June 17, 2005
دێمۆكراسی به شێوه‌ی ڕۆژهه‌لاتی ناوڕاستی: ئه‌مشه‌و له ناو هه‌واڵه‌كانی ساعه‌ت حه‌وتی شه‌و له كانالی چوار، ڕاپۆرتێكم دی له سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێران. جه‌ماعه‌تێکی نیشاندا له به‌ر ده‌رگای سفاره‌تی ئێران كۆبوونه‌ته‌وه و دروژم ده‌ده‌ن و مه‌رگ و نه‌مان بۆ كۆماری ئیسلامی به ئاوات ده‌خوازن. تا ئێره‌ی كاره‌كه‌یان شتێک نه‌بوو به‌لامه‌وه سه‌یر بێت. دوایی ژنێكی نیشاندا كه هاتبوو ده‌نگ بدات، ئه‌و گوتی كه ئه‌و جه‌ماعه‌ته پێشیان پێ گردتووه و لێیان داوه و ته‌نانه‌ت ژنێكیتر كه هه‌وڵی دابوو یارمه‌تی بدات، یه‌ک دوو مستی لێكه‌وتووه. له‌بیرمان بێت ئه‌و جه‌ماعه‌ته هه‌مانن كه خۆیان به " ناجی" گه‌لانی ئێران و جیهان ده‌زانن و به‌ردی ئازادی و مافی ده‌ربڕینی بیروڕا له سنگیان ده‌ده‌ن و خۆشیان به قسه‌ی خۆیان بۆیه ئاواره‌ی هه‌نده‌رانن چوونكه بیروباوه‌ڕی جیاوازیان هه‌بووه. ده‌ی باشه ئه‌وانه كه ئێستا هیچ نه‌بووه و هیچ ده‌سه‌ڵاتێكیان نییه ئاوا پێش به خهڵکدهگرن و مافی ده‌نگدانیان پێوه ڕه‌وا نابینن و ناتوانن باوه‌ڕی جیاواز له باوه‌ڕی خۆیان قه‌بووڵ بكه‌ن، زمانم لاڵ هاتوو و به ده‌سه‌ڵات بگه‌ن، ده‌بێت چ بڵایهک به سه‌ر "دژه‌كانی" خۆیان بێنن؟ بڵێی هه‌ر ئه‌و كوشت و كوشتاره‌ی مه‌لاكان و ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی ئێران كردیان دووپاتی نه‌كه‌نه‌وه؟ فه‌رقی ئه‌وان و ئه‌مان چییه؟ دیاره هه‌ندێ گروپ و ده‌سته وه‌ک جه‌ماعه‌تی كۆمۆنیستی كرێكاری و سهڵتهنهتخوازهكان( شاپهرهستهكان) به پێشینه‌ی "ڕه‌نگینی" خه‌باتیان و به دوو چڵ و نیو ئه‌ندامیان له شوێنه‌كانیتریش به شێوه‌ی خه‌باتی لات و لوتی هه‌وڵیان داوه پێش به ده‌نگدانی خه‌ڵک بگرن، بۆ نموونه له ئۆتریش و ئینگلیس. ئه‌وه‌ش له مانای دێمۆكراسی و ئازادی له‌ناو قامووسی " شۆرشگێرانی ڕێگه‌ی ئازادی و مافی مرۆڤ". پیرۆزه! له ماڵپه‌ڕه كوردییه‌كانیش چیرۆكی هه‌میشه‌یی به‌رده‌وامه و به "جاش" و "خۆفرۆش" و "به‌كرێ گیراوی ڕژیم" ناونانی ئه‌وانی ده‌نگ ده‌ده‌ن خه‌باتی خۆیان درێژه پێ ده‌ده‌ن. ده‌ڵێی له بیریان نه‌ماوه ئه‌و شێوازه له خه‌بات ئیتر حوكمی نه‌ماوه و به هیچكوێمان ناگه‌یه‌نێت. هه‌تا هه‌تایه "ئه‌وه‌ی وه‌ک ئه‌وان بیر نه‌كاته‌وه"، جاش و خۆفرۆش و به‌كرێ گیراوه ... ئه‌وه‌ش پیرۆزه! *** كه‌سیش په‌یدا هه‌ر نه‌بوو منی ناحاڵی ڕوون كاته‌وه تێبگه‌م پیلان و به‌رنامه‌ی ئۆپۆزیسیۆن دوای ئه‌و ته‌حریم كردنه چییه و چۆنیان بیر كردۆته‌وه؟ یان هه‌ر هیچ بیریان كردۆته‌وه؟
Comments:
Post a Comment
|