Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

March 17, 2006



خه‌ریكی نووسینی كارێكی زانكۆم و پێویستم به هه‌ندێ فه‌كت و ئه‌و لێكۆلینه‌وانه‌ی پێشتر له‌م باره‌وه كراوه، بوو و كاتی وا باشترین شوێن بێ گومان ئینترنێته. هه‌ر له‌و به‌دواگه‌رانانه‌دا بوو كه چاوم كه‌وته كۆمه‌ڵه‌یه‌کی كوردی به ناوی "پیاوانی كورد دژ به چه‌وسانه‌وه‌ی ژنان"، وه‌بیرم هاته‌وه چه‌ند ساڵ له‌مه‌و پێش هه‌ر لێره باسم كردن، ئاخر كه كۆمه‌ڵه‌كه‌یان ساز بوو ناویان هاته ناو مێدیا و ئێمه واین و ئێمه واده‌كه‌ینه‌كانیان زۆر دڵخۆشكه‌ر بوو. به‌ڵام منی ڕه‌شبین ئه‌و كات پێم وابوو ئه‌وانه له شوێنێک به شێوه‌یه‌ک مه‌به‌ستیان پاكانه كردن بۆ پیاوی كورده ئه‌ویش به دوای چه‌ند قه‌تڵی نامووسی لێره له ئوروپا و به ده‌ستی كوردان ... ئه‌مڕۆ كه ماڵپه‌ڕه‌كه‌یانم دی، زانیم ئه‌و ڕه‌شبینییه‌ی من- وه‌ک هه‌میشه- ڕه‌نگ و بۆنێكی ڕاستی هه‌ر هه‌بووه و ئه‌وانه هه‌ر له ساڵی دامه‌زراندنیانه‌وه تا ئێستا- له هه‌موو بواره‌كاندا- قه‌تیس ماونه‌ته‌وه. كاكه پیــــــــــــــرۆزه!

دیاره ده‌توانین ئاوا بیر بكه‌ینه‌وه كه هه‌ر به دوای سازبوونی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه، چه‌وسانه‌وه‌ی ژنان كۆتایی پێهات و هیچ ژنێكی كورد ده‌ستی له سه‌ر به‌رز نه‌بۆته‌وه. خوا شوكرت، كار هه‌ر له خۆت جوانه! هۆیه‌كی تری ده‌توانێ ئه‌وه بووبێ كه نه‌بوونی وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ هه‌ڵومه‌رجی كار و چالاكی له ئوروپا دژوار ده‌كاته‌وه، جا با ئه‌و ژنه كوردانه له ئوروپا بژین و له ئوروپا بكوژرێن. یان ده‌توانین ئاوای ببینین كه ئه‌وانیش وه‌ک زۆربه‌ی كۆڕ و كۆمه‌ڵه‌كانی كوردی، به‌ردی گه‌وره‌یان هه‌ڵگرتبوو و بۆیان نه‌هاویشتراوه. ئاخر ڕه‌نگه ویستبوویان هه‌موو "ژنانی جیهان" له چه‌وسانه‌وه ڕزگار كه‌ن و كه دیتیان كاری زۆره، به پێی فه‌ڵسه‌فه‌ی هه‌موو شتێک یا هیچ، نه‌یانویست بۆ ژنانی كوردیش هیچ كارێک ‌بكه‌ن. ده‌توانین ئاواش بیر بكه‌ینه‌وه كه ئه‌و پیاوه زۆر به‌ڕێزانه دیتیان ژنان خۆیان له سه‌ر مافه پێشێل كراوه‌كانیان زۆر سوورن و خۆیان، خۆیان ڕزگار ده‌كه‌ن، بۆیه ویستیان مه‌یدان بۆ ژنان چۆڵ ‌كه‌ن، ئاخر هه‌ر وه‌ک ده‌زانین ئه‌وه " گرفتی ژنانه" و پیاوان له‌م بواره‌دا هه‌رچی بیكه‌ن و كردوویانه، له گه‌وره‌یی و پیاوه‌تی خۆیان بووه. یان ئه‌وانیش هیوادار بوون كه حیزبه‌كان و ڕێكخراوه سیاسییه‌كان به تی‌ڤی و ڕادیۆ و گۆڤار و وتار و كۆڕ و كۆبوونه‌وه و خۆپێشاندان و ... كه‌مێک، هه‌ر كه‌مێک "ڕووخساری فێمینیستی" خۆیان تیفتیفه بده‌ن و وا بكه‌ن شته‌كه وه‌ک گرفتێكی كۆمه‌لایه‌تی ببیندرێ و به یارمه‌تی دروژمی زل و ڕواله‌تی ڕازاوه، كه خۆشیان هیچیان پێ ناكرێ، لانی كه‌م وا بكه‌ن خێرمه‌ندێک وه‌ک جۆرج بووش، "ڕێز و ئازادی" بۆ ژنانی كورد به دیاری بێنێ ... یان ده‌توانێ وا بووبێ كه ...

یانیش هه‌مان پاكانه كردن بۆ پیاوی كورد بووه و هیچی تر!




Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------