Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

November 17, 2005

ڕووت بوونه‌وه (2)

ئه‌و لاپه‌ره سپییه كه ده‌كه‌مه‌وه پێموایه ده‌توانم خۆ بده‌مه ده‌ستی ئه‌و وشانه‌ی قورساییان خستۆته سه‌ر زه‌‌ینم، تا بمنووسنه‌وه. پێموایه ده‌توانم باسی زۆر شت بكه‌م، باسی ئه‌و دڵه كوته‌ی سه‌ر له ئێوارێ ده‌ستی پێ كرد و تا هێشتاش لێی نابڕێته‌وه! پێموایه ده‌توانم باسی كه‌لێن و قوژبنه‌ ره‌ش هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كانی ناخی مرۆڤ بكه‌م، ئه‌و به‌شه‌ی هیچمان لێی بێ به‌ش نین و هه‌موومان ده‌زانین چۆنی بیشارینه‌وه و حاشا له بوونی بكه‌ین. پێموایه ده‌توانم باسی ئه‌و هه‌سته ساكارانه‌ی مرۆڤ بكه‌م كه تا له هه‌وراز و نشێوه‌كانی ده‌رووندا ده‌گه‌نه‌ر به‌ر، ده‌گۆڕدرێن و ده‌بن به گرێ پوچكه‌یه‌كی ئاڵۆز ئاڵۆز، ئه‌وه‌نده ئاڵۆز كه قه‌ت ناكرێنه‌وه و ده‌بێ هه‌ڵیانپاچی.

خۆزگه ده‌متوانی شتێكی تر بام، به‌ڵام نیم، به خۆم ده‌ڵێم! زۆر جار ئاره‌زوو ده‌كه‌م بتوانم بگه‌رێمه ڕوو. كه هێنده ڕۆ نه‌چم، له ناخی خۆمدا. هه‌ندێ جار ترسێكی سه‌یر داگیرم ده‌كات، ترسی ئه‌وه‌ی شتێک هه‌یه بۆته كه‌ڵه‌بچه‌ی ده‌ست و پێم و لێم ناگه‌ڕێ دڵ ‌هه‌ڵقه‌نم و دابڕم و دوور ببمه‌وه. شتێک كه ئیتر هیچ ناوێكم بۆی نییه، شتێک كه ئیتر نازانم چییه و ئه‌وه، ئه‌و نه‌زانینه ده‌مترسێنێ. زۆر جار ده‌زانم كه‌س و هیچ نییه و وشیارم، وشیارترم له هه‌میشه. زۆر جاریش هه‌ست ده‌كه‌م له سه‌ر لێواری تیژی مان و نه‌مان، وه‌ستاوم و ویستی دڵته‌زێنی خۆ فڕێدان پڕم ده‌كات.

هه‌ندێ جار سه‌رسام ده‌مگرێ. سه‌رم سوڕ ده‌مێنێ. له خۆم، له كاره‌كانم، كه چۆن درۆ ده‌گه‌ڵ خۆم ده‌كه‌م، له هه‌سته‌كانم‌ كه زۆر جار هێند ساكار و ساویلكه‌ن. زۆر جار حه‌ز ده‌كه‌م بگه‌رێمه ناو غاری ته‌نیاییه‌كانم و خۆ ون كه‌م. زۆر جار خۆم ناناسمه‌وه. ته‌نانه‌ت قسه‌كانی خۆم به‌لامه‌وه نامۆن. بیرده‌كه‌مه‌وه یانی ئه‌وه من بووم ئه‌و قسه‌یه‌م كرد؟ من بووم ئه‌و كاره‌م كرد؟ هه‌ندێ جار پێ ده‌‌چه‌قێنم و له چوارچێوه‌یه‌کی دیاری كراو به‌ولاوه، نامه‌وێ خۆم و مرۆڤه‌كانی ده‌وروبه‌رم ببینم. ده‌ترسم له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و چوارچێوه‌یه هیچ نه‌بێ من په‌نجه‌ی لێ قایم كه‌م، ده‌ترسم له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و چوارچێوه‌یه نه‌توانم خۆم، ژیان و مرۆڤه‌كان ببینمه‌وه ... هه‌ندێ جار دڵنیام خۆمم چاره‌نووسی خۆم ده‌نووسم، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌یان به‌ڵگه‌م هه‌یه، ده‌یان به‌ڵگه‌ی ئاشكرا و ڕوون، زۆر له ناكاو، بیرده‌كه‌مه‌وه چاره‌نووسی من زۆر پێشتر دیاری كراوه، كه‌وا بوو هه‌وڵدان بــــــــــــۆ؟ و من بێ ویستی خۆم به ڕێگه‌یه‌کدا ده‌ڕۆم كه هه‌ڵبژارده‌ی من نییه. كاتی وا ده‌ترسم. دوایی پێكه‌نینم دێ و دواتر پڕ ده‌بم له هیچ. هیچ. هیچ!

هه‌ندێ جار شه‌رم ده‌كه‌م، له بێ ده‌سه‌لاتی خۆم! له بیانوو بچووكه‌كانم بۆ به‌خته‌وه‌ری. له‌وه‌ی كه ده‌توانم پێبكه‌نم، شاد بم، هه‌ست به به‌خته‌وه‌ری بكه‌م، شه‌رم ده‌كه‌م... دوای شان هه‌ڵده‌خه‌‌مه‌وه، بیرده‌كه‌مه‌وه به من چی! خۆ من ناتوانم به‌شی كه‌سی تر بژیم. كاتی وا خۆپه‌رستم. ته‌نیا بیر له‌خۆم ده‌كه‌مه‌وه، دواتریش پڕ بم له هه‌ستی تاڵی تاوان. به‌ڵام خۆپه‌رستیم به هێزه و من لاسار. كاتی وا "من" ده‌بێ به هه‌موو شتێک و له هه‌رچی ناوی به‌رپرسایه‌تییه بێزار ده‌بم و خۆی لێ لاده‌ده‌م. هه‌ندێ جار ده‌ڵێم خۆزگه قه‌ت مانای "به‌رپرسایه‌تی" فێر نه‌ده‌بووم!

شته‌كان نازانم له كوێڕا ده‌ستیان پێ كرد. ئه‌وه‌م هه‌زار جار له‌ خۆم پرسیوه. دڵنیا نیم. بیرده‌كه‌مه‌وه بڵێی پێش نیوه‌رۆی ڕۆژێكی ده ساڵیم نه‌بێ كه شتكانم به چاوی خۆم دی؟ له خۆم ده‌پرسم و ئێستا بیری كه لێ ده‌كه‌مه‌وه و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی هه‌زار ساڵه به ڕووی خۆم نه‌هێناوه له به‌رچاوم زیندوو ده‌بنه‌وه، زۆر شت هه‌ر له‌و ڕۆژه‌وه مانای خۆیان له ده‌ست دا. ئه‌و مانایه‌ی ئه‌وه‌نده تامه‌زرۆی بوونی بووم كه‌لاكه‌كه‌یم قه‌ت فڕێ نه‌دا. دڵم نه‌هات!


ئارێز گوتی. زۆر ساڵ پێش گوتی له‌یــــــــــلا تۆ شته‌كان ئه‌و جۆره‌ی "ده‌بێ بن" ده‌بینی! ئه‌و ده‌م پێكه‌نیم. ئێستا كه وه‌بیرم دێته‌وه دڵم ده‌له‌رزێ.

له‌عه‌نت!

بڵێی تازه دره‌نگ بێ؟





Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------