March 5, 2006
through your lies I found my truth تا ئێستا: چه‌ند ساڵێكه هه‌ر كه ویستوومه سه‌فه‌ری ڕێگه‌ی دوور بكه‌م، هه‌موو خه‌می من ئه‌وه بووه چۆن تاقه گوڵدانه‌كه‌ی ماڵه‌كه‌م به ته‌نیا جێ بێڵم؟ هه‌موو ترسم ئه‌وه بووه به‌رگه‌ی ته‌نیایی نه‌گه‌رێ و وشک بێ... من باوه‌ڕم کردووه ژیان پڕه له نیشانه و گرنگ ئه‌وه‌یه بتوانی یا بته‌وێ په‌یوه‌ندی نێوان نیشانه‌كان و شته‌کان، ئه‌و جۆره‌ی که هه‌ن، بدۆزیه‌وه و ما‌نایان كه‌یه‌وه. گرنگ ئه‌وه‌یه بتوانی شته‌كان ئاوا كه هه‌ن ببینی، ئاسان نییه... من لاسارم. ئه‌وه‌ی خۆم باش ده‌زانم. هه‌ندێ جار ده‌توانم ڕاستییه‌كان بێنمه پێش خۆم، له ناشیرینی و تاڵی ڕوخساریان ورد بم به‌ڵام هه‌ر كۆڵ نه‌ده‌م. ده‌توانم ڕاستییه‌كان بێنم، ورد وردیان بكه‌م، به هه‌زار شێوه‌ی جیاواز له‌ته‌كان له ته‌نیشت یه‌كتر دانێمه‌وه، سه‌دان جار شوێن بگۆڕم و له گۆشه و سووچی تازه‌وه بڕوانه‌مه له‌ت و په‌ته‌كان و هه‌ڕ بڵێم " نا، ده‌کرێ، ده‌بێ بكرێ ..." من له ئاست خۆشه‌ویستی كوێر ده‌بم، هه‌میشه! خواكان خۆیان ده‌زانن ئێش و ئازاره‌كان له بێده‌نگی خۆمدا قوت ده‌ده‌مه‌وه و نامه‌وێ یا ناتوانم له باوه‌ڕم به خۆشه‌ویستی لابده‌م. من له ئاست ئه‌وانه‌ی خۆشم ده‌وێن ورد ده‌بم، هێنده ورد كه ئیتر خۆم نابینم، كه ئیتر نابیندرێم. ئه‌وانه‌ی ئازیزی منن ئه‌وه‌نده له لام گه‌وره ده‌بنه‌وه كه ئیتر هیچ شتێک جگه له بوونیان بۆم گرنگ نابێ ... من مرۆڤێكی به‌دبه‌ختم. باش یان خراپ، پێوانه‌م بۆ هه‌موو شتێک خۆشه‌ویستییه! من خۆشه‌ویستی تێكه‌ڵی هه‌موو شتێک ده‌كه‌م. ته‌نانه‌ت سیاسه‌ت، شه‌ڕ، دووری، غه‌ریبی. من هه‌ر به‌و زمانه‌ی كه ده‌گه‌ڵ كوڕیک كه خۆشمده‌وێ ده‌دوێم كه بۆ دڵته‌نگییه‌كانم بۆ كوردستان. من تا ئێستاش نه‌مهێشتووه مردن ببێت به مه‌ودای نێوان من و مردووه‌كان، دووری ده‌سته‌كان ببێت به له‌یه‌ک دابڕانی دڵه‌كان، نه‌مهێشتووه درۆكان، نامهێره‌بانییه‌كانی زیندووه‌كانی ده‌وروبه‌رم پڕم كه‌ن له قین. چاوه‌رێ ماومه‌ته‌وه، بووم به‌و دایكه دڵسۆزه‌ی درۆكانی جگه‌رگۆشه‌كه‌ی ده‌بیستێ، نامێهره‌بانییه‌كانی ده‌بینێ به‌ڵام پشتی تێناكات و ... بــــــــــــۆ؟ نازانم! ڕه‌نگه ئه‌وه‌ش ڕێگه‌یه‌ک بوو تا ڕۆنه‌چم.... تا نوقم نه‌بم ... ئـــــــــه‌مـــــــــڕۆ: بــــــــــــۆ من بوونی ئه‌و چه‌ند تاقه گوڵه زه‌رده‌ی گوڵدانه‌كه‌م، نیشانه بوو! به گوێ زۆر سه‌یره، ده‌زانم! ئێستا كه ده‌نگی بیره‌كانی خۆم ده‌بیستمه‌وه، خۆشم كه‌مێک به لامه‌وه شێتانه‌یه، به‌ڵام وابوو. ته‌نیا شتێک كه به هه‌ڵه‌چوو ئه‌وه بوو من نیشانه‌كانم ئه‌و جۆره‌ی خۆم ده‌ویست ده‌دیت نه ئه‌و جۆره‌ی هه‌بوون... ئه‌مڕۆ كه گوڵدانه‌كه‌م به ده‌ستی خۆم فرێدا، شتێک له ناخمدا رووخا. ژانی سه‌یر زۆر بوو، ده‌ستم له‌رزی و ته‌ڕی برژانكه‌كانم به پشت ده‌ست وشک كرده‌وه. دابران! به خۆم گوت ڕه‌نگه ژانی دابڕان ئاوا بێ! من مرێمی موقه‌ده‌س نیم. حاشا! ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت به باوه‌ڕی خۆم تاوان و گوناحه، كردوومه، زۆریش! له یه‌ک شت به‌ڵام دڵنیام قه‌ت به ناوی ئه‌وانه و به‌و که‌سانه‌ی خۆشمده‌وێن، به وشیارییه‌وه، بێ ڕێزیم نه‌كردووه. له شتێكی تریش دڵنیام، قه‌ت سه‌باره‌ت به هه‌ستم مامه‌ڵه‌م نه‌كردووه. كه كه‌سێکم خۆشویستووه به ڕاشكاوی باسم كردووه و كه كه‌سێكم نه‌ویستووه قه‌ت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆم ڕامنه‌گرتووه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه زۆر گران بۆم ته‌واو بووبێت ... كورد گوته‌نی "كه‌رایه‌تی" و "بێ ئه‌قڵی" سنووری هه‌یه. چ ئه‌وه‌ی به "كه‌ره كه‌ره" ده‌یباته پێش و چ ئه‌وه‌ی "به كه‌ری ده‌زانن" دره‌نگ یا زوو به خاڵی كۆتایی ده‌گات. ئه‌وه‌ی جێی ترس و داخه ئه‌وه‌یه "بێ شه‌رمانه درۆكردنی" هه‌ندێ كه‌س قه‌ت ته‌واوی نایه. هه‌ر ئه‌وانه‌ن وا ده‌كه‌ن هیچ شتێک بایه‌خی ئه‌وه‌نده‌ی نه‌مێنێت باوه‌ڕی پێ بكه‌ی یان رێزی بۆ دانێیت ... هیچ شتێک له‌مه ژانی زۆرتر نییه كه هه‌ست بكه‌ی ده‌بێ یاسای جه‌نگه‌ڵ ڕه‌چاو بكه‌ی، بۆ ئه‌وه‌ی بریندار نه‌بی و نه‌شكێی، بریندار بكه و بشكێنه! ژانی ئه‌مه‌ش زۆره که بیر له گیانله‌به‌رێكی دوو پێ بكه‌یه و به خۆت بڵێی " یانی ئه‌مه‌ش شایانی ناوی مرۆڤه؟" به خۆت بڵێ "بێ شه‌رمانه درۆكردن" پیشه‌ی كه‌سی تـرســـــه‌نـــــــۆكــــــــه! به خۆت بڵێ "تاڵترین تاڵترین تاڵترین شت ئه‌وه‌یه كه‌سێک وه‌ک باب، برا، خوشک، دۆستی نزیک، هاورێ و دڵدار و له ژێر ناوی خۆشه‌ویستی خه‌م ده‌ڕژێنێته گیانت و بریندارت ده‌كات!" من گه‌وره ده‌بم و پرسیاره‌كانم گه‌وره‌تر و دیسان به دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێم زۆرجار گرنگ پرسیاره‌كانن. هه‌ندێ جار گه‌یشتن به پرسیاره‌کان، دیتنه‌وه‌ی وڵامه‌کانه، به‌سه ئه‌گه به پرسیاره‌كه بگه‌ین، ئیتر پێویست ناکات خۆ سه‌رقاڵی دیتنه‌وه‌ی ولامێک بکه‌ین که ڕه‌نگه هه‌ر نه‌بێت!
Comments:
Post a Comment
|