April 2, 2006
: - جارێک، دوو جار... ده‌جار له ناو قسه‌كانیدا گوتی :" وڵاتی باب و باپیرانمان" ... دڵم گیــــــــــرا! ماندووم له بیستن و بیستن و بیستنی "ماڵی باب" و "وڵاتی باب و باپیران". ئه‌ی به‌شی من!؟ من وڵاتێكم ده‌وێ جێ پێیه‌كانی منیشی پێوه دیار بێت. وڵاتێک وڵاتی منیش بێت. مه‌گه من له سه‌ر بستێک خاكی ئه‌وێ له دایک نه‌بووم؟ مه‌گه من له ژێر ئاسمانی شینی ئه‌وێ، كه‌مێک نه‌گریاوم، كه‌مێک پێنهكهنیوم، كه‌مێک نه‌ژیاوم؟ مه‌گه له‌وێ نه‌بوو دڵم شكا؟ ئاخر مه‌گه خاكی ئه‌وێ نییه بۆنی ئه‌زیزی منی لێ دێت؟ - - - - - - - - - ده‌ڵێ " قه‌درتان زۆره!"، ده‌ڵێ "ژن فریشته‌ن!"، ده‌ڵێ " هێنده خۆشه‌ویستن به‌هه‌شتی خسته ژێر پێتان!" .... بیرده‌كه‌مه‌وه، چه‌ند جار، چه‌ند چركه به درێژایی ژیانم بۆم هه‌بووه به قه‌د بیره‌كانی خۆم بژیم؟ كه‌ی توانیومه خۆم بم؟ بێ هیچ ماسكێک، بێ هیچ خۆحه‌شار دانێک ... بیرم كرده‌وه كه‌ی، چه‌ندجار، توانیومه چه‌ند چركه‌یه‌ک بێ هیچ ترسێک بژیم... ده‌ستێک به سه‌ر شانه‌كانم دادێنم... نا، هیچ باڵیم نییه! مه‌گه فریشته‌كانی ناو چیرۆكه‌كانی ئه‌وان هه‌مووی باڵدار نین؟ مه‌گه فریشته باڵداره‌كان، حه‌وت حه‌وت و هه‌شت هه‌شت، له لێواری حه‌وزی شیر و هه‌نگوین دانه‌نیشتوون و پیاوێكی به‌خته‌وه‌ر نالاوێننه‌وه؟ ئاخر من نه حه‌زم له شیره و نه قه‌ت هه‌نگوین ده‌خۆم ... خۆ بالیشم نییه ... خۆزگه بۆ ڕۆژێک، نه بۆ دایک بوونم، نه بۆ فریشته بوونم، نه بۆ باڵای به‌رز و مه‌مكی خڕ و ناوقه‌دی باریكم ... به‌س بۆ ئه‌و شته‌ی هه‌م، ئه‌و جۆره‌ی هه‌م. به هه‌موو شادی و خهمهكانمهوه. به هه‌موو ترس و تاسهكانمهوه، به هه‌ست و بیر و ویستهكانمهوه ... خۆزگه بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ی ئه‌فسانه‌ی فریشته بوونی ژن له بیر ده‌كرێ. خۆزگه بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ی ژن ته‌نیا مرۆڤێكه و به‌س. مرۆڤێک كه ده‌توانێ باش بێ، ده‌توانێ خراپ بێ، ده‌توانێ تاوان بكات، ده‌توانێ ... خۆی بێت و به‌س. خۆزگه بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ی خۆبوون تاوان نییه... خۆزگه بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ی ژن ئیتر فریشته نییه!
Comments:
Post a Comment
|