January 4, 2006
Just because you don't believe it doesnt mean that it's not true ده‌ڵێ یانی تۆ ئیتر ناته‌وێ قه‌ت ده‌گه‌ڵ كه‌س بژیت؟ زه‌ینم پڕ ده‌بێ له پرسیار. به خۆم ده‌ڵێم ده‌ته‌وێ ده‌گه‌ڵ كێ بژیت؟ ده‌گه‌ڵ هه‌ر كه‌سێک كه بتوانی بژی؟ یان ده‌گه‌ڵ كه‌سێک كه بێ ئه‌و نا‌توانی بژی؟ قه‌ت بیرت كردۆته‌وه چی له ژیاندا ڕازیت ده‌كات؟! مانه‌وه ده‌گه‌ڵ كه‌سێک هه‌ر چوونكه "ده‌توانی" ده‌گه‌ڵی بمێنییه‌وه، به‌سه بۆت؟ ڕازیت به مانه‌وه له لای كه‌سێک هه‌ر له ترسی ئه‌وه‌ی ته‌نیا نه‌بی؟ یان ته‌نیا ده‌ته‌وێ ده‌گه‌ڵ كه‌سێک بمێنییه‌وه كه نا‌توانی "بێ ئه‌و" بمێنییه‌وه؟! بیر ده‌كه‌مه‌وه جیاوازی نێوان ئه‌وین و عاده‌ت یان سنووری نێوان ترس و ویستن چه‌نده له لای ئێمه مانای هه‌یه یان گرنگه؟! دیسان ده‌پرسێته‌وه! - ده‌ڵێم با، به‌س ده‌گه‌ڵ كه‌سێک "نه‌توانم بێ ئه‌و بمێنمه‌وه"، كه‌سێک نه‌بوونی بۆشایی بێ ... پێی ده‌ڵێم ته‌نیایی ناخۆشه، به‌ڵام خراپ نییه. ته‌نیایی ده‌گه‌ڵ بێ كه‌سی فه‌رقی هه‌یه، ده‌زانی خۆ؟ و بیر ده‌كه‌مه‌وه " پسركانی كه به من عاشق بودند" و پێده‌که‌نم...، هه‌موو ئه‌وانه‌ی هاتن و من هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ڕێی ڕۆیشتنم بۆ خۆش ده‌كردن. ئه‌وانه‌ی ویستیان من له چوارچێوه‌ی خۆیاندا تاریف بكه‌ن، ئه‌وانه‌ی منیان ئاوا كه بووم له چوارچێوه دامه‌زراوه‌كه‌ی خۆیاندا نه‌ناسییه‌وه، ئه‌وانه‌ی به ناوی خۆشه‌ویستی ویستیان بمڕووخێنن و سه‌ر له نوێ سازم كه‌نه‌وه، له‌ت له‌تم كه‌ن و ته‌نیا له‌ته "جوان و نه‌رم و نیانه‌كان" ڕاگرن، ئه‌وانه‌ی ده‌یانویست بمكه‌ن به شتێک كه نه‌بووم. پێده‌كه‌نم! یه‌كیان گووتی "ناوێری هه‌ستی خۆت نیشان بده‌ی!" و من هه‌ر چی بیرم كرده‌وه نه‌مزانی هه‌ستێک كه نه‌بێ چۆن نیشان ده‌درێ! ئه‌میان "نا" گوتنه‌كه‌ی منی به‌لاوه گرنگ نه‌بوو، به حیسابی "مه‌كری ژنانی" داده‌نا. فێریان كردبوو كه باوه‌ڕ به "نا" گووتنی ژن نه‌كات، فێریان كردبوو كه ژن گوتی "نا"، مه‌به‌ستی پێچه‌وانه‌که‌یه‌تی. له لای ئه‌مه‌ی تریان، نه‌ویستنی من گرنگ نه‌بوو، بوون یا نه‌بوونی پیاوێكی تر بوو بڕیاری ده‌دا. دڵم گیرا، پێی وا بوو ژن ئه‌گه "خاوه‌نی" نه‌بوو، ئیتر ویستن و نه‌ویستنی خۆی زۆر گرنگ نییه، ژن پێویستی به سێبه‌ری پیاو له سه‌ر خۆی هه‌یه. یه‌كیان به نامه‌ی دڵداری ده‌ستی پێ كرد و به "داده" و "خوشكی خۆم" ته‌واوی كرد، پێی وابوو ژن ده‌بێ یان "ژنی" ئه‌و بێت یان "خوشكی"، نه‌یزانی مرۆڤه‌كان له‌و په‌ڕی سنووری جنسییه‌ت، به دوور له ژن بوون و پیاو بوونیان ده‌توانن هاوڕێ و هاودڵ بن! شه‌ماڵ گوتی ئاوا نابێ، ده‌بێ بزانی چیت ده‌وێ! و من بیر ده‌كه‌مه‌وه، ده‌ی من ده‌زانم چیم نــــــاوێ، به‌ڵام نازانم چیم ده‌وێ، ئاوا ده‌بێ؟ ساڵێكی دوور، پێش نیوه‌ڕۆی كه‌وه ڕۆژێكی مانگی ئاگووست، به براكه‌م گووت "گرنگ ئه‌وه بوو ئه‌و قسانه هه‌موو ڕاست بان و تۆ هێشتا هه‌ر مابایه‌وه!" بڵێی ئه‌وه تاریفی من له خۆشه‌ویستی نه‌بێ؟ بڵێی ئه‌وه ئه‌و شته بێ من ده‌مه‌وێ؟ من ڕووتم. تا ئێره‌ش به ڕووتی هاتووم. تازه گه‌رانه‌وه‌ی چی؟ تازه ناتوانم له شاری كوێران ده‌ست به چاومه‌وه بگرم. بۆ ڕۆیشتنی كه‌س ناگریم، دڵته‌نگ ده‌بم به‌ڵام، دڵته‌نگ له هه‌رزان بوونی وشه‌كان. له به‌رته‌سک بوونی ماناكان. دڵته‌نگ له‌وه‌ی جیاوازییه‌كان هێنده بۆمان نامۆن، له‌وه كه نازانین هێشتا بۆ پێكه‌وه بوون پێویست ناكات ببین به یه‌ک، پێویست ناكات له یه‌ک بچین، پێویست ناكات له یه‌کتریندا بتوێینه‌وه ... دڵته‌نگ ده‌بم كه هه‌ندێ جار كه‌سێک بـه پێـــــوانه‌كانی خۆی بۆ به‌خته‌وه‌ری، شاد بوون و باش بوون و ... من و ژیانی من هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ و حوكم له سه‌ر به‌خته‌وه‌ری یان به‌خته‌وه‌ر نه‌بوونی من ده‌دا. ته‌نیایی ناخۆشه، خراپ به‌ڵام نییه. له ته‌نیاییدا ده‌توانی هه‌روا ساكار بمێنییه‌وه، بێ ترسی ئه‌وه‌ی له‌ت له‌تت كه‌ن و هه‌ندێ له له‌ته‌كانت بێ سه‌روشوێن بێ! ته‌نیایی ناخۆشه، خراپ نییه. ته‌نیایی ده‌گه‌ڵ بێ كه‌سی فه‌رقی هه‌یه، ده‌زانی خۆ؟ "زندگی چیزی نیست كه لب تاقچه عادت از یاد من و تو برود" بۆ مانه‌وه، بۆ ویستنی ئه‌و ژیانه‌ی به‌رده‌وامه، بیانوو زۆرن. دار، گوڵ، باران، كتێبه‌كانم، سه‌فه‌ر، ئه‌وانه هه‌موو جوانن بۆیان ده‌ژیم! ده‌توانم هه‌ر لێره ڕا، له پشت ئه‌و شووشه پڕ له په‌ڵه‌ی ئاشپه‌زخانه ڕا، چاو له داره په‌ل ته‌زیوه‌كانی ده‌رێ بكه‌م و هه‌ست به ئارامی بكه‌م، ده‌توانم هه‌ر به بیستنی هه‌را هه‌رای ئه‌و منداڵه به‌دفه‌ڕانه‌ی گه‌ره‌ک كه هه‌زار تۆپه‌ڵه به‌فریان به دار و دیوار داداوه، بزه‌م بێته سه‌ر لێــــــــو، ده‌توانم له هه‌ڵمی لیوانه چاییه‌كه‌ی پێش ده‌ستم، نوقمی چركه‌ی "ئێستا" بم و هه‌ست به بوون بكه‌م... ! نا، من كه‌سم ناوێ وه‌ک بیانوو بۆ ژیان، یه‌كێكم ده‌وێ بـــــــــــۆ خۆشویستن! له خۆم ده‌پرسم "كه‌سێک كه نه‌توانی بێ ئه‌و بمێنییه‌وه؟!" بیر ده‌كه‌مه‌وه ئه‌رێ، كه‌سێک كه نه‌بوونی بۆشاییه‌ک بێ له ژیانما، كه‌سێک خـــــــۆم بتــــــوانم له لای گه‌وره بم، پێبگه‌م، بگــــــۆڕدرێم، باشتر بم و درووستتر بیر بكه‌مه‌وه. كه‌سێک ئه‌و شتانه‌ی من له خۆمدا خۆشمده‌وێن، خۆشی بوێن، ئه‌و شتانه‌ی من له خۆمدا ڕقم لێیانه، بتوانێ به‌رگه‌یان بگرێ. كه‌سێک له‌ت له‌تم نه‌كات، كه‌سێک به ته‌ما نه‌بێ سه‌ر له نوێ سازم كاته‌وه، كه‌سێک كه نه بمكات به هۆی ژیانی و نه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بێ ببێته تاقه هۆی ژیانم... كێ یان چی ده‌ڵێ ده‌بێ به كه‌متر له‌وه ڕازی بم؟! -- پێده‌كه‌نم! وه‌ک شتێک ده‌زانم چیم ده‌وێ!
Comments:
Post a Comment
|