June 15, 2005
..... هه‌واڵه‌كان كه ده‌خوێنمه‌وه. خۆشییه‌كی تێكه‌ڵاوی تاسه و ترسێكی نامۆ داگیرم ده‌كات. هه‌واڵی شایی و شادی خه‌ڵكی سنه و مه‌هاباد و خانێ ده‌خوێنمه‌وه، بیر ده‌كه‌مه‌وه خۆشییه‌كه‌یان تێكه‌ڵاوی تاسه و ترسێكی نامۆیه. دڵته‌نگ ده‌بم. دڵته‌نگی خۆمان. بیر له‌ڕێگه‌ی پڕ له دڕک داڵی پێشمان ده‌كه‌مه‌وه. دڵته‌نگ ده‌بم، دڵته‌نگی خۆمان. بیر له ئاواته ساكاره‌كانی دایک و خوشكه‌كانمان، باب و براكانمان ده‌كه‌مه‌وه. ئه‌و ئاواته ساكارانه‌ی له زۆر شوێنی دونیا ئاوات نین، مافی سه‌ره‌كین و بوونیان ئاساییه. دڵته‌نگ ده‌بم، دڵته‌نگی ئه‌و بێ‌هیواییه‌ی سێبه‌ری خستۆته سه‌ر ژیانمان. دڵته‌نگییه‌كانم تێكه‌ڵاوی توڕه‌ییه. ئه‌ی ئه‌ركی ئێمه، من و تۆ وه‌ک هاووڵاتی چییه؟ هیوامان به كێیه؟ به‌ڕه‌و كوێ به‌ڕێوه‌ین؟ منێ كه وه‌ک هاووڵاتی ته‌نانه‌ت بۆم نییه ده‌گه‌ل حیزبێک كه خۆی به نوێنه‌ری من داده‌نێت، په‌یوه‌ندی بگرم، منێ كه ناتوانم قسه‌كانم، پرسیاره‌كانم، بیره‌كانم به گوێی ئه‌وانی خۆیان به نوێنه‌ری منی هاووڵاتی ده‌زانن بگه‌یه‌نم، چۆن ده‌توانم هیوا و باوه‌ڕم به درووست بوونی بڕیاره‌كانیان بێت؟ ئه‌وان قسه‌ی من و تۆ و ئه‌وانیان بیستووه؟ كه به‌ڕێز مرێم عه‌لیپوور ده‌نووسێ "شنه‌بای شۆڕش ده‌ستیپێکردووه، به هیوای چالاکی ئێوه شێره‌ژنان و لاوانی ئازادیخوازی کورد که بڵێسه‌ی هه‌ستی یه‌کسانی و نه‌ته‌وایه‌تی ئێوه تین ده‌داته سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگه. به هیوای وڵاتێکی ئازاد، سه‌ربه‌ست و دیموکرات"، كه‌س نییه لێی بپرسێ مه‌گه ئه‌و شنه بایه زیاتر له 56 ساڵ نییه ده‌ستپێكردووه؟ مه‌گه زیاتر كه 26 ساڵ نییه هه‌موو ڕێگه‌كانی‌ترتان تاقی كردۆته‌وه و ته‌نانه‌ت یه‌كجاریش دانتان به هه‌ڵه‌كان و كه‌م و كووڕییه‌كانتان دانه‌ناوه؟ مه‌گه به درێژایی ساڵانی خه‌بات و چالاكی، ئه‌و شێره‌ژنان و لاوانی ئازادیخواز ده‌گه‌ڵ نه‌بوون؟ ئێستا چ گۆڕدراوه؟ 26 ساڵه بوونیان و ده‌وریان له خه‌باتدا نه‌دیتراوه، ئێستا وه‌بیرتان هاتۆته‌وه؟ كه‌س نییه لێیان بپرسێ دروژمی زل و زه‌به‌ح تا كه‌ی؟ كه‌س نییه لێی بپرسێ ئه‌ی به‌رنامه و پیلانی ئێوه چییه بۆ ئه‌و ولاته ئازاد و سه‌ربه‌ست و دێمۆكراته‌ی باسی ده‌كه‌ی؟ كه‌س نییه وه‌بیریان بێنێته‌وه به قسه به هیچ كوێ ناگه‌ین؟ ده‌گه‌ڵ " دوژمنیان" له سه‌ر مێزی موزاكره داده‌نیشن، كه‌چی كه چه‌ند ژنی گه‌نجی كوردی هه‌نده‌ران داوا ده‌كات به‌رپرسێک ببینن تا قسه‌كانیان بكه‌ن، دوای تێپه‌ڕاندی هه‌وت خانی ڕۆسته‌م، ده‌ڵێن نه‌خێر نابێ، ئێمه ده‌بێ بزانین بابتان كێیه؟ كچی كێین؟ ئیتر ناو و پاشناو و ژماره تله‌فوون و ته‌نانه‌ت ناوونیشانی شوێنی ژیانیش هیچ مانایه‌كی نییه، گرنگ ئه‌وه‌یه بزانن "خاوه‌نه‌كان" كێن ... ئێستاش هه‌ر ئه‌و نوێنه‌رانه‌ی كاتیان بۆ هاووڵاتییه‌كانیان نییه و باوه‌ڕ‌و مه‌تمانه‌یان پێیان نییه كه ته‌نانه‌ت به تله‌فوون گوێبیستی قسه‌كانیان بن، بڕیاری گه‌وره گه‌وره بۆ خه‌ڵكێک ده‌ده‌ن زیاترله بیست ساڵه لێیان دوورن و ئاگاداری ڕاسته‌قینه‌كانی ژیانیان نین. خه‌ڵكی شاره‌كانی سنه و مه‌هاباد و خانێ ده‌ڕژێنه سه‌ر شه‌قامه‌کان، له شادی هه‌ڵبژاردنی به‌ڕێز بارزانی به سه‌رۆكی كوردستان، شادییه‌كه‌یان تێكه‌ڵاوی تاسه و ترسێكی نامۆیه ... ده‌ستێک له غه‌یبه‌وه نایه‌ت ئه‌و ترس و تاسه‌یه نه‌هێڵێت. ده‌ستێک له غه‌یبه‌وه نایه‌ت ئازادی و با‌یه‌خی ئینسانی پێشێڵ كراوتان، پێشكه‌ش بكات. ئه‌گه ده‌مانه‌وێ ڕۆژێک له ڕۆژان ئێمه‌ش بێ تاسه و ترس شایی و شادی بكه‌ین، ئه‌گه ده‌مانه‌وێ به ئاسایی‌ترین مافه‌كانمان بگه‌ین و ئاواته‌كانمان ئاوات بن، خۆمان ده‌بێ ببین به خوا و پێغه‌مبه‌ری خۆمان و چاره‌نووس و ڕێگه‌ی خۆمان هه‌ڵبژێرین. هه‌موو شتێک نرخێكی هه‌یه و بێ‌ده‌نگ بوون و خۆلادان هیچی پێ ناكڕدرێت.
Comments:
Post a Comment
|