Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

April 29, 2006



له‌عنه‌ت له من ...

قه‌زای ئه‌و كورده نازداره كه هه‌موومان سه‌رجه‌م هه‌م شاعیرین و هه‌م عاشق و هه‌م سیاسی و هه‌م مێژووناس و هه‌م ئه‌دیب و هه‌م ئه‌ده‌بناس، هه‌م ‌ڕه‌خنه‌ی سیاسی ده‌زانین و هه‌م شێعر لێكده‌ده‌ینه‌وه و هه‌م یارمه‌تی شاعیره‌كانمان ده‌ده‌ین شێعر بخوڵقێنن و ببن به شاعیری گه‌ل... (خۆت هه‌ندێ شتی تریشی پێوه نێ). بۆ بوونی هیچكام له‌وانه‌ش پێویست ناكات هیچی له سه‌ر بزانین، بۆ هیچ قسه‌یه‌كمان به‌ڵگه‌مان پێویست نییه، ته‌نانه‌ت پێویست ناكا ناوی خۆمان له ژێر وته‌كانمان بنووسین.... نااااا، كوردین ئاخر. چوونكه وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆمان نییه و چوونكه پارچه پارچه كراوین بۆمان هه‌یه هه‌موو شتێک به هه‌‌موو شێوه‌یه‌ک تێكه‌ڵ كه‌ین. كوردایه‌تییه ئیتر، نا؟

ماڵپه‌ڕه كوردییه‌كان له بازاری قه‌باكه‌ندی ده‌چن، هه‌‌‌ندێكیان ڕێک ده‌ڵێی له ڕووی بازاری "تاناكۆڕا" دارێشتراون، واته شت و متی كۆن به قه‌یمه‌تی هه‌رزان! مرۆڤی بیرته‌سک و هه‌ژار و ته‌نانه‌ت به ته‌ماح هه‌میشه هه‌ن. بازار، نا ببوورن ماڵپه‌ڕی وا قه‌ت بێ موشته‌ری نامێنێت. جا وه‌ک‌ بڵێی له جێیه‌ک به جۆرێک له ناخی خۆماندا هه‌ست به ژانی وژدان ده‌كه‌ین، هه‌ر كارێكی ده‌كه‌ین ناوی "خزمه‌ت به گه‌له داماوه‌كه‌مانی " لێ ده‌نێین. ماڵپه‌ڕ ساز ده‌كه‌ین، بێ گومان مه‌به‌ستمان خزمه‌ت به گه‌لی زوڵم لێكراوی كورده. وتاری بێ ناو و نیشان بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه، بۆ خزمه‌ت به مێژووی ئه‌و گه‌له به‌ستزمانه‌یه. ناوه‌ڕۆكی وتاره‌كان پڕن له بوختان و بێ ڕێزی و قسه هه‌ڵبه‌ستن و مۆر لێ ناوچاوانی یه‌كترین دان، ئه‌وه‌ش هه‌ر به مه‌به‌ستی خزمه‌ت به ئه‌و میلله‌ته چاره‌ڕه‌شه‌یه.

ڕادیۆ كوردییه‌كانیش له‌م تایبه‌تمه‌‌‌ندییه بێ به‌ش نین. ئه‌وانیش نه‌یانتوانیوه گوێگر له هه‌موو چین و تاقمێک بۆ خۆیان ساز بكه‌ن. ئه‌وه‌ی ده‌توانی له ڕووی ئه‌و كه‌سانه‌ی تله‌فوون بۆ ڕادیۆكان ده‌كه‌ن بزانی. لێكدانه‌وه و "تحلیل" نا، شی كردنه‌وه نا، ڕوون كردنه‌وه نا. فه‌لسه‌فه‌ی كار ئه‌وه‌یه: ئه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی وه‌ک ئێمه بیر ده‌كه‌نه‌وه، فه‌رموون "تریبوونی ئازاد". تا ئه‌و ڕۆژه‌ی به دڵی ئێمه قسه ده‌كه‌ن ئازادن هه‌رچی پێتان خۆشه به گوێی خه‌ڵكی داماوی هیچ نه‌زانی داكه‌وتووی گه‌له‌كه‌مان بگه‌یه‌نن. هه‌موو ڕووناكبیرن. هه‌موو هۆی هه‌موو به‌دبه‌ختییه‌كان ده‌زانن. هه‌موو ڕیشه‌ی دواكه‌ووتووی گه‌لیان دیتۆته‌وه. هه‌موو خۆ به "تاقه ناجی" میلله‌ت ده‌زانن. بێ گومان تاوانبار هه‌میشه كه‌سی به‌رانبه‌ره...

ئامۆزایه‌‌كی دوورم هه‌بوو - ئێستاش دیاره هه‌ر ئامۆزاییه‌كی دوورمه- هه‌ر له ته‌مه‌نی چوارده پانزده ساڵییه‌وه له ماڵ ‌هه‌ڵات چوو بوو به پێشمه‌رگه. گۆیا هۆی چوونه پێشمه‌رگایه‌تی ئه‌و به‌ڕێزه شه‌هید بوونی براگه‌وره‌كه‌ی بوو كه چه‌ند ماوه‌یه‌ک ‌بوو پێشمه‌رگه بووه. من نازانم - تێناگه‌م به ڕاستی- منداڵێكی چوارده پانزده ساڵه له سیاسه‌ت و حیزبایه‌تی و پێشمه‌رگایه‌تی و چه‌كداری چی ده‌زانێ، قه‌ت تێناگه‌م حیزبێک چۆن ده‌توانێ منداڵ وه‌ک هێزی نیزامی خۆی وه‌رگرێت و چه‌كی بداته ده‌ست، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به چاوی خۆم ده‌یبینم مرۆڤێكی شكاوه كه هیچ شتێک دوورتر له لووتی نابینێ. ئه‌وه‌ش شێوه‌یه‌کی خزمه‌ت كردن به گه‌ڵی لێقه‌وماوی كورده، نا؟ كه منداڵه‌كان به جێی ئه‌وه‌ی بیر و باوه‌ڕ و تێبیننیان په‌روه‌رده بكرێت چه‌كیان ده‌درێته ده‌ست. به منداڵی ده‌بنه هێزی نیزامی و به گه‌نجی داده‌بڕێن و به گه‌وره‌ ساڵی ئه‌گه بگه‌رێنه‌وه ناو بنه‌ماڵه و شار و زێده‌ی خۆیان پێیان ده‌گووترێ جاش و ئه‌گه نیشته جێی هه‌نده‌ران بن ده‌بنه ڕۆحێكی ماندووی كه مننه‌ت له سه‌ر هه‌موو كه‌س ده‌كه‌ن چوونكه بۆ خزمه‌ت به گه‌ڵ ئاواره‌ی هه‌نده‌رانن ... كه‌سیش بۆی نییه ڕه‌خنه له قسه‌یه‌ک یان كارێكیان بگرێ، چوونكه ئه‌وان خزمه‌تیان كردووه ...

كـــــوردین، بێ تاوانین! ئه‌گه قه‌تڵی نامووسی ده‌كه‌ین تاوانبار بێ گومان تورک و عه‌ره‌بن. ئه‌گه ژن و منداڵه‌كانمان ئاگر له خۆیان به‌رده‌ده‌ن بێ گومان تاوانبار ئیسلامه. ئه‌گه شه‌ڕی براكوژی ده‌كه‌ین تاوانبار به‌عسییه‌كان و مه‌لاكانن. ئه‌گه به فلانه كه‌س ده‌ڵێن جــــــــاش بێ گومان تاوانی خۆیه‌تی، بۆ وه‌ک ئێمه بیر ناكاته‌وه! ئه‌گه مۆری "پیس و خراپ و بێ ئه‌خلاق بوون" له ناوچاوانی فلانه كه‌س ده‌ده‌ین، تاوانی خۆیه‌تی، باوكی پیاوی باش نه‌بووه و دایكی له ناو بازار به ده‌نگی به‌رز پێكه‌نیوه...




ئه‌م پرسیاره دیسان له ناو زه‌ینمدا قوت بۆته‌وه: باشه گه‌لی كورد ئه‌و هه‌موو خزمه‌ت كاره‌‌ی هه‌یه بۆ هیچ به هیچ ناكات؟ تۆ بڵێی له شتێک به هه‌ڵه تێنه‌گه‌یشتبێین؟




Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------