March 14, 2006
به‌ری ده‌ستم بۆنی ڕێحانی لێ دێ. هه‌ستێكی خۆشی نۆستالژیكم تێدا زیندوو ده‌كاته‌وه. هه‌ستێک كه ده‌توانم گرێی ده‌مه پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌و ڕۆژانه‌ی قهتاڵهیهكی سووری پلاستیكیم به ده‌سته‌وه بوو و به ناو بازاڕی سه‌وزی و میوه فرۆشی ناوشاردا ده‌گه‌ڕام و له‌و په‌ری ناشاره‌زایی خۆمه‌وه سه‌وزی و میوه‌م ده‌كڕی و یان له دووكانی قه‌سابی له نێوان كۆمه‌ڵێک ژنی به ته‌مه‌ن له ناو سه‌فدا چاوه‌ڕێ ده‌مامه‌وه نۆڕهم بێ و چه‌ند كیلۆ گۆشت بكڕم و بیبه‌مه‌وه ...ئای، یه‌كه‌مجار كه كفتهم ساز كرد به دیواریشت دادابا، هیچی لێ نه‌ده‌هات! به‌ری ده‌ستم بۆنی ڕێحانی لێ دێ. هه‌ستێكی خۆشی دووری له بیركراوم بۆ زیندوو ده‌كاته‌وه. ئه‌و پاش نیوه‌ڕوانه‌ی كۆڵێكم سه‌وزی له پێش خۆم داده‌نا بۆ پاك كردن و بابم له ترسی ئه‌وه‌ی زۆری فڕێ بده‌م، ڕووبه‌ڕووم داده‌نیشت و سه‌وزی ده‌گه‌ڵ پاك ده‌كردم، من ڕێحانهكان و ئه‌ویش گژنیز و ته‌ڕه تیزهكان... ڕه‌نگه ئه‌و كاتانه ته‌نیا ده‌رفه‌تێک بوو به دزییه‌وه چاو له چین و چروکهكانی ناوچاوان و قه‌لشتی سهرپهنجهكانی بكه‌م و له قووڵایی دڵمه‌وه خۆشمبوێ ... به‌ری ده‌ستم بۆنی ڕێحانی لێ دێ. .. ده‌مخاته‌وه بیری ئه‌و ڕۆژانه‌ی به وردی پیلانی چوونه‌ده‌ر له مه‌دره‌سه‌مان به‌رێوه ده‌برد، ده دوازده كه‌س له پێش ده‌رگا كۆ ده‌بوونه‌وه، ئه‌مجاره‌یان نۆره‌ی من بوو، ده‌رگامان كرده‌وه و من - زۆر جێیمز باندی- خۆم خسته ده‌ره‌وه. چووم بۆ نانهوهخانهی ئه‌و به‌ری كۆڵانه‌كه، شه‌ش نانی تازه و گه‌رم و پیالهیهک ماستم كری له سه‌ر كلاس به دزی بیخۆین! ئه‌و ڕۆژه ڕێحانمان له ناو نانی گه‌رم ده‌نا و ده‌مانكرده بابۆڵه و به ماسته‌وه ده‌مانخوارد ... من به گووڵاله سووره لێوم سوور ده‌كرد، شاشا قژی كۆ ده‌كرده‌وه و ڕێحانه ڕه‌شه‌ی ده‌خسته ناو قژی و پێده‌كه‌نی. به‌ری ده‌ستم بۆنی پێكه‌نینی شاشای لێ دێ!
Comments:
Post a Comment
|