December 23, 2005
ڕاستییه‌ک: تا ئێستا چه‌ند دۆست و خوێنه‌ری به‌ڕێز پرسیاریان كردووه چۆنه من به‌شی كۆمێنت دانانێمه‌وه. خۆشم به‌ڕاست چه‌ند جارێک بیرم لێ كردۆته‌وه، به‌تایبه‌ت كه له‌وه‌تی به‌شی كۆمێنته‌كان تازه كراوه‌ته‌وه، كار پێ كردنی زۆر خۆشتره. به‌ڵام ئه‌گه هه‌ر ئێستا بمه‌وێ له وڵامی ئه‌و هاورێیانه شتێک بڵێم ده‌بێ، ناچار، دانی پیا نێم كه نامه‌وێ به دانانی به‌شی كۆمێنت، خۆم له‌و نامه و په‌یامانه‌ی جاروبار ده‌گه‌نێ بێ به‌ش بكه‌م. نامه‌كان و په‌یامه‌كان زۆربه‌ی كات كورتن، به‌ڵام خۆشییه‌كی ئه‌وه‌یه خاوه‌نی ئه‌و نامه و په‌یامه كورتانه، قسه ناكه‌ن هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌یان كردبێ، ئه‌وه‌نده قسه‌كه‌ی خۆیان به لاوه گرنگ بووه كه زه‌حمه‌تی ناردنی كورته نامه‌یه‌ک به خۆیان ده‌ده‌ن، به‌تایبه‌ت كه نامه ناردن وه‌ک په‌یام نووسین حازر به‌ده‌ست نییه. پێم وایه زۆربه‌تان هه‌ندێ له‌و كۆمێنتانه‌ی بۆ بلاگهكانی تر له بلاگئاوا نووسراوه، دیتووتانه و ده‌زانن ده‌ڵێم چی .. ئه‌گه‌ر چی به پێی عاده‌ت، هیچ نامه و په‌یامێک بێ وڵام ناهێڵمه‌وه به‌ڵام هه‌ر ویستم به نووسینی ئه‌م چه‌ند دێڕه، سوپاسی هه‌موو ئه‌وانه‌ی تا ئێستا به نامه یان ئاف-لاین قسه‌یان ده‌گه‌ڵ كردووم بكه‌م و بڵێم به‌ڕاستی پێی شادم كه خوێنه‌ری ئاوا سه‌ردانی ئێره ده‌كه‌ن. زۆر گــــــوڵـــــن :) ئه‌وه‌ش به‌شێک له نامه‌یه‌ک كه زۆرم خۆش‌ویست: " ... له‌یلا كه‌سی تریش هه‌ن له‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌ژین و ده‌گه‌ڵی هه‌ست به نامۆیی ده‌كه‌ن. ناگوونجێ گلێی له خوا بكه‌ین كه بۆ بنیامه‌کانی له جێ و كاتی خۆیان جیاکردۆته‌وه، یه‌ک چوونكه تۆ باوه‌ڕت به خوا نییه و دوو چونكه من باوه‌ڕ ناكه‌م ئه‌و كارێكی زۆری له ده‌ست بێ! ڕه‌نگه هه‌ڵه‌ی سروشت بێ كه تۆ ئێستا له سه‌رده‌مێكدا ده‌ژی كه ده‌گه‌ڵ روحی یاغی تـــۆ ناگۆنجێ، به قسه‌ی من ده‌كه‌ی ژیان زۆر له خۆت سه‌خت مه‌گره كه ده‌بینی ناتوانی وه‌ک ئه‌وانیتر بی. له‌وانه‌یه, ده‌ڵێم له‌وانه‌یه، هه‌ر له ڕۆژی یه‌که‌مه‌وه قه‌رار نه‌بووه ژیانی تۆ و ئه‌وانی وه‌ک تۆن وه‌ک ژیانی یه‌كی وه‌ک من و ئه‌وانی وه‌ک منن، بێ. تۆ ژیانی خۆت بکه و به پێی یاساكانی خۆت بژی، من دڵنیام هه‌ندێ كه‌س هه‌ن و ده‌توانن تۆیان ئه‌و جۆره‌ی هه‌ی خۆشبوێ و قهبولت كه‌ن! جوان تێده‌گه‌م چ هه‌ستێكت هه‌یه كه ده‌ڵێی بستێک خاكت نییه ناوی بنێیه "ماڵ"، تێده‌گه‌م چ هه‌ستێكت هه‌یه كاتێ ده‌نووسی نه ڕیشه‌كانی تۆ خاكی ئێره‌یان ده‌وێ و نه خاكی ئه‌وێ ڕیشه‌كانی تۆ وه‌خۆی ده‌گرێ. له شه‌ڕی ناوخۆت ده‌گه‌ڵ خۆت تێده‌گه‌م ... باوه‌ڕ بكه تێده‌گه‌م. به‌ڵام مه‌هێڵه هیچ شتێک و هیچ كه‌سێک له‌بیر بكه‌ی، تۆ هه‌ر به‌م بیرانه‌وه تۆی ... هه‌ر وه‌ک خۆت جارێکی نووسیبووت "كه‌مێک پێبكه‌نه، كه‌مێک بگری، كه‌مێک بژی"... ڕۆژێک دره‌نگ یا زوو دیسان دڵه كووتهكانت ده‌ست پێده‌كه‌نه‌وه و ئاشق ده‌بییه‌وه و سهڕپهنجه سڕهكانت كه ئێمه‌ت كوشتووه هێنده له چنگیان بناڵی، گه‌رم ده‌بنه‌وه ... ڕه‌نگه حه‌زت له بیستنی ئه‌و قسه‌یه نه‌بێ: به‌ڕای من، تۆ هه‌رچه‌نده دینت نییه به‌ڵام ئیمانت زۆره!"
Comments:
Post a Comment
|