Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

November 27, 2005

ئه‌و گۆشه‌یه‌ی تی‌ڤی‌یه‌كه‌ی لێ بوو چۆڵه، دوو سێ میتر سیمی ڕه‌ش و سپی نه‌بێ له سه‌ر عه‌رزه‌كه، ئاڵۆز،‌ له یه‌ک گرێدراون، سی‌دی و كاسێته‌كانیشم له به‌ر ده‌ستان نییه، كتێبه‌كانیشم. له سه‌ر عه‌رزیكی ڕه‌ق و ڕووت دانیشتووم و بیرده‌كه‌مه‌وه ئه‌و شه‌و له سه‌ر چی بنووم باشه! له سه‌ر سۆفاكه‌ كه نابێ، باوه‌ڕ ناكه‌م جێم بێته‌وه، له سه‌ڕ عه‌رزیش نووستن زه‌حمه‌تی هێنانی دۆشه‌گ و به‌یانی دیسان جێی خه‌و كۆكردنه‌وه‌ی هه‌یه، به دانیشتنه‌وه باوه‌ڕ ناكه‌م خه‌وتن خۆش بێ. ژوور كه ئاوا چۆڵه وه‌ک‌ شتێک گه‌وره‌تر دیاری ده‌كات ... ئێستاش به داگرتنی هه‌ر دوگمه‌یه‌كی كێیبۆرده‌كه ( ته‌خته كلیل؟!) ته‌واو ئه‌و ناوه ده‌نگ ده‌داته‌وه ... خۆش نییه!

سه‌یره، به نه‌بوونی شته‌كان له ژوورێ زۆرتر هه‌ست به ته‌نیایی ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر چی بۆ یه‌ک چركه‌ش باوه‌ڕ‌ناكه‌م "شت" له خۆیدا بتوانێ مرۆڤ له ته‌نیایی ده‌ر بێنێ. به‌ڵام ئێستا، ئه‌مشه‌و بۆ یه‌كه‌مجار بیر له سی‌دی‌یه‌كانم ده‌كه‌مه‌وه، هه‌رچه‌‌نده بۆ زۆریان، هه‌زار و چه‌ند ساڵه گوێم ڕانه‌گرتووه. تا شتێكت هه‌یه و له به‌رچاوته نایبینی و هه‌ست به مانای بوونی ناكه‌ی، كه نه‌ما تازه بیرده‌كه‌یه‌وه بوونی چه‌نده خۆشتره له نه‌بوونی. زۆر جار تا به‌ شتێک نه‌گه‌ی نازانی ئه‌و شته هه‌مان شت بوو كه ته‌واوی ژیانت چاوه‌ڕێی بووی، ناخۆش ئه‌وكاتانه‌ن كه تا شتێک له كیس نه‌ده‌ی نازانی ئه‌وه هه‌مان شت بوو كه به ئاواتی بووی و هه‌روا به ئاسانی له ده‌ستت داوه! جا نازانم ئه‌وه یاسای ( تۆ بیخوێنه‌وه كایه‌ی‌) ژیانه یان نه‌زانی مرۆڤ خۆی؟

له شه‌وێكی وه‌ک ‌ئه‌مشه‌ودا، هه‌موو شتێک گه‌وره‌تر و به‌هێزتر له خۆی ده‌نوێنێ. ده‌نگی دوگمه‌كانی كێبۆرده‌كه‌م، ده‌نگی لوشمه لوشمی خۆم، ئه‌و هه‌ناسانه‌ی له ناكاو دێن، ده‌نگی پێم كه به خشه خش ده‌چم چایی بۆ خۆم بێنم، ته‌نانه‌ت بۆنی ته‌نیایی ئاشكراتر له هه‌میشه خۆیم وه‌بیر ده‌خاته‌وه. ڕاستی ئه‌وه‌یه من باوه‌ڕم كردووه مرۆڤ ده‌گه‌ڵ هه‌موو شتێكی ته‌‌نیایی ڕادێ، ده‌گه‌ڵ ‌بۆنه‌كه‌ی نه‌بێ. ته‌نیایی پڕه له بۆنی ته‌واوی ئه‌و شتانه‌ی نین، ئه‌و شتانه‌ی نابن. ته‌نیایی له شه‌وێكی ئاوادا پڕه له بــــــۆنـــی خواردنێک كه پێش هاتنه‌وه‌ی تۆ ساز نــــه‌كراوه، پڕه له بۆنی ئه‌و كه‌سه‌ی پێش تۆ له ماڵ‌ نییه چاوه‌رێت بێ.

....

چه‌ند ڕۆژێكه تاریكی هه‌ر له ساعه‌ت چواری ئێواره‌وه ده‌ست پێده‌كات! شه‌وه‌كان ئێستا زوو دێن و دره‌نگ ده‌ڕۆن. شه‌وێكی دوورودرێژی زستانی، شه‌وێكی دوور و درێژی زستانییه كه به هیچ بۆت كورت نابێته‌وه‌. به تایبه‌ت كه نه بتوانی فیلم ببینی یان گوێ بۆ مۆسیقا ڕابگری، نه بتوانی شێعرێكی كورتی پــه‌شێـــــــــو بخوێنییه‌وه و چه‌ند ساعه‌تێک ده‌گه‌ڵی بژی.




Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------