March 7, 2006
به بیانووی ڕۆژی ژن یان ڕه‌حمه‌تی خوا له‌وه‌ی پیرۆزبایی ئه‌م ڕۆژه له من ناكات! ئێمه ژنان هه‌موومان باش ده‌زانین ئه‌و زه‌خت و زۆرییه‌ی له سه‌رمانه،(کام زه‌خت و زۆری؟) تاوانی پیاو نییه. ئه‌وه به‌شێکی "چاره‌نووسه" و به‌شێكی زۆریشی خه‌تای خۆمانه، چونكه ئێمه‌ی ژن جنسمان به گشتی خراپه! و ئه‌وانه‌ی لێمان ده‌ده‌ن، ده‌ست درێژیمان لێ ده‌كه‌ن یان جاروبار"كه‌مێک" ده‌مانكوژن، خێروچاكه‌ی خۆمانیان ده‌وێ. هه‌مووی ئه‌وانه نیشانه‌ی خۆشه‌ویستیانه بۆ ئێمه‌ی زه‌عیفه. پیاوه‌كانی ئێمه، ئێمه‌یان هێنده خۆش ده‌وێ ته‌نانه‌ت "نامووسی" خۆشیان ده‌ده‌ن به ئێمه بۆیان هه‌ڵگرین و ئاگامان لێی بێت و بۆ ئه‌وه‌ی نامووسه‌كه‌یان زمانم ڵال خه‌وشه‌دار نه‌كه‌ین، بێ گومان مافی خۆیانه به داروگۆپاڵ و مست و شه‌پ و پێلاقه و هه‌ندێ جار شتی نوک تیژ بمانلاوێننه‌وه، هه‌رچی بێ، ئه‌وه نامووسی ئه‌وانه و له لای ئێمه‌یان داناوه! ئێمه‌ی ژن ده‌بێ به حه‌یا و نامووس بین و پێمان له به‌ڕه‌ی خۆمان درێژتر نه‌كه‌ین. دیاره هه‌ندێ جار كه‌مێک زه‌حمه‌ته چوونكه به‌ڕاست به‌ڕه‌كه زۆر بچووكه و هه‌رچی بكه‌ین و هه‌ر جۆرێكی بجووڵێینه‌وه، پێمان له به‌ڕه‌كه هه‌ر درێژتر ده‌بێت. به‌ڵام نابێ ناشوكری بكه‌ین، چونكه ڕۆژی هه‌شتی مارسی هه‌موو ساڵێک، یان ساڵ نا سالێک، یان هیچ نه‌بێ چه‌ند ساڵ جارێک، پیاوه‌كانمان له‌و كۆڕه‌ی به ناوی "ژن" ده‌گیرێ به‌شداری ده‌كه‌ن، دوو سێ قسه‌ی زل و زه‌به‌حیش ده‌بیستن و سه‌ری بۆ ڕاده‌وه‌شێنن و ته‌نانه‌ت، ئه‌گه سه‌ریان گه‌رم بێ، له‌وانه‌یه چه‌پڵه‌شی بۆ لێ ده‌ن و ئه‌گه خوا و سه‌دوبیست‌وچوار هه‌زار پێغه‌مبه‌ری یار بن و ئه‌گه ئێمه‌ی ژن ئه‌و ڕۆژه یان چه‌ند مانگ پێشتره‌كه‌ی خوێنی خۆمان تاڵ نه‌كردبێت، ئه‌وه شاخه گوڵێكی سووریشمان ده‌ده‌نێ. ئایا بۆ ئێمه‌مانه كه به زۆربه‌ی مافه‌كانی خۆمان گه‌یشتووین، چی ترمان له ژیان پێویسته جگه له‌و شاخه گوڵه سووره؟ ئێمه‌ی ژن نابێ هێنده خۆپه‌رست بین و هه‌ر له ژان و ئازاره‌كان بناڵین. ده‌بێ وه‌ک شێره‌ژنێک له خۆبوردووی نیشان بده‌ین و ددان به جه‌رگمان داگرین و چاوه‌ڕێ بین كوردستان ئازاد بێ، وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆمان هه‌بێ، شه‌ڕی ده‌سه‌لاتی "پیاوه‌كانمان" ته‌واو بێ، خاكه‌كه‌مان ئاوه‌دان بكرێته‌وه، پاره‌ی نه‌فه‌ته‌كه‌مان بێته‌وه گیرفانی خۆمان ... ببوورن، گیرفانی خۆیان و زمانی كوردی له‌و سه‌ربه‌قورییه ڕزگاری بێت و ... ئه‌وكات "به ویستی یه‌زدانی مه‌زن" پیاوه‌كانمان مافی ئێمه‌ش دابین ده‌كه‌ن و له كۆیله‌تی ڕزگارمان ده‌كه‌ن. به‌س ئێستا تا ئه‌و كات پشتی پیاوه‌كانمان نابێ به‌رده‌ین. هه‌ر ئه‌وه به‌سه بۆ ئێمه كه ئه‌وان مافی بڕیاردان له سه‌ر ژیان و له‌شی خۆیانیان هه‌یه و پێویست ناكات چاوه‌ڕی ئازاد بوونی كوردستان بن ... پیاوه‌كانمان گوناحن و نابێ توڕه‌یان بكه‌ین. ئێمه ژنان ده‌بێ ده‌ست له ده‌ستی یه‌ک، پیاوانه و شێرانه ده‌ست له پڕته و بۆڵه هه‌ڵگرین و لێیان گه‌ڕێین خه‌باتی سیاسی خۆیان بكه‌ن و شه‌وانه كه ئاغای ماڵ، ماندوو و مردوو له‌م خه‌باته، گه‌راوه به باوه‌شی ئاوه‌ڵاوه پێشوازی لێ بكه‌ین، شان و پیلی بشێلین، گۆره‌وییه‌كانی له پێ داكه‌نین و به هه‌ڵاتن بچین بیانشۆین. خواردنی به تامیان بۆساز بكه‌ین و ئه‌گه "زه‌وقیان" لێی بۆی نه‌ڵێین نا، كه نا گوتن بۆ ژنی به حیا و نامووس نه‌هاتووه و ڕه‌سولی خوا خۆی فه‌رموویه‌تی باشترین ژن له ئێوه ئه‌و ژنه‌یه قه‌ت به پیاوه‌كه‌ی نه‌ڵێ "نا" و منداڵی زۆری بێت و بۆنی خۆشی لێ بێ! جا ئه‌ی ژن بزانه و ئاگاداربه له سه‌رت فه‌رزه هه‌ر وا كه به جلی سپی ناردوویانی بۆ "سه‌ر ماڵ و حالی پیاوه‌كه" ئه‌وه ئاواش فه‌رزه له سه‌رت به كفنی سپی بێیه ده‌ر یان، ئه‌گه تا ئه‌و كات ئاگرت له خۆت به‌رنه‌دابێ، چاوه‌ڕوان بمێنه‌وه تاخۆی به دونیایه‌ک عیشق و خۆشه‌ویستی به شه‌پ و پێلاقه‌كانی خۆی ئاماده‌ی كفن له به‌ركردنت بكات. با ئه‌وه‌شت وه‌بیر بێنمه‌وه ئه‌گه پیاوه‌که‌ت ده‌ستت لێ به‌رز ناكاته‌وه، ئه‌وه هه‌مووی له "چاكه و پیاوه‌تی" ئه‌و "پیاوه‌یه"، ئیتر پێت وانه‌بێ تۆ خۆت مافی هیچ شتێکت هه‌یه. به‌م بۆنه‌یه‌ش له بیرت بێ هه‌موو ڕۆژێ نانێک بخۆی و یه‌كی بكه‌یه خێر! هه‌شتی مارسه، ڕۆژی جیهانی ژن. ژنانی زۆربه‌ی وڵاتانی تر هیچیان نییه كۆڕی شادی و هه‌ڵپه‌ڕكێی بۆ بگێرین، بۆیه به كۆڕ و سێمنار و پیاڵه‌یه‌ک شه‌راب ڕازی بوون، به‌ڵام ئێمه ژنی كورد زۆر شتمان هه‌یه بۆی "شاگه‌شكه" بین. ئێستاش هه‌ستن، ده‌ستێک به سه‌ڕورووی خۆتاندا بێنن و جلێكی به‌حه‌یا له‌به‌ر بكن و شۆخ و شه‌نگانه بچن بۆ كۆڕی هه‌ڵپه‌ڕكێی ئه‌وان یان ئه‌وان و له سه‌ره‌تا و كۆتایی هه‌ر گه‌رێک هه‌ڵپه‌ركێ، بڵێن "خوایه شوكرت!"
Comments:
Post a Comment
|