January 25, 2006
گـــــۆڕدران و خۆ لێ گــــــۆڕدران... من گۆڕدراوم، ئه‌وه خۆم باش ده‌زانم. هاتنم بۆ ئێره و دیتن و ته‌جره‌به كردنی ژیان به شێوه‌یه‌كی تازه و جیاواز، زۆر شتی فێر كردم. زۆر شت بوون من هه‌ر نه‌مده‌زانی هه‌ن، هه‌ندێ شت بوون وه‌ک شتێكی ئاسایی نه‌مده‌دیتن و زۆر شتیش بوون، بۆ من مانای تاوان و گوناحیان هه‌بوو. هه‌ندێ شت بوون ده‌مزانی هه‌ن، بیرم لێ ده‌کردنه‌وه و بۆم ببوون به ئاواتێک، به‌ڵام به مافی خۆمم نه‌ده‌زانی. من وه‌ک من، وه‌ک ژن، له چوارچێوه‌یه‌كی دیاری كراودا، تاریف كرابووم و زۆر جار كه خۆم له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و چوارچێوه‌دا ده‌دیته‌وه، هه‌ستم به تاوان ده‌كرد، یان ترس! له‌وێ باوه‌ڕه‌كان وه‌ک كراسێكی دوراو له به‌رت ده‌كردرا، له‌وێ نه ده‌توانی و نه ده‌توێرا، به قه‌د باڵای بیره‌كانی خۆت بژی. ئه‌ركه‌كان و چاوه‌ڕوانییه‌كانی لێت ده‌كرا ده‌بوون به كه‌سایه‌تی تۆ و هه‌ر شتێک و هه‌موو شتێک له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و چاوه‌ڕوانییانه هه‌ڵه و خراپ بوون. فێر ده‌بووین به كه‌م ڕازی بین یان ته‌نانه‌ت به هیچ! دونیا وه‌ک بڵێی بچووكتر بوو و ئاواته‌كانمان له هه‌ندێ شتی ورده‌واڵه‌دا جێ ده‌كرانه‌وه ... عاده‌تمان ده‌کرد به بچووک كردنه‌وه‌ی مانا گه‌وره‌كان، وه‌ک مانای مرۆڤ، وه‌ک مانای یه‌كسانی مرۆڤ، وه‌ک مانای ئازادی، ده‌ماندی ئه‌وانه بچووک ده‌كرێنه‌وه و ده‌کرێن به باسی ژنانه، پیاوانه، ده‌کرێن به باسی شه‌ره‌فی كێ له كوێدایه كێ ده‌بێ ئاگای لێ بێت! فێر نه‌ده‌كراین چۆن مرۆڤ بین، فێر ده‌كراین چۆن ژن بین! چ جۆره ژنێک بین و ژنایه‌تی بنوێنین! فێر نه‌ده‌كراین له مافی یه‌كسانیمان ورد بینه‌وه، فێر ده‌كراین نرخ له سه‌ر خۆمان و ئاواته‌كانمان دانێین و زێڕ و ماڵ و جل بكه‌ین به پێوانه‌ی به‌خته‌وه‌ریمان. باسی ئازادییان ده‌گه‌ڵ نه‌ده‌کردین. ئازادی ژن به مانای به‌ڕه‌ڵایه‌تی بوو ... ئیتربا باسی جنسی بوونی زمانی كوردی و داب و نه‌ریته سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كانی كورده‌واری و په‌ڵه ڕه‌شه‌كانی فه‌رهه‌نگی خۆمان هه‌ر نه‌كه‌م... دوایی وای لێ دێت دوور ده‌كه‌ویته‌وه. له شوێنێک ده‌ژی شته‌كان جۆرێكی ترن. ده‌رفه‌تێكت بۆ هه‌ڵده‌كه‌وێ بێ سێبه‌ری هیچ ترسێک خۆت بی، بوێری له خۆت ورد بیته‌وه، بوێری بیر له خۆناسین بكه‌یته‌وه...، ده‌بینی شتێک هه‌یه به ناوی "سنووری تاكه‌كه‌س" و لێره زۆربه‌ی هه‌ره زۆری كاته‌كان ڕێزی لێ ده‌گیرێ و شتێكی ئاساییه. ده‌بینی كه كه‌سێک بیه‌وێ بتناسێ لێت ناپرسێ "كچی ماڵی كێی؟"، له خۆت، له ناوت، له هۆگرییه‌كانت ده‌پرسێ. ده‌بینی له فۆرمه‌كان كه پڕ ده‌كرێنه‌وه چی تر به‌شی "ناوی باب" نییه و كه‌س داوات لێ ناكات ئه‌م نامه‌یه بده‌ی به بابت بۆت ئیمزا بكات و ئیزنت پێ بدات ... ڕۆژێک ده‌بینی ڕای خۆت و ته‌نیا خۆت له سه‌ر شته‌كان ده‌پرسن و ده‌بینی ڕێز بۆ بۆچوونه‌كانت داده‌نێن ... له سه‌ره‌تا زۆر خۆشحاڵ ده‌بی... كه‌چی زوو ده‌رده‌كه‌وێ ئه‌وانه هه‌موو ئاسایی ترین مافه‌كانی هه‌ر مرۆڤێكه و هیچ شتێكی سه‌یر و سه‌مه‌ر نییه، ئه‌گه تۆ به خۆته‌وه نه‌دیتووه، سه‌رچاوه‌ی گرفته‌که، شتێکی تره ... ڕۆژ و مانگ و ساڵ تێده‌په‌ڕێ! تۆ به‌م شێوه ژیانه تازه‌یه خوو ده‌گری. به دڵته! زۆر حه‌ز له‌و ڕێز و ئازادی و سنووری تاكه كه‌سییه ده‌كه‌ی ... كه‌م كه‌م ئه‌وه‌نده بۆت ئاسایی ده‌بنه‌وه كه ئیتر بیری لێ ناكه‌یه‌وه، وه‌ک به‌شێكی ئاسایی، وه‌ک مافێكی سه‌ره‌كی خۆت قه‌بووڵت كردووه و تێكه‌ڵی ژیانی ڕۆژانه‌ت ده‌بێ ... تا ئه‌وه‌ی ڕۆژێکی به هه‌ڵكه‌وت، هاوڕێی ئاشنای خوشكه‌كه‌ت تووشی به تووشت ده‌بێ. ده‌یناسییه‌وه. له‌بیرته دوووووراودووووور دیتووته و قه‌ت به‌ڵام له نزیكه‌وه قسه‌ت ده‌گه‌ڵ نه‌كردووه. له ناكاو ده‌بینی هاورێی ئاشنای خوشكه‌كه‌ت ڕێ و شوێنت بۆ دیاری ده‌كات و پێت ده‌ڵێ چی بكه‌ی و چۆن بژیت و چۆن بیر بكه‌یته‌وه! دوایی له‌و په‌ڕی سه‌ر لێ سووڕماوی ده‌بیستی، هاوڕێی ئاشنای خوشكه‌كه‌ت (كه نه ئه‌و كات كه له‌وێ ده‌ژیای تۆی ده‌ناسی و نه ئێستاش كه سێنزده ساڵ دووری تۆ ده‌ناسێ) ده‌گه‌رێته‌وه و پێت ده‌ڵێ: خۆت لێ گۆڕدراوه! .... پێت سه‌یره، ئاخر تۆ ناناسێ، ئه‌و هه‌موو ساڵه‌یه تۆی هه‌ر نه‌دیوه و نه‌بیستووه، ئێستاش نازانێ چۆن ده‌ژیت و چۆن بیر ده‌كه‌یته‌وه و پێوانه‌كانت له ژیاندا چیه و چۆنه، كه‌چی وا به ئاسانی، حوكمت له سه‌رده‌دا و قه‌زاوه‌تت له سه‌ر ده‌كات! بیر ده‌كه‌یه‌وه شتێک بڵێی! به‌ڵام شان هه‌ڵده‌خه‌یه‌وه و به خۆت ده‌ڵێی ئه‌گه ئه‌و هێشتا نازانێ گۆڕدران و خۆ لێ گۆڕدران دوو شتی جیاوازن، موشكله‌ی خۆیه‌تی، به من چی!
Comments:
Post a Comment
|