Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

December 16, 2005

هاوڕێیه‌ک بیستبووی له فڵانه گه‌ره‌كی شاری ستۆكهۆلم، كورد به كه‌وای پووڵه‌كه‌دار و كه‌ڵاشی هه‌ورامی چوون بۆ ده‌نگدان و له‌وێ تێر هه‌ڵپه‌ڕیبوون. نووسیبووی "عه‌ره‌بیش ده‌چێته ده‌نگدان، كه‌چی كه‌سیان كراسی درێژ له به‌ر و "ئاگا‌ڵ**" له سه‌ر ناكه‌ن"

ئه‌مڕۆش لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می مێترو به وێنه‌یه‌ک پڕ كرابووه. كورد و ئاڵای كوردستان و هه‌ڵپه‌ركێ بێ گومان.

من په‌یوه‌ندییه‌ک له نێوان هه‌ڵپه‌ڕكێ و ده‌نگدان نابینم، دیاره من مێژووی هه‌ڵپه‌ڕكێی گه‌لی كورد نازانم. به داخه‌وه كه‌سیش ناناسم ئه‌و مێژوویه بزانێت. له‌وانه‌یه هه‌ر وه‌ک چۆن گه‌لانی ئافریقی بـۆ شین و شایی و پارانه‌وه‌یان له‌به‌ر خواكانیان، سه‌ما و هه‌ڵپه‌ركێی تایبه‌تیان هه‌یه، ئێمه‌ی كوردیش له شین و شاییدا به هه‌ڵپه‌ڕكێ هه‌ستی خۆمان ده‌رده‌بڕین. من به‌ڕاست نازانم، به‌س خۆش ده‌بێ فه‌لسه‌فه‌یه‌كی له پشت بێ!

بیر ده‌كه‌مه‌وه "كورد بوون و كوردایه‌تی كردن" به زۆر شێوه ده‌توانێ بێته ده‌ركاندن.ڕه‌نگه گۆرانی كوردی، هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردی و به جلی كوردی ده‌نگدان چه‌ند شێوازی جیاوازی ئه‌و ده‌ربڕینه‌ن، نازانم! ته‌ناته‌ت ئه‌گه ئه‌وه‌ش ڕاست بێ، زۆر سه‌یره بۆ نموونه ئه‌گه بمانه‌وێ به گۆرانی كوردی كوردایه‌تی بكه‌ین به‌ڵام پشتگری له گۆرانیبێژی كورد نه‌‌كه‌ین. سه‌یره گۆرانییه‌كانیان به شێوه‌ی نایاسایی ده‌ست به ده‌ست ده‌كه‌ین و نامانه‌وێ به كڕینی به‌رهه‌مه‌كانیان یاریده‌ریان بین. شتێک له شوێنێک له جێی خۆی نییه، ده‌زانن ده‌ڵێم چی؟!

ئێمه كه ئه‌و هه‌موو كوردمان خۆشده‌وێ و بۆ كوردستان سنگ ده‌كووتین، ئه‌ی چۆنه زۆر شتی تر، كه بوون و گه‌شه پێدانی گرێدراوی بوون و مانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورده، زۆری بایه‌خ پێ ناده‌ین؟ چۆنه كاتی د‌ه‌نگدان جلی كوردی له به‌ر ده‌كه‌ین به‌ڵام دڵسۆزی زمانی كوردی نین؟ چۆنه له هه‌موو شوێنێک له گیرانی ئۆجه‌لان ڕا بگره تا به‌سترانی میدیا تی‌ڤی و ده‌نگدان، هه‌ڵپه‌ڕكێ ده‌كه‌ین و سه‌رچۆپی ده‌گرین به‌ڵام بیر له نه‌خوێنده‌واریمان ناكه‌ینه‌وه؟ چۆنه هه‌موو كورد بوون و كوردایه‌تی كردنمان بۆته هه‌ڵپه‌ركێ و جلی پوڵه‌كه‌دار و كه‌ڵاشی هه‌ورامی؟ یانی له‌مه زیاترمان پێ ناكرێ؟ یانی له‌مه باشتری لێ نازانین؟

كورده‌كانی باكوور كوردی نازانن، تێده‌گه‌م له توركیه ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان پێنه‌دراوه. ڕۆژهه‌‌ڵاتیش هه‌روا. به‌ڵام ئه‌ی چۆنه ئه‌و هه‌موو ساڵه له هه‌نده‌ران ژیاوین، ده‌رفه‌تی فێربوونی زمانی خۆمانمان هه‌بوو، كه‌چی خۆمانی لێ گێل ده‌كه‌ین؟ چۆنه هاوڕێیانی باشووری كه به زمانی كوردی خوێندوویانه، كه كوردی قسه ده‌كه‌ن، دڵت ده‌گیرێ؟ چۆنه ئه‌و هه‌موو ساڵه دوای بوونی ئینستیتۆی كورد، هێشتا بۆ نووسینی وتارێک، وانه‌وتارێکی زانستی یان ته‌نانه‌ت بۆ نووسینی چه‌ند دێڕ له سه‌ر فێمینیسم، ده‌روونناسی یان له سه‌ر ڕووناكبیری، ده‌بێ ده‌سته‌وداوێنی وشه‌ی عه‌ره‌بی و فارسی بین و هێشتا فه‌رهه‌نگێكی ئه‌وهامان نییه ئه‌و بۆشاییه‌ پڕ كاته‌وه؟ هاوڕێیانی به‌شی زمانی كوردی ماڵپه‌ڕی زانستی كوردئای‌تی گروپ، جارێ ئه‌و ئه‌ركه‌یان گرتۆته شان، به‌ڵام تاكه‌ی؟ چه‌نده‌یان له ده‌ست دێ ئه‌ویش بێ هیچ پشتگه‌رمی و یارمه‌تییه‌ک له هیچ لایه‌كه‌وه؟

چۆنه هه‌موو كوردایه‌تیمان هه‌ڵپه‌ڕكێ و هه‌موو سیاسه‌تێكمان و سیاسی بوونێكمان، حیزبایه‌تی كردنه؟ چۆنه هێشتا ژماره‌ی لاپه‌ڕه‌ نایاساییه‌كانی گۆرانی كوردی له سه‌ر ئینتێرنێت، سه‌دان جار زۆرتره له ژماره‌ی لاپه‌ڕه‌ زانستییه‌كان به زمانی كوردی؟ چۆنه ئێمه ئه‌و هه‌مووه باسی "ڕووناكبیری كورد" ده‌كه‌ین به‌ڵام تاریفێک، پێوانه‌یه‌کمان نییه بۆ ڕووناكبیر بوون تا بزانین كێ ڕووناكبیره و كێ نییه؟ باسی شارستانییه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌‌ده‌نی ده‌كه‌ین، كه‌چی هێشتا جیاوازی نێوان ئه‌رک و ماف نازانین و بۆ نموونه ده‌نگدان به "پیاوه‌تی و مه‌ردانه‌گی و كوردایه‌تی" ناوده‌به‌ین... باسی دێمۆكراسی و ئازادی ده‌كه‌ین، كه‌چی هه‌ر كه‌س وه‌ک‌ ئێمه‌ی بیر نه‌كرده‌وه و پێوانه‌كانی له هی ئێمه نه‌چوو مۆری "جاش و خراپه و خائین و درۆزنی" له ناوچاوان ده‌ده‌ین، هێشتا جیاوازی نێوان جنێوفرۆشی و نه‌قدكردنه‌وه نازانین، هێشتاش به نه‌قد كردنه‌وه‌ی دیارده‌كانی ده‌وروبه‌رمان توڕه ده‌بین و له ژێر ڕه‌نگی خۆڵه‌مێشی ئه‌خلاق و حیا و نامووس دایانده‌پۆشین ...

خۆ من دژ به هه‌ڵپه‌ڕكێ و شادی و شایی نیم. به‌س تێناگه‌م بۆ له لای ئێمه هه‌موو شتێک تێكه‌ڵی هه‌موو شتێكه!؟ تێناگه‌م بۆ هیچمان نابێ له سه‌ر شوێنی خۆی بێ و كه‌سمان ئه‌وه‌مان به‌لاوه سه‌یر یان گرنگ نییه كه شته‌كان وان كه هه‌ن؟ فه‌رهه‌نگی نووسینمان نییه، فه‌رهه‌نگی دیالۆگمان نییه، نه سیاسه‌ت به شێوه‌یه‌کی زانستی ده‌زانین نه وشیاری كه‌ڵک وه‌رگرتن له ئه‌زمۆنه مێژووییه‌كانی خۆمانمان هه‌یه ... ڕه‌نگه من هه‌ڵه بكه‌م، به‌ڵام به لای من ئه‌وانه هه‌مووی به شێوه‌و له جێگه‌ی خۆی له به‌رژه‌وه‌ندی كورد دایه ...

ده‌ڵێم با لانی كه‌م ئه‌و ده‌مانه‌ی هه‌ڵناپه‌ڕین، كه‌مێک له بیری كه‌م و كۆڕییه‌كانی "كورده‌وایمان" دا بین. ئه‌وه‌ش ده‌كرێ، ناكرێ؟





** من نازانم "ئاگا‌ڵ"م درووست نووسیوه یا نا. ئه‌و هاوڕێیه به پیتی لاتین ئاوای- agal- نوسیبوو!


Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------