November 25, 2005
ئه‌مڕۆ ڕۆژی جیهانی دژایه‌تی ده‌گه‌ڵ توند و تیژی دژ به ژنانه. باوه‌ڕ ناکه‌م هیچ مرۆڤێکی خاوه‌ن عه‌قڵ و ویژدان توند و تیژی دژ به ژن به کارێکی ئاسایی بزانێ و لاینگری ئه‌و کرده‌وه‌یه بێ. توند و تیژی دژ به ژنان تایبه‌ت به وڵاتێک یان فه‌رهه‌نگێک نییه و سنوور ناناسێ. تایبه‌ت به چینی هه‌ژار یان کۆمه‌ڵگه‌ی موسلمانان نییه. له سوئێد هه‌ر ده ڕۆژ، ژنێک به هۆی توند تیژی گیانی خۆی له ده‌ست ده‌دا. ئه‌و ژماره‌یه بۆ وڵاتێکی بچووکی وه‌ک سوئێد، که ژنان - که‌م تا زۆر- له مافی هاوولاتی و یاسایی بێ به‌ش نین، ژماره‌یه‌کی به‌رچاوه. ڕاده‌ی توند وتیژی دژ به ژنان له وڵاتێکی وه‌ک ئه‌مریکا ده‌گاته چل له سه‌د. له شیلی نزیک شه‌ست و پێنج له سه‌دی ژنان ده‌که‌ونه به‌ر ئازاری پیاوان، چل ویه‌ک له سه‌دی ژنانی هیند له به‌ر توند و تیژی و ئازاری مێرده‌کانیان هانا ده‌به‌نه خۆکوشتن، له به‌نگلادێش په‌نجا له سه‌دی ژنان له ژێر توند و تیژی پیاواندا ده‌کوژرێن. باس کردن له توند و تیژی دژ به ژنی کورد به‌ڵام ئاسان نییه. ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم ژماره‌یه‌کی باوه‌ر پێکراو له هیچ شوێنێکه‌وه بڵاو نابێته‌وه. ژنی کورد تا نه‌گاته ئێسقانی، ده‌نگی نایه‌ته ده‌ر، تازه ئه‌و کاتیش، زۆربه‌ی کات ئاگر له خۆی به‌رده‌دات و گیانی ڕزگار ده‌کات. وه‌ک شتێک ڕێگه‌یه‌کی ناوڕاستی نییه هه‌ڵیبژێرێ. له لایه‌کیشه‌وه باوه‌ره‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی پیاوسالار و فه‌رهه‌نگی دینی، ئه‌و توند و تیژییه له لایان پیاوه‌وه به شتێکی ئاسایی داده‌نێ و ئه‌و کرده‌وه دژه مرۆڤانه‌یه وه‌ک شتێکی سروشتی تاریف ده‌کات و مه‌خابن ئه‌و باوه‌ڕه له مێشکی ژن‌دا جێی گرتووه که ژن به جلی سپی بوکێنه ده‌چێته ماڵی مێرد و به کفنی سپی ده‌بێ له‌وێ بڕوات ... له کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک هیچ یاسایه‌ک بۆ پشتگری له مافی ژن نه‌بێ، هیچ ڕاهێنان و فێرکردنێک نه‌بێ، بنه‌مای په‌روه‌رده کردنی منداڵ هه‌ر ئه‌و باوه‌ره بۆگه‌نه بێ، له کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک ژن ملکی پیاوه و ژن باوه‌ڕی کردووه "به‌ش و چاره‌نووسی هه‌ر ئه‌وه‌یه"، توند و تیژی دژ به ژن ده‌بێته به‌شێکی ئاسایی له ژیانی ڕۆژانه‌ی . توند وتیژی دژ به ژن جێ و شوێنی تایبه‌تی نییه. له ماڵ، له ده‌رێ و له سه‌رکار، ژن به شێوه‌ی جۆر به جۆر ده‌که‌وێته به‌ر ئازار. له ناو ماڵدا، له لایان باب و برا و مێرد و له ده‌رێ، له ناو بازار، له سه‌ر شه‌قام، له ڕێگه‌ی مه‌دره‌سه، له ناو تاکسی و قه‌تاردا، له لایان "هه‌ر پیاوێک" ده‌که‌وێته به‌ر بێ ڕێزی و ئازاری جنسی و ده‌ست درێژی و ... و له سه‌ر کار له لایان هاوکار و ڕه‌ئیسی پیاو به قسه و ئاماژه‌ی ناله‌بار و کۆمێنت له سه‌ر ئه‌ندام و له‌ش و ڕواله‌تی بێ ڕێزی پێ‌ده‌کرێ و دیسان له زۆربه‌ی کات هه‌ر ئه‌و شه‌رم و حه‌یا درۆیه‌ی له منداڵییه‌وه فێریان کردووه وای لێ‌ده‌کات زۆر شت قه‌بووڵ کات و ده‌نگی نه‌یه‌ت ... فه‌رهه‌نگی پیاو په‌سه‌ندی کۆمه‌ڵگه جۆر به جۆره‌کان، هه‌میشه، ژن وه‌ک تاوانبار ده‌بینێ. ژن هه‌میشه باری تاوان و گوناحی له سه‌ر شانه. و چونکه نامووس و شه‌ره‌ف و ئابڕووی پیاو و بنه ماڵه گرێ دراوی هه‌نگاو به هه‌نگاوی ژنه، بێ‌گومان ژن ده‌که‌وێته به‌ر چاوه‌دێری و کۆنترۆڵ و هه‌موو مافی بڕیاردانی لێ زه‌وت ده‌کرێ. مافی بڕیاردان له سه‌ر "چۆن ژیان" و" چۆن و که‌ی مردنی ژن" بۆ پیاوانی بنه ماڵه‌یه. هه‌موو جارێ که ژنێک به هۆی توند و تیژی گیانی له ده‌ست ده‌دا، ته‌نیا یه‌ک پرسیار زۆرتر و ڕوونتر له باقی پرسیاره‌کان دووپات ده‌بێته‌وه، هه‌موو ده‌پرسن: "چی کـــــــرد بــــــــــوو؟" به‌ڕاست چیتان کردووه ئه‌ی ژنانی تاوانبار؟ ئه‌و تاوانه چییه که به درێژایی مێژووی بوونتان به باڵاتانه‌وه دروواوه؟ که وا به شه‌ڵاقی ڕق و کینه برینی هه‌تا هه‌تایه ده‌خه‌نه سه‌ر ڕوح و له‌شتان؟ تاوانتان چییه؟ که‌ی له کام دادگا به فه‌رمانی کێ به زیندانی ئه‌به‌د مه‌حکووم کراون؟ پیاو، ئه‌ی تۆ تا که‌ی بێده‌نگ ده‌مێنییه‌وه؟ تا کوێ، تا که‌ی چاو و گوێ ده‌به‌ستی و خۆت گێل ده‌که‌ی؟ ئه‌مڕۆ ڕۆژی جیهانی دژایه‌تی ده‌گه‌ڵ توند وتیژی دژ به ژنانه، چ تاڵه که پێویسته ڕۆژێکی ئاوامان هه‌بێت. شه‌رمه، شه‌رم بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی!
Comments:
Post a Comment
|