February 26, 2006
به‌شی من ... به‌شی ئه‌و ... من و ئه‌و دوو خاڵی به‌رامبه‌ر یه‌كین. هاوته‌مه‌نین. له یه‌کساڵدا و به دوو سێ مانگ پاش وپێش له دایک‌بووین. من له شارێكی نه‌زۆر گه‌وره‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوڕاست و ئه‌و له شارێكی نه زۆر بچووكی باكوری ڕۆژئاوا. من، له‌یلا و ئه‌ویش، سارا. من و سارا هاوكات گه‌وره بووین. ڕه‌نگه یه‌كه‌م وشه و هه‌نگاوه‌كانی یه‌كه‌ممان هاوكات هه‌ڵگرتبێ. ڕه‌نگه به منداڵی هه‌ردووكمان به قه‌د یه‌ک ئاشقی بۆن و تامی گڵ بووین. هه‌ردووكمان هاوكات مه‌دره‌سه‌مان ده‌ست پێ كرد ... كه‌م‌كه‌م به‌ڵام ڕێگه‌ی من و سارا له‌یه‌ک جیابووه. من كه چوومه مه‌دره‌سه، هه‌موو ناوه‌كان له ناكاو گۆڕدران. ئاو بوو به "آب" و پشیله بوو به "گربه"، شووتی بوو به "هندوانه" و هه‌ر خوا ده‌زانێ چه‌نده‌ی گرت تا فێری گوتنه‌كه‌ی بووم. سارا به‌ڵام به زمانی شیرینی دایكی فێری شێعر و گۆرانی منداڵانه ده‌بوو و ده‌ستی ده‌خسته ناو ده‌ستی كچ و كوڕه هاوپۆله‌كانی و تێكه‌ڵی ڕیتمی مۆسیقا ده‌بوون و به سه‌ما و پێكه‌نین، پێكه‌وه‌بوونیان ده‌كرده به‌شێک له ژیانی خۆیان. من كه نۆ ساڵم بوو هه‌موو غه‌مم ئه‌وه بوو گرێی سه‌رپۆشه‌كه‌م شل نه‌بێته‌وه و گۆروای سپی له پێ نه‌كه‌م. سارا به‌ڵام بۆ هه‌ر وه‌رزه‌ی جلی تایبه‌تی ده‌كڕی و بۆ هه‌ر وه‌رزه‌ی كایه‌ی تایبه‌ت فێرده‌بوو. هه‌ر ئه‌و کاته‌ی من هێشتا نه‌مده‌زانی وڵات چییه و ئاڵا بۆ چییه و فێر ببووم بڵێم "مرگ بر آ‌مریکا" و فێر ببووم ئاگر تێبه‌ردانی ئاڵای "دوژمنانی ئیسلام" به شتێکی ئاسایی بزانم، سارا یه‌که‌م سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی کرد. ئه‌و کاته‌ی سارا شێعری منداڵانه فێر ده‌بوو من هه‌رچی سرودی شۆرشگێرانه بوو ده‌مزانی. ئه‌و ناوی گوڵه‌کان به زمانی خۆی فێرده‌بوو و من به‌س ده‌مزانی " لاله" گوڵێکی سووره و له خوێنی " شهیدان وطن" سه‌ر هه‌ڵده‌دا. سارا کتێبخانه‌که‌ی پڕ بوو له کتێب و کتێبه‌کانی من به‌ڵام تێکه‌ڵی هه‌موو کتێبه‌کانی تر، ته‌لیس ته‌لیس چاڵ ده‌کران. سارا فێر بوو هه‌موو ڕۆژێک به‌قه‌د ئه‌و ڕۆژه بژیت و من فێرکرام ئه‌وه‌نده له داهاتوو بترسم که ژیانی ئێستا و ئه‌مڕۆ له بیر بکه‌م. سارا فێرکرا بیر له خۆی و ویسته‌کانی بکاته‌وه و من فێر کرام له خۆم، له له‌شم و له ویسته‌کانم شه‌رم بکه‌م. به سارایان گوت شته‌کان ده‌بێ ته‌جره‌به بکرێن و به منیان گوت به ته‌جره‌به‌ی ئه‌وانی‌تر بژیم به‌سمه! گه‌وره‌تر بووین... سارا هه‌موو ڕۆژێ دوای مه‌دره‌سه، ده‌چوو بۆ كلاسی سه‌ما و یه‌ک دوو جار له حه‌فته‌دا ده‌چوو بۆ فوتبۆل، من هه‌موو ڕۆژێ ده‌گه‌ڵ منداڵه‌کانی گه‌ره‌ک له ژێرزه‌وی نه زۆر قایمی ماڵی ئامین خانم چاوه‌ڕێ ده‌ماینه‌وه "آژیر خطر" ته‌واو بێ. سارا که ده‌ستی کرد به فێربوونی زمانی دووهه‌م، له لای من مه‌دره‌سه نه‌بوو، کتێب نه‌بوو، نان نه‌بوو. ئاو نه‌بوو... ئیتر ئه‌و ساڵه‌ی من ده‌رسی شه‌ش مانگم، له ژێر دارتوویه‌که‌ی مه‌دره‌سه‌ی "هه‌تاو"، له مانگێکدا خوێند، یا ئه‌و ساڵه‌ی ته‌رمی خوێناوی شه‌پۆڵ و شه‌رمین و ده‌یان منداڵی تر ترسی دونیایان خستبوو دڵم، یان ئه‌و ساڵه‌ی که‌ماڵ ئیتر نه‌ما و دایکم به‌دوایدا توواوه، ئه‌و ساڵه‌ی کازم ده‌گه‌ڵ په‌نجاونۆ نه‌فه‌ره‌که له سێداره دران و من دیم " باج زڵه‌خا" گۆنای خۆی دڕنییه‌وه به سه‌ری خۆی داده‌دا، ئه‌و ساڵه‌ی خوسره‌و شه‌هید بوو و کاك ئومید له داردرا، ئه‌و کاته‌ی من چاوم له ده‌ستی گه‌وره‌کان ده‌کرد که "کوکتول مولوتوف"یان ساز ده‌کرد یان ده‌نگی ژێ‌سێ و کلاشینکۆف و بڕنۆ و خۆمپاره و بۆمبارانی میگه‌کانی عێراقیم ده‌ناسییه‌وه، نازانم سارا چی ده‌کرد ... ئیتر ئه‌و ده‌مه‌ی من و هاوڕێیه‌کانم فێر ده‌بووین هه‌موو شتێک به دزی بکه‌ین، که فێر ده‌بووین بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ی به دزی کردوومانه، درۆ بکه‌ین، فێر ده‌بووین هه‌موو ماناکان ورد که‌ین و به که‌مترین مانا ڕازی بین، نازانم سارا و هاوڕێیه‌کانی فێری چی ده‌بوون ... گه‌وره‌تر بووین ... من بووم به ژنێکی پڕ له ترسی ڕابردوو، تاسه‌ی ئه‌مڕۆ و خۆزگه‌ی پڕ له گومانی داهاتوو. ژنێک که زۆری خایاند تا بوێری ئاواتی گه‌وره‌ی بۆ خۆی و بۆ ژیانی هه‌بێ. سارا بوو به هه‌زار ئاواتی ڕه‌نگاوڕه‌نگی گه‌وره و بچووک... خۆزگه‌کانی من بچووک بوون، خۆزگه‌ی نه‌بوونی ئه‌و سه‌رپۆشه ڕه‌شه له نێوان قژی من و باران، خۆزگه‌ی پێکه‌نین، هه‌ست به تاوان نه‌کردن، نه‌ترسان، خۆزگه‌ی به ئاشکرا دڵداری کردن ... خۆزگه‌کانی سارا به‌ڵام سنووره‌کانی دابه‌زاندبوو. ساڵێک ژیان له چین و سه‌فه‌رێکی ده‌وری دونیا و مانه‌وه له هیند و گه‌ران له قاڕه‌ی ئه‌فریقا و ... ئێستا من، له‌یلا، خه‌ڵکی شارێکی نه زۆر گه‌وره‌ی ڕۆژهه‌لاتی ناوراست لێره‌م. له ته‌نیشت سارا، خه‌ڵکی شارێکی نه زۆر بچووکی باکوری ڕۆژئاوا دانیشتووم، له پشت مێزێکی قاوه‌یی. به سه‌رهاتی منداڵیمان، به‌سه‌رهاتی ژیانمان بۆ یه‌کترین ده‌گێرینه‌وه ... بۆ سارا شته‌کان ڕه‌ش و سپی نه‌بووه. سارا له سێبه‌ری خۆی قه‌ت نه‌ترساوه. سارا هیچ باوه‌ڕێکی به میرات پێ نه‌گه‌یشتووه. سارا بۆی هه‌بووه پرسیار بکات. سارا نازانێ شــــــه‌ڕ یانی چی. سارا تێناگات بۆ من ، دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه، هێشتا که ده‌ڕۆم چاو ده‌بڕمه عه‌رزی به‌ر پێم. سارا تێناگات بۆ من چاو له چاوی که‌س ناکه‌م. سارا نازانێ بۆ هێنده بۆ من گرنگه بڵێم کــــــوردم! بیرده‌که‌مه‌وه که‌ماڵ و کازم و خوسره‌و و ئومید و شه‌پۆل و شه‌رمین و ... بۆ چی کوژران؟ ئه‌و چاره‌نووسه کێ بۆمانی نووسی؟ ئه‌و برینانه قه‌ت سارێژ ده‌بنه‌وه؟ به‌شی من نه‌ده‌با زۆرتر بایه له‌و دونیایه؟ هه‌موو ئه‌و شتانه به‌شی سارا بوون؟
Comments:
Post a Comment
|