November 6, 2005
ڕووت بـــــــوونـــــــه‌وه باش بوو ها، وه‌ک بڵێی ئه‌و ڕۆژانه‌ی تێپه‌رین، قه‌ت نه‌بوون. دانیشتبووین، قسه‌مان ده‌كرد. نه شوێنه‌كه بیری كه‌سی بۆ زیندوو ده‌كردمه‌وه و نه مۆسیقاكه ده‌بوو به پردی گه‌ڕانه‌وه‌م بـــــــــۆ هیچ لایه‌ک. ئه‌گه‌رچی خواردنه‌كه ناخۆش بوو، پێموابوو چوونكه زۆرم برسییه ده‌توانم بیخۆم، نه‌متوانی! چوومه خوار، داوای خواردنێكی تازه بكه‌م، به مارگاریتایه‌ک له ده‌ست گه‌رامه‌وه! خۆش بوو، به‌هانه زۆر بوون بۆ پێكه‌نین، بۆ شان هه‌ڵخستنه‌وه، بۆ دوور بوونه‌وه، دوور كه‌وتنه‌وه! مارگاریتا - پێم وانه‌بوو، به‌ڵام - سڕی سه‌ر په‌نجه‌كانمی له بیر بردمه‌وه. قژم كه لادا، ده‌ستم له گۆنام كه‌وت، گه‌رم بوو. تیـــــنا ده‌ستی خسته سه‌ر شانم و من پێكه‌نیم، وه‌ک هه‌میشه بێده‌نگ! خۆش بووم. شته‌كان له نازانم كوێی زه‌ینمدا حه‌شار درابوون. وه‌ک بڵێی ئه‌و ڕۆژانه‌ی تێپه‌ڕین، قه‌ت نه‌بوون. بیری هیچم له لا نه‌بوو، نه ئه‌وێ و نه ئه‌وان. نه ته‌نانه‌ت بیری خۆم. هێشتا زوو بوو و من ده‌مێک بوو دوور ببوومه‌وه.... كــــــــــه ئاننا باسه‌که‌ی ده‌ست پێ كرد، من، هه‌ر نازانم چۆن، به‌ڵام وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ر دوو پێم بگرن و بمگه‌ڕێنه‌وه زه‌وی و گرێمده‌نه‌وه له هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له كه‌لێن و قوژبنه‌كانی زه‌ینمدا شاردرابوونه‌وه، ده‌یان شتم هاته‌وه بیر و سه‌رسام گرتمی. هێڵه‌نجم هات! پێم خۆش بوو بڕشێــــمه‌وه، به قه‌د هه‌موو ئه‌و ڕۆژانه‌ی بوون و نازانم بۆ تێپه‌ڕ نابن! به سه‌ر هه‌موو ئه‌و سێبه‌رانه‌ی نازانم بۆ به هیچ ون نابن! خۆم له گێلی ده‌ده‌مه‌وه! حه‌زم كرد جارێكی تر دوور ببمه‌وه، حه‌زم كرد وه‌ک به‌ره به‌یانییه‌كه‌ی له كه‌مپ، ئابسولووت، گوێی كپ كردبووم، دیسان، هیچ نه‌بیستمه‌وه... ده‌گه‌ڵ جۆسێفینا سه‌رقاڵی باسێكی تازه بووم كه به‌هار تله‌فوونی كرد، نازانم ئه‌گه بیستی چیم گوت- تێكه‌ڵاوی ده‌نگی خه‌ڵک و مۆسیقاكه بووه به هاژه هاژ له گوێم‌دا و خۆم ده‌نگی خۆم نابیستم - ... ته‌واوی شه‌و به خۆم ده‌ڵێم له بیرم بێ ده‌گه‌ڵ به‌هار قسه بكه‌مه‌وه ... *** كوبی ده‌ڵێ "چ حه‌یف ئاوا ماندوویان كردی!" و من شان هه‌ڵده‌خه‌مه‌وه. نازانم ئه‌وه نیشانه‌ی كۆڵدانه یان پێگه‌یشتن، ڕێک ئه‌و كاته، به‌لامه‌وه زۆر گرنگ نییه! بیرده‌كه‌مه‌وه هه‌ر شتێک نرخێكی هه‌یه و ئه‌و نرخه ده‌بێ، به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێ، به ته‌واوی بدرێ! بۆ خۆگێل كردن نابێ، هه‌موو شتێک روونه... ڕوون و به‌سام! به درێژایی ساڵانی ته‌مه‌نم كووتاومه تا بێره بگه‌م؟ تا بگه‌م به‌جێیه‌ک شان هه‌ڵخه‌مه‌وه و ڕوو وه‌رگه‌ڕێنم؟ ئه‌ویش من، منی لاسار، منێ كه وه‌ک منداڵێكی لاسار پێ ده‌چه‌قێنم و مان ده‌گرم و بۆ هه‌ر گه‌یشتنێک هه‌موو ڕێگاكان تاقی ده‌كه‌مه‌وه، بۆ منێ كه خۆم له‌ت‌له‌ت كردووه تا به‌شی هه‌موویان بكه‌م چوونكه به‌رگه‌ی دابڕان له هیچیان ناگرم؟! ئاخر سه‌ر ماندوو بووم؟! ئه‌ویش من، من خۆ سه‌برم زۆر بوو! له چی ترساوم ئه‌و هه‌موو ساڵه؟ بیرده‌كه‌مه‌وه په‌نجه قایم كردن له داوێنێكی تیتۆڵ تیتۆڵ كرا‌و، كه به هیچكوێ به‌ند نییه، مانای چییه؟ بۆ من له دابڕان ئه‌وه‌نده ده‌ترسم؟ ئه‌ویش دابڕان له‌و سێبه‌رانی هه‌موو ده‌ستكردی خۆمن! تا له به‌رزایی باوه‌ڕ (بــــــاوه‌ڕ؟!) یان ئاواته ساویلكه‌كانی سه‌رده‌می منداڵیم نه‌كه‌ومه خوار، ئـــــــه‌و ترسه نامرێ، خۆم به خۆم ده‌ڵێم و بیر ده‌كه‌مه‌وه نه‌بوون، نین، نابن، چاو بكه‌وه! بیرده‌كه‌مه‌وه نابینی، بۆشاییه‌كان به شتێک له جنسی سێبه‌ر پڕ كراونه‌ته‌وه؟! تاسه‌كان بوون به ناوئاخنی ئاواته‌كان و له شوێنێک ڕا، نازانم چۆن یان كه‌ی، باوه‌ڕم كرد شته‌كان ئاوان كه من پێموایه. ده‌زانی، سه‌یر ئه‌وه بوو تا ئه‌و ئێواره‌یه من قه‌ت له خۆم نه‌پرسی ئه‌وان ئه‌گه ڕاستین، بۆ من هه‌ست به بوونیان ناكه‌م؟ تا ئه‌و ئێواره‌یه قه‌ت بیرم لێ نه‌كردبووه كه ئه‌وه ده‌یان ساڵه ده‌گه‌ڵ ئه‌و بیره‌وه‌رییانه ژیاوم كه قه‌تم نه‌بووه! هه‌موو شتێک ده‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌و ئێواره‌یه كه من هه‌واڵی مردنی بابم بیست! له چی ترساوم ئه‌و هه‌موو ساڵه؟ له ته‌نیایی؟ ئه‌و ته‌نیاییه‌ی هه‌موو ئه‌و ساڵانه لێی هه‌ڵاتووم و بێ شه‌رمانه حاشام لێ كردووه؟ ئه‌و ته‌نیاییه‌ی بۆ برشه‌كه‌ی له هه‌موو كه‌لێن و قوژبنه‌كانی ناخمدا جێگر بووه؟ ئه‌و ته‌نیاییه‌ی كه به ئاشكرا تێیدا توامه‌ته‌وه، كه وا زه‌نده‌قم لێی چووه؟ ته‌نیایی، به‌س ئه‌و كاته لێی تێبگه‌ی، ده‌توانی قه‌بووڵی كه‌ی. قه‌بووڵی ده‌كه‌م! ئه‌و قه‌بووڵ كردنه هه‌رچی بێ- چ هه‌ڵه‌یه‌كی تازه بێ یان سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌یه‌كی تر- سه‌ره‌تایه. له‌وێڕا ده‌توانی ئه‌گه‌ر بته‌وێ، ئه‌و باره‌ی به درێژایی ساڵانی ژیانت قورسایی خستۆته سه‌ر شان، دانێیه خوار، بیپشكنی، ئه‌وه‌ی ده‌ته‌وێ گوڵبژێری كه‌ی و باقی دانێی و بڕۆی و قه‌ت ئاور نه‌ده‌یه‌وه. لێگه‌رێ تێپه‌ڕ بوونی كات، برینه‌كانی ڕۆح و گیانت بلێسێته‌وه! *** له‌ته سه‌هۆڵه‌كانی ناو مارگاریتاكه‌م له ژێر ددان ورد ده‌كه‌م و ئاخر دڵــــــــــۆپه‌كانی به سڵامه‌تی خۆم ده‌خۆمه‌وه. بیرده‌كه‌مه‌وه مه‌وداكان نابێ بمترسێنن. ده‌زانم، عاده‌تێكی خراپم هه‌یه له پێداچوونه به سه‌ر مه‌وداكان و ... جیاوازییه‌كان. "ده‌ست هه‌ڵگرێ، وه‌ک هه‌موو جاره‌كانی پێش"، خۆم به خۆم ده‌ڵێــــــــم. شته‌كان بۆ مانه‌وه نین. هیچ سێبه‌رێک هیچ بۆشاییه‌ک، پڕ ناكاته‌وه و ئێواره‌ی هیچ یه‌کشه‌ممه‌یه‌ک، هیچ سێبه‌رێک، پێش به ڕووخانی من ناگرێ و مانایه‌ک هه‌یه ون بووه و من نایبینمه‌وه و ئێستا ئیتر به‌سه په‌له‌قاژه كردن به دوای دیتنه‌وه‌ی شتێک كه نازانم چییه...
Comments:
Post a Comment
|