی چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆڤ بێ. درویشیان زۆری به‌سه‌ر هاتووه، زیاتر له دوانزده ساڵ له زیندانه‌كانی شای ئێران له به‌نددابووه. بۆیه ده‌زانێ به " تاوانی" باوه‌ڕی جیاواز له به‌نددا بوون یانی چی. ڕه‌وایه هه‌موومان وه‌ک ئه‌و و هاورێكانی ئه‌وه‌نده‌مان ڕێز بۆ ئازادی ده‌ربڕینی بیر‌ورا هه‌بێ كه پشتیان بگرین و نه‌هێلین ته‌نیا بن! نووسه‌ری "سالهای ابری" و نووسه‌ری "سمفونی مردگان" و هه‌موو نووسه‌ره‌كانی‌تر وه‌ک من و تۆ و هه‌موومان مافێكی ئاسایی و سه‌ره‌كیمان هه‌یه: ئازادی ده‌ربڕێنی بیر وڕا، ئازادی جیاوازبیركردنه‌وه و ئازادی ڕه‌خنه‌گرتن و بردنه ژێر پرسیاری چوارچێوه‌كان و ده‌سه‌ڵاته‌كان و ده‌سه‌ڵاتداره‌كان. كه‌ی جێی مرۆڤی خاوه‌ن پێنووس و خاوه‌ن بیروڕا به‌ندیخانه‌یه؟
Comments:
Post a Comment
|