Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

December 25, 2005

People don't forget about you, they just forget to remember you


هه‌ندێ جار ساغ بوونه‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی تر سه‌خت ده‌بێته‌وه كه تۆ حه‌زت له هیچكام له‌و كارانه‌ی "پێیان وتووی كاری دوورستن" نییه! كاتی وا شه‌و تا به‌یانیش دانشتن و له فه‌لسه‌فه‌ی بوون و مانای ژیان قوڵ ‌بوونه‌وه‌ش، ئه‌ستمه به هیچكوێت بگه‌یه‌نێ. جا هه‌ر دانیشه و بیر بكه‌وه " كێم و له كوێڕا هاتووم و هۆی هاتنم چی بووه!" ‌ هه‌ر له جه‌نگه‌ی ئه‌و قوڵ بوونه‌وانه و رووچوونانه دایه وه‌بیرت دێته‌وه زۆر ساڵ پێش كیژۆله‌یه‌ک‌ ساكه ڕه‌شه بچووكه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و ته‌نیا سواری مینی بووسه‌ بۆن ناخۆشه‌كه‌ی تێرمیناڵی شار بوو و تا ورمێ چوو، شه‌قامه‌كانی گه‌ز كرد، به قه‌د نانێكی گه‌رم و لیوانێک دۆ پاره‌ی پێ بوو، دانیشت نان و دۆیه‌كه‌ی خوارد، به ناو گوزه‌ره قه‌ڕه‌باڵغه‌كه‌ی ناوشار تێپه‌ڕی، له قاوه‌خانه‌یه‌کی پیس و تاریک داوای ئیستكانێک‌ چای كرد و ورده ورده، ده‌مه‌و ئێوارێ، ساک له سه‌ر شان، به‌ره‌و شاره خینجیلانه‌كه‌ی خۆی وه‌ڕێ كه‌وته‌وه و ته‌واوی ڕێ، گوێی بۆ ده‌نگی دڵه كووته‌كانی خۆی ڕاگرتبوو و بزه‌ی لێ ده‌دا و خۆی پێی وابوو مرۆڤێكی زۆر به‌خته‌وه‌ره!

ئێستا، له‌و شه‌و سه‌رشێته‌دا، لێره دانیشتووم و بیر ده‌كه‌مه‌وه بڵێی به‌ڕاست به‌‌خته‌وه‌ر بوون هه‌ر ئاوا ساده بێ؟

به خۆم ده‌ڵێــــم كچی باش، دوای كردنی كارێک كه حه‌زت لێیه‌تی به‌ڵام كارێكی درووست نییه و كردنی شێتایه‌تێكی ته‌واوه، ته‌نیا دوو شت ده‌توانێ بقه‌ومێ، یان ڕێک دوابه‌دوای ئه‌و كاره، ده‌مری، كه ده‌بێ زۆریشت پێ خۆش بێ كه پێش مردن كارێکی حه‌زت لێی بووه كردووته و حه‌سره‌ت به دڵ نه‌‌مردووی، یانیش دوای ئه‌و كاره لێت ده‌قه‌ومێ و ژیانت له‌وه‌ی كه هه‌یه دژوارتر و ناخۆشتر ده‌بێ، به‌ڵام خۆشی كردنی ئه‌وكاره‌ی حه‌زت لێی بووه، هه‌تا هه‌تایه بۆت ده‌مێنێته‌وه و هه‌ر كات، له هه‌ر شوێنێک، هه‌ر كه‌سێک باسی به‌خته‌وه‌ری خۆیت بۆ بكات، تۆ به ئارامی گوێ بۆ قسه‌كانی ڕاده‌گری، بزه‌یه‌ک دێته سه‌ر لێوت و دڵنیای ده‌زانی باسی چی ده‌كات و وه‌بیرت دێته‌وه كه تۆش چركه‌یه‌كی وات له ژیاندا هه‌یه كه خۆت به به‌خته‌وه‌رترین مرۆڤ زانیوه!




Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------